كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بە ژمارە.. سەرمایەدارانی جیهان لە کاتی کۆرۆنا سامانێکی زۆریان کۆ کردووەتەوە

راپۆرتێکی رۆژنامەی (میرۆر)ی بەریتانی دەریخست، کە چوار لە سەرمایەدارانی جیهان، لە سەرتای رێکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ و کەرەنتینە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، 144 مليار جونەیهی ئیستەرلینی (184 مليار دۆلار)یان دەست کەوتووە.

رۆژنامە بەریتانییەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە جيف بيزۆس، دامەزرێنەری (ئەمازۆن) بووە بە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان، دوای ئەوەی 10 مليار جونەیهی ئیسترلینی لە تەنیا یەک رۆژدا دەست کەوتووە. بەمەش سامانی بیزۆس گەیشتە 149 مليار جونەیهی ئیستەرلینی، واتە 190 مليار دۆلار، لە کاتێکدا، کە سامانەکەی لە مانگی ئازار تەنیا 89 مليار جونەیهی ئیستەرلینی بوو.

رۆژنامەی (میرۆر) زیادبوونی سامانی بیزۆسی بۆ بەرزبوونەوەی پشکەکانی ئەمازۆن گەڕاندەوە بە رێژەی 8%، جگە لە زیادبوونی داواکاریی لەسەر بازاڕکردن لەڕێی ئینتەرنێتەوە، لە کاتی قەدەغەی هاتوچۆ و کەرەنتینە لە جیهان.

بەڵام سامانی ئیلۆن ماسک، سەرۆکی جێبەجێکار لە کۆمپانیای (تسلا)، گەیشتە 59 مليار جونەیهی ئیستەرلینی، لە کاتێکدا لە مانگی ئازاری رابردوو لە 19.7 مليار جونەیهی ئیستەرلینی تێنەدەپەڕێ.

ماسک لە پلەی پێنجەمی لیستی دەوڵەمەندترینەکانی جیهاندا جێی گرتووە، زیادبوونی سامانەکەی بۆ بەرزبوونەوەی پشکەکانی کۆمپانیایەکە دەگەڕێتەوە، کە لە مانگی ئازارەوە گەیشتە %279. بەهای (ماسک) ئێستا گەیشتووەتە 230 مليار جونەیهی ئیستەرلينی، واتە گەورەترە لە بەهای فۆرد و فیراری و جەنەڕاڵ مۆتۆرە و بی ئێم دەبلیویە پێکەوە.

 سەبارەت بە مارک زوکربێرگ، سەرۆکی جێبەجێکاری فەیسبووکە، سامانەکەی گەیشتە 72 مليار جونەیهی ئیستەرلینی، ئەمەش بەرزبوونەوەی بە بەهای 29 مليار تۆمار کردووە، لە کاتێکدا لە مانگی ئازاری رابردوو لە 43 مليار جونەیهی تێنەدەپەڕی.

زیادبوونی سامانی زوکربێرگ دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی پشکەکانی (فەیسبووک) بە شێوەیەکی گەورە لە کاتی کەرەنتینەکاندا، بەتایبەت لەکاتی زیادبوونی داواکاریی گەورە لەسەر پێگەکانی دیکەی وەک (ئینستگرام و واتساپ و مەسنجەر)،

هەروەها سامانی بیل گیتس، ملیاردێری ئەمریکی و دامەزرێنەری کۆمپانیای (مايكروسوفت) بۆ 93 مليار جونەیهی ئیستەرلينی بەرز بووەوە، لە کاتێکدا لە مانگی ئازاری رابردوو 77 مليار بوو.

زیادبوونی سامانی گیتس بەهۆی پێشکەوتنی کارەکانی دوایی (مايكروسوفت)ەوە بوو، کە بەهاکەی گەیشتووەتە نزیکەی 1.3 تريليۆن جونەیهی ئیستەرلينی.