ئێران متمانەی بە سەرکردە شیعییەکانی عێراق نامێنێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئێران متمانەی بە سەرکردە شیعییەکانی عێراق نامێنێت

چاودێرێکی سیاسی: کوژرانی قاسم سولەیمانی لینکی پەیوەندییەکانی پچڕاندووە

ئێران متمانەی بە سەرکردە شیعییەکان و بەتایبەتی سەدر و مالیکی نامێنێت و چاودێرێکی سیاسیش ئاماژە بەوە دەدات لە دوای کوژارنی قاسم سولەیمانی لینکی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران لەگەڵ سەرکردە شیعییە عێراقیەکان لاواز بووە.

میدیاکا عەرەبییەکان و میدیای عێراقی ئاماژەیان بەوە داوە کە ئێران متمانەی بە سەرکردە شیعییەکان لە عێراق لاواز بووە، بەتایبەتی نووری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر. کە پێشتر وەکوو دوو سەرکردەی بەهێزی عێراقی لەلایەن ئێرانەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا.

لەمبارەوە، دڵشاد میران، دیپلۆماتکار و چاودیری سیاسی، بۆ (باسنیوز) رای گەیاند، لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، لینکی پەیوەندییەکانی ئێران بە سەرکردە شیعییەکان لاواز بووە و سلێمانی رۆژانە و بەردەوام و مەیدانی لەناو سەرکردە شیعییەکان بوو، بەتایبەتی ئەوانەی لە ئێران بوون لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراق و هاوسۆزییان بۆ ئێران هەبووە، گوتیشی: "هەر لە سەرەتاوە ئێران متمانەی بە سەدر نەبووە، چونکە موقتەدا سەدر سیاسەتی جیاوازی لە سەرکردەکانی شیعە بۆ ئێران هەبووە، مالیکی و سەرکردەکانی دیکەش لەگەڵ ئەوەی خۆیان لە گۆڕەپانەکە پاشەکشەیان کردووە (ئێران)یش وەکوو پێشتر متمانەی پێیان نەماوە، جگە لەوە خۆشیان نایانەوێ لەم قۆناغە کە ئێران لە عێراق بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە کە لاواز بووە ئەو هەژموونەی وەکوو پێشوو بەسەریانەوە بێت، چونکە ئەمریکاش ئێستا فشارەکانی بەسەریانەوە زۆر زیادی کردووە".

ئەو چاودێرە پێشی وایە: "ئێستا ئەو لایەنە شیعیانە کە بوونەتە خاوەن پارە و هێز، جۆرێک دەیانەوێ خۆیان لە ئێران دوور بخەونەوە و دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیان کەوتوون، ئەوەش یەکێکە لە هۆکارە جەوهەرییەکان و ئەوەی تێبینی دەکرێت ئێستا هەڵوێستی جیاواز لە نێوان لایەنە شیعییەکان لەسەر ئێران هەیە، بە شێوەیەک هیچ مەرجەعیەتێکیان نەماوە کە بیانبەستێتەوە بە ئێران، تەنانەت جیاوازی و دابەشکاری کەتووەتە نێوان ئەو هێزانەی کە بە لینکی حەشدی شەعبییەوە گرێ درابوون بە ئێرانەوە، ئەوەش هەمووی پەیوەندیی بەو دۆخە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەوە هەیە کە ئێستا ناوچەکەی بە گشتی گرتووەتەوە".