گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگرانی کوردستان ڕای گەیاند بەنیازن ژوورێکی تایبەت بە زێڕ لە ھەرێمی کوردستان دابمەزرێنن کە بەھۆیەوە دەبینە خاوەن یەدەگی زێڕ و کەلێنێکی باشی ئابووریی وڵات پڕ دەکاتەوە.
ھەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگرانی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ھەرچەندە ھەرێمی کوردستان سەندیکای زێڕنگرانی ھەیە، بەڵام ناتوانێت تەواوی کاروباری ھاوردە و ھەناردە و مۆڵەتپێدانی زێڕنگران بەڕێوە بببات".
گوتیشی: "ژووری تایبەت زێڕ لە وڵاتە پێشکەوتوو و ئابوورییەکان لە دوای سەرچاوەی یەکەمی داھات، سەرچاوەی دووەمە و بەھۆیەوە دەتوانرێت کاری کڕین و فرۆشتنی زێڕ ئەنجام بدرێت و وڵاتەکە ببێتە خاوەن یەدەگی زێڕ و لەکاتە پێویستەکان سوودی لێ ببینێت".
باسی لەوەش کرد: "بەھۆی نەبوونی ئەو ژوورەوە تا ئێستا وەک ھەرێمی کوردستان ھیچ بڕە زێڕێکمان وەک یەدەگ نییە کە دەمانتوانی لە کاتی ھاتنەپێشی قەیرانی دارایی سوودی لێ وەربگرین.
گوتەبێژی سەندیگای زێڕنگران ڕوونیشی کردەوە: "کە ھەرچەندە بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ھەرێمی کوردستان خاوەن زێڕی خاوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ کۆمپانیایەک نەھاتووە داواکاری پێشکەش بکات بۆ پشکین و دەرھێنانی ئەو زێڕە، بۆیە نازاندرێت کە لەو ڕووە دەوڵەمەندین، یان بەو شێوەیە نییە کە ئێمە پێشبینی دەکەین".
ھەندرێن وەرتی ئاشکراشی کرد: "داواکاریی دروستکردنی ژووری زێڕیان داوەتە پارێزگاری ھەولێر و لەوێشەوە پشتگیرییان کراوە و ئەوەی ماوەتەوە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانە".