یاسای قەیسەر بەسەر رۆژهەڵاتی فوراتدا جێبەجێ ناکرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

یاسای قەیسەر بەسەر رۆژهەڵاتی فوراتدا جێبەجێ ناکرێ

”رژێمی سووریا بەدەست یاساکەوە دەناڵێنێ“


ماوەی زیاتر لە مانگ و نیوێکە یاسای قەیسەر لەلایەن ئەمریکاوە وەکو سزایەک بەسەر سووریادا سەپێنراوە، بەڵام ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە) ئاماژە بەوە دەدات کە یاساکەی ئەمریکا، ڕۆژهەڵاتی فورات و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا ناگرێتەوە.


لە 20ی دیسەمبەری ساڵی 2019، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا "یاسای قەیسەر"ی واژۆ کرد، بەڵام مادە سەرەتاییەکانی یاساکە لە رۆژی 17-6-2020 لە سووریا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.


ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە ناوی سزای قەیسەرەوە سزای بەسەر 39 کەس و قەوارەی حکوومەتی سووریادا سەپاند، لە نێویاندا سەرۆکی ئەو وڵاتە بەشار ئەسەد و ئەسما ئەسەدی هاوسەریشی هەن.


هاوکات وەزارەتی دەرەوەی سووریاش لەمبارەوە رای گەیاند کە سووریا لە بەرانبەر سزا نوێیەکان، کە 39 کەس و قەوارە و لەنێویاندا بەشار ئەسەد و هاوسەرەکەی لەخۆدەگرێت، خۆڕاگر دەبێت.


لای خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" بڵاوی کردەوە ئامانج لە سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئەو کەس و قەوارانە، لە نێویشیاندا بەشار ئەسەد، بۆ ئەوەیە کە حکوومەتی سووریا لە سەرچاوەکانی پارەتەرخانکردن بێبەش بکات، ئەمەش وەکو هەوڵێک بۆ فشار خستنە سەر سووریا تاوەکو بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستانانەکان کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکرێت.


لای خۆیەوە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە بەئامانجکراوانی سزا سەپێنراوەکان لە چوارچێوەی "یاسای قەیسەر" بۆ پارێزگاریکردن لە خەڵکی سڤیل لە سووریایە، هەروەها پێشبینی کرد وڵاتەکەی لە ماوەی هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا سزای "زۆر زیاتر" بەسەر سووریادا بسەپێنێ.


یاسای قەیسەر لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە دەرکرا و دواتر دەسەڵاتی واژۆکردنی بە دۆناڵد ترەمپ درا بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.


یاساکە زیاتر بۆ سزادانی ئەو لایەنانەیە کە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی سووریا دەکەن و دەزگا سەربازیی و هەواڵگرییەکان بە ئامانج دەگرێت.


ناوی یاساکەش بۆ کەسێک دەگەڕێتەوە بە ناوی (قەیسەر) کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٤ وێنە و زانیاری لەبارەی ئەشکەنجەدانەکانی سووریا دزە پێکردووە.


زانیارییەکانی قەیسەر کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و رێکخراوی جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤیش ئەو کاتە داوای لێکۆڵینەوەی سەبارەت بەو وێنە و زانیارییانە کردبوو.


تاوەکو ئێستاش زانیارییەکانی قەیسەر لە مۆزەخانەی یادەوەری هۆڵۆکۆست لە ئەمریکا و لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش پارێزراون.


یاساکە کە بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنیی سووریایە، بەشێکە لە یاسای بڕیاردانی بەرگریی نیشتمانی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠ و بەپێی بڕیاری ١١٦-٣٣٣ی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، کە ئەنجومەنەکە لە ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ بڕیاری لەسەر دا.


هەروەکو چاوەڕوان دەکرا، چاودێرانی سیاسی پێیانوایە یاساکە زیانێکی گەورەی لە دەسەڵاتی سیاسی، سەربازی و ئابووری رژێمەکەی ئەسەد دەدات و رەهەندەکانی جێبەجێکردنی یاساکە لە ماوەی داهاتوو زیاتر دەردەکەون، بە جۆرێک رژێمی سووریا لە ژێر بەندی یاساکەدا دەناڵێنێت.


لەمبارەوە د.کاوە عەزیزی ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، (ئەنەکەسە) بۆ (باسنیوز) رای گەیاند بێگومان یاسای قەیسەر کاریگەری گەورە دەخاتە سەر رژێمی دیمەشق و ناچاری دەکات بۆ سەر مێزی دانوستان، گوتیشی “هەر لە ئێستاوە کاریگەریەکانی دەرکەوتوون و ئەو کاریگەریانە دۆخی سووریا بەرەو خراپتر دەبات، بەڵام یاساکە لە رۆژهەڵاتی فورات و رۆژئاوای کوردستان جێبەجێ ناکرێت”.