خانمه هونه‌رمه‌ندێكی شاری كه‌ركووك به‌نیازی كارێكی جیاوازه و باس له‌و ئاسته‌نگانه ده‌كات، كه وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك له كه‌ركووك دێنه به‌رده‌می.
ڕووبار ڕه‌شید کاکه‌یی، وه‌ک یه‌که‌م ئافره‌تی کاکه‌یی و یه‌که‌م که‌س گۆرانییه‌کی به زاراوه‌ی ماچۆ که تایبه‌ته به کاکه‌ییه‌کان تۆمار کرد، گۆرانییه‌که باس له‌و کاره‌ساتانه ده‌کات که له ساڵی 2003وه به به‌رده‌وامی کاکه‌ییه‌کان به ده‌ستی گرووپه تیرۆریستییه‌كان شه‌هید ده‌کرێن، که‌چی حكوومه‌تى عێراق بێده‌نگه و نایانپارێزین.
له‌مباره‌یه‌وه ڕووبار ڕه‌شید کاکه‌یی به (باس‌نیوز)ى ڕاگه‌یاند: "به‌داخه‌وه چه‌ندین جار به‌شێوه‌ی فه‌رمی داوامان له هێزه‌کانی عێراق کرد بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی به‌شێک له کلیپی گۆرانییه‌که له قه‌برسانی عه‌لی سه‌رایی کاکه‌یی له شارۆچکه‌ی داقووق بگرین، که‌چی ڕێگریان لێ‌کردین".
گوتیشى: "گۆرانییه‌که ئاوازی فۆلکلۆری کاکه‌ییه، شیعره‌که‌ی له‌لایه‌ن یاسر عادل کاکه‌یی نووسراوه، ئاراس ڕه‌فعه‌ت كارى دابه‌شکردنی ده‌نگ و تۆماركردنى گۆرانییه‌كه‌ى كردووه.
ئه‌و خانمه هونه‌رمه‌نده باسى له‌وه‌ش كرد: "لێره‌وه زۆر سوپاسی هونه‌ر دیلۆن ده‌که‌م که وه‌ک خۆبه‌خش کاری ده‌رهێنه‌ر و وێنه‌ی کلیپه‌که‌ی بۆ کردین، هه‌روه‌ها میوزکژهنهکانیش کاکه‌یین و به‌خۆبه‌خشی کاریان تێدا کردووه".