بەڕێوەبەرى ئاوى هەولێر: ئاستى ئاوى ژێر زەوى لە هەولێر زیاتر لە پار دابەزیوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەڕێوەبەرى ئاوى هەولێر: ئاستى ئاوى ژێر زەوى لە هەولێر زیاتر لە پار دابەزیوە

بەڕیوەبەرى ئاوى هەولێر رایگەیاند بە بەراورد بە ساڵى رابردوو ئاستى ئاوى ژێر زەوى لە سنوورى هەولێر دابەزیوە و لە هەندێ گەڕەکی هەولێر بە 350 مەتر قوڵکردن ئینجا دەگەینە ئاوی خواردنەوە.

ژمارەیەکى زۆرى بیرەکان بەهۆى دابەزینى ئاستى ئاویان بۆڕى زیاترمان بۆ شۆڕ کردوونەتەوە.

ئارى ئەحمەد، بەڕێوەبەرى ئاوى هەولێر بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "بە هۆى دابەزینى ئاستى ئاوى ژێر زەوى ژمارەیەک بیر ئاوەکانیان کەمى کردووە و کێشەى کەم ئاوى لە چەند گەڕەکێک دروست بووە، چونکە بەراورد بە ساڵى رابردوو ئاستى ئاوى ژێر زەوى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر دابەزیوە، بۆیە بە ناچارى ژمارەى بیرەکانمان لە ناو گەڕەکەکان زیاد کردووە".

راشیگەیاند: "دابەزینى ئاستى ئاوى ژێر زەوى کارى کردووەتە سەر رێژەى ئاوى زیاتر لە 40 بیر، ئەم بیرانە ئاوەکانیان کەمى کردووە بۆیە بە ناچارى چەندین مەتر بۆڕیمان شۆڕکردووەتەوە ناخى زەوى بۆ ئەوەى ئاستى ئاوى ئەو بیرانە بگاتە ئاستى پێشتووتریان".

روونیشىکردەوە: "بە گشتى ئاستى ئاوى ژێر زەوى دابەزیوە و ئاستى قوڵى بیرەکانیش لە شوێنێک بۆ شوێنێکى دیکە جیاوازە و لەنێوان 150 بۆ 350 مەتردایە، بۆ نموونە لە گەڕەکەکانى باشوور و رۆژئاواى هەولێر بە 150 مەتر دەگەینە ئاوێکى باش، بەڵام لە گەڕەکەکانى باکوور و رۆژهەڵاتى هەولێر بە 350 مەتر دەگەینە ئەو ئاوەى کە مەبەستمانە".

ئەوەشى خستەڕوو" زۆربوونى باخچەى ماڵان و کەمبوونەوەى کارەباى نیشتیمانى و زۆربوونى خواستى هاووڵاتیان بۆ ئاو لەم وەرزەدا، بووەتە هۆى کەمبوونەوەى ئاو و دروستبوونى گرفت لە چەند شوێنێکى شارى هەولێر".