بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە: چاکسازیی نێو وەزارەتی پێشمەرگە قۆناغى باشى بڕیوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە: چاکسازیی نێو وەزارەتی پێشمەرگە قۆناغى باشى بڕیوە

بەرپرسێکى وەزارەتى پێشمەرگە رایگەیاند چەند لیژنەیەکى هاوبەش پێکهێندراون بۆ جێبەجیکردنى بڕگە و ماددەکانى پڕۆسەى چاکسازیى و لە کارەکانیان بەردەوامن، بەڵام ئەنجامدانى چاکسازیى کاتى پێویستە.

لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگرى سوپاسالاری وەزارەتى پێشمەرگە بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "بە ئامانجى جێبەجێکردنى بڕگە و ماددەکانى پڕۆسەى چاکسازیى، چەند لیژنەیەکى هاوبەش لەسەر ئاستى وەزارەتەکانى پێشمەرگە و ناوخۆ و دارایی، پێکهێندراون و تائێستا چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە بۆ بەکردەییکردنى پڕۆسەى چاکسازیى لە وەزارەتى پێشمەرگە".

راشیگەیاند: "ئەو بابەتانەى چاکسازییان تێدا دەکرێت لە وەزارەتى پێشمەرگە بریتین لە گواستنەوەى دۆسیە و مووچەى خانەنشینانى پێشمەرگە بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتى گشتى خانەنشین لەوەزارەتى دارایى، یەکخستنەوەى سەرجەم ژمێریارییەکان لەوانەش ژمێریارییەکانى یەکەى 70 و 80 و کۆکردنەوەیان لە بنکەى وەزارەت، رێکخستنەوە و پێداچوونەوەى پاسەوانانى کەسایەتییەکان و دام و دەزگاکان و گواستنەوەیان بۆ سەر وەزارەتى ناوخۆ، چونکە نابێت هیچ پاسەوانێک بمێنێت سەر بە وەزارەت یان یەکەکانى 70 و80".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" رێکخستنەوەى میلاکى وەزارەتیش یەکێکى دیکەیە لە چاکسازییەکان، هەرچەندە ئەنجامدانى پڕۆسەى چاکسازیى قۆناغى باشى بڕیوە و لیژنەکان رەشنوسیان ئامادە کردووە، بەڵام پێویستى بەکاتێکى زیاتر هەیە، چونکە گواستنەوەى میلاک لە وەزارەتێک بۆ سەر وەزارەتێکى دیکە کاتی دەوێت".