لیژنەى تەندروستیى پەرلەمانى کوردستان راپۆرتێک لەسەر دۆخى نەخۆشخانەى رزگارى ئامادە دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لیژنەى تەندروستیى پەرلەمانى کوردستان راپۆرتێک لەسەر دۆخى نەخۆشخانەى رزگارى ئامادە دەکات

پەرلەمانتارێکى لیژنەى تەندروستى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند بەدواداچوون بۆ دۆخى نەخۆشخانەى رزگاریى شارى هەولێر دەکەن و راپۆرتێک لەسەر پێداویستى و کەموکوڕییەکانى نەخۆشخانەکە ئاڕاستەى پەرلەمان و حکوومەت دەکەن.

د.سەباح زێیارى، سەرۆکى لێژنەى کاروبارى تەندروستى و ژینگە و مافى بەکاربەر لە کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "دواى دەرچوونى فەرمانى سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانى لێژنەیەکى لێکۆڵینەوە بۆ نەخۆشخانەى رزگارى، ئەندامانى لیژنەى تەندروستى لە پەرلەمانى کوردستان سەردانى مەیدانیان بۆ نەخۆشخانەى رزگارى شارى هەولێر ئەنجامداوە، بۆ ئاگاداربوون لە دۆخى نەخۆشخانەکە و کەموکوڕى و پێداویستییەکانى ئەو نەخۆشخانەیە".

راشیگەیاند: " ئەندامانى فراکسیۆنەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ لە لیژنەى تەندروستى پەرلەمان، بەدواداچوونیان بۆ دۆخى نەخۆشخانەى رزگارى کردووە بۆ ئەوەى لە نزیکەوە دۆخی نەخۆشخانەکە ببینن و بە ڕاشکاوى بۆچوونى خۆیان لەسەر دۆخەکە بخەنەڕوو".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" هەفتەى داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەى دەوام بۆچوون و تێبینى سەرجەم ئەندامانى لیژنەى تەندروستى بە یەک راپۆرتى فراوان ئاڕاستەى هەردوو سەرۆکایەتى پەرلەمان و حکوومەت دەکەین، بە ئامانجى ئەوەى بتواندرێت ئەو پێداویستییانەى نەخۆشخانەکە هەیەتى دابین بکرێت".