سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لە شەشەمین ساڵیادی داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدی کوردانی ئێزدی په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لە شەشەمین ساڵیادی داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدی کوردانی ئێزدی په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌


سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لە شەشەمین ساڵیادی داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدی کوردانی ئێزدی په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌ و ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت: "له‌م یاده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانى بۆ دابینكردنى سه‌قامگیرى و گێڕانه‌وه‌ى ئارامى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شنگال و كردنى به‌ پارێزگا به‌رده‌وام ده‌بێت".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 3/8/2020، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: "ئه‌مڕۆ به‌ ئازارێكى قووڵه‌وه‌ یادى شه‌ش ساڵه‌ى جینۆسایدى ئێزدییان و كاره‌ساتى ش‌نگال ده‌كه‌ینه‌وه‌. به‌ ڕێز و شكۆوه‌ هه‌موو ئه‌و خوشك و برا ئێزدییانه‌مان به‌بیر ده‌هێنینه‌وه‌ كه‌ بوونه‌ قوربانیى تاوانكارییه‌كى بێهاوتاى تیرۆرستانى ‌داعش، هیچ كه‌سێك بڕواى نه‌ده‌كرد له‌ سه‌ده‌ى بیست و یه‌كدا مرۆڤایه‌تى جارێكى دى مه‌رگه‌ساتێكى وا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ هه‌موو جیهان شۆك ده‌كات، سڵاو و دروود بۆ گیانى پاكى قوربانیى كاره‌ساتى ش‌نگال و ته‌واوى خوشك برایانى ئێزدى".

باسى له‌وه‌ش كردووه‌: "شنگال كراوه‌ته‌ مۆڵگه‌ى چه‌كدارانى نایاسایى كه‌ بێباكانه‌ له‌سه‌ر برین و خه‌مى ئێزدییان خه‌ریكى به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌جێندا و به‌رنامه‌ى سیاسیانن".

نێچیرڤان بارزانى ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو: "سڵاو له‌ گیانى پاكى ئه‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ى به‌ سه‌رپه‌رشتیى ڕاسته‌وخۆى جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، شنگالیان ڕزگار كرد و له‌وپێناوه‌دا گیانیان به‌خشى، سوپاس و پێزانین بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ هاوكارییان پێشكه‌ش به‌ ئێزدییان كرد، خوشك و برایانى ئێزدى دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ دابینكردنى دادپه‌روه‌رى و داهاتوویه‌كى باشتر هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵیاندا ده‌بین".


ده‌قى په‌یامه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان:

ئه‌مڕۆ به‌ ئازارێكى قووڵه‌وه‌ یادى شه‌ش ساڵه‌ى جینۆسایدى ئێزدییان و كاره‌ساتى ش‌نگال ده‌كه‌ینه‌وه‌. به‌ ڕێز و شكۆوه‌ هه‌موو ئه‌و خوشك و برا ئێزدییانه‌مان به‌بیر ده‌هێنینه‌وه‌ كه‌ بوونه‌ قوربانیى تاوانكارییه‌كى بێهاوتاى تیرۆرستانى ‌داعش. هیچ كه‌سێك بڕواى نه‌ده‌كرد له‌ سه‌ده‌ى بیست و یه‌كدا مرۆڤایه‌تى جارێكى دى مه‌رگه‌ساتێكى وا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ هه‌موو جیهان شۆك ده‌كات. سڵاو و دروود بۆ گیانى پاكى قوربانیى كاره‌ساتى ش‌نگال و ته‌واوى خوشك برایانى ئێزدى.

له‌ كاتێكدا ئه‌م یاده‌ به‌ئازاره‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ هێشتا برینى خوشك و برایانى ئێزدیمان خوێنى لێ ده‌چۆڕیت و به‌ هه‌زارانیان له‌ كه‌مپه‌كانى ئاواره‌ییدا ده‌گوزه‌رێنن. شنگال و ناوچه‌كانى دیكه‌ى ئێزدییان هێشتا ئاوه‌دان نه‌كراونه‌ته‌وه‌ و زه‌مینه‌یه‌كى له‌بارى گه‌ڕانه‌وه‌ى سه‌قامگیرى و گێڕانه‌وه‌ى ژیانیان تێدا نییه‌. شنگال كراوه‌ته‌ مۆڵگه‌ى چه‌كدارانى نایاسایى كه‌ بێباكانه‌ له‌سه‌ر برین و خه‌مى ئێزدییان خه‌ریكى به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌جێندا و به‌رنامه‌ى سیاسیانن.

له‌م یاده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانى بۆ دابینكردنى سه‌قامگیرى و گێڕانه‌وه‌ى ئارامى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شنگال و كردنى به‌ پارێزگا به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق و ئیداره‌ى پارێزگاى مووسڵ هه‌موو هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌ك ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تیش كار ده‌كات تا به‌ هاوكاریى یووئێن و یوونیتاد ئه‌و تاوانه‌ به‌ جینۆساید ده‌ناسرێت و تاوانكاران ده‌درێنه‌ دادگا و قوربانییان قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه‌.

خوشك و برایانى ئێزدى به‌ هه‌زاران ساڵ له‌سه‌ر زێدى خۆیان بڕوا و ئایینى خۆیان پاراستووه‌ و هه‌میشه‌ هۆكارێكى گرنگ و كاراى كولتوورى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى بوون و بۆ هه‌میشه‌ هه‌روا ده‌مێننه‌وه‌. له‌م یاده‌دا جه‌خت له‌ قووڵكردنه‌وه‌ى ئه‌و كولتووره‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و هه‌موو پێكهاته ئایینى و نه‌ته‌وه‌یییه‌كان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ كوردستان به‌ لانكه‌ى ئارام و پارێزراوى هه‌مووان ده‌مێنێته‌وه، هه‌روه‌ها به‌ڵێنیش بۆ كه‌سوكارى ڕفێنراوان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ گه‌ڕان و ڕزگاركردنیان و هه‌وڵدان بۆ زانینى چاره‌نووسیان به‌رده‌وام ده‌بین.

سڵاو له‌ گیانى پاكى ئه‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ى به‌ سه‌رپه‌رشتیى ڕاسته‌وخۆى جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، شنگالیان ڕزگار كرد و له‌وپێناوه‌دا گیانیان به‌خشى. سوپاس و پێزانین بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ هاوكارییان پێشكه‌ش به‌ ئێزدییان كرد. خوشك و برایانى ئێزدى دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ دابینكردنى دادپه‌روه‌رى و داهاتوویه‌كى باشتر هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵیاندا ده‌بین.