سەبارەت بە گۆڕانکارى لە بەشە خۆراکى مانگانەى هاووڵاتیان روونکردنەوە دەدرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەبارەت بە گۆڕانکارى لە بەشە خۆراکى مانگانەى هاووڵاتیان روونکردنەوە دەدرێت

بەڕێوەبەرى گشتى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى رایگەیاند ئەنجامدانى گۆڕانکاریى لە بەشە خۆراکى مانگانەى هاووڵاتیان پێویستى بە تەرخانکردنى بڕەپارەیەکى زۆرە و ئەمەش دەبێ لە پەرلەمانەوە بڕیارى لەسەر بدرێت.

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەرى گشتیی وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى حکوومەتى هەرێمی کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "سەرۆکوەزیرانى عێراق بڕیاریداوە گۆڕانکاریى لە بەشە خۆراکى مانگانەى هاوولاتیاندا بکات، ئەگەر مەبەستی بێ گۆڕانکارییەکە لە کوالێتى ئەو ماددە خۆراکییانەى ئێستا هەن ئەنجام بدەن،ئەوا پێویستى بە بودجەیەکى زۆر نییە بەڵام ئەگەر مەبەستی بێ ماددە خۆراکییەکان زیاد بکەن وەک ئەوەى بڵاوکراوەتەوە، ئەوا پێویستى بە بودجەیەکى زۆر هەیە".

راشیگەیاند: "ئەو بودجەیەى ئێستا بۆ کڕینى بەشە خۆراکى مانگانە تەرخانکراوە بڕێکى کەمە و خۆراکێکى کوالێتى نزمى پێ دەکڕن، زیادکردنى ئەو بەشە بودجەیەش پێویستى بە ڕەزامەندى پەرلەمانى عێراق هەیە، ئەمەش بۆ ئێستا کارێکى ئاسان نییە چونکە بودجەى ساڵى 2020 تائێستا لەپەرلەمان پەسەند نەکراوە و بەپێى بودجەى ساڵى 2019 مامەڵەى لەگەڵ دەکرێ".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" ئەو ماددە خۆراکییانەى ئێستا لە بریکارەکانەوە دابەش دەکرێ کوالێتیی نزمە و زۆرینەى هاووڵاتیان ئەو خۆراکانە بە نرخێکى کەم دەفرۆشنەوە و سودی لێوەرناگرن، بۆیە پێویستە گۆڕانکاریى لە کوالێتى ئەو ماددانەدا بکرێت، چونکە ئەو هاووڵاتیانەى هەژارن و داهاتى مانگانەیان کەمە، ناچارن ئەو ماددانە بکار بێنن".