بابەکر زێباری: ئەو هێزەی بەناوی شەڕی داعشەوە چووەتە کفری سەنگەرەکانی دیکەی چۆڵ کردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بابەکر زێباری: ئەو هێزەی بەناوی شەڕی داعشەوە چووەتە کفری سەنگەرەکانی دیکەی چۆڵ کردووە

"داعشی ئێستا خەڵکی عێراقن و لەوانەی پێشوو مەترسیدارترن"

سوپاسالاری پێشووی عێراق رای دەگەیەنێت، هێزە عێراقییەكان و سوپای عێراق کە پێویستە لە زۆر میحوەری شەڕی داعشدا بن، کەم بوونەتەوە و هێزێکی زۆریان لێ براوەتە کفری کە ئەوە گومانی لە بوونی ئەو هێزە لەو ناوچەیە دروست كردووە.

بابەکر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق، لەمبارەوە بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "میحوەری شەڕ زۆرە، ئەگەر سوپای عێراق مەبەستیەتی شەڕی داعشی تێدا بکات، بە هەمان شێوەی کفری و بگرە زیاتریش پێویستترن".

ڕوونیشیی كردەوە: "داعش بە هێزێکی زۆرەوە لە عێراق دەركەوتووەتەوە، بە تایبەتیش لە ناوچەکانی قەرەچووغ و مەخموور و مووسڵ کە دەکرێ ئەو ژمارە زۆرەی سوپای عێراق کە براونەتە کفری، لەو ناوچانە بن و پارێزگاری لە ژیانی خەڵکی بکەن، نەک لە یەک شوێن کۆ بکرێنەوە کە هەر ئەوەش گومانی زیاتر کردووە، لە کاتێکدا کە بە هەماهەنگیی وەزارەتی پێشمەرگەش نەهاتوون".

بابەکر زێباری، جەختی لەوەش کردەوە: "داعش تاکتیکی بۆ شەڕی پارتیزانی گۆڕیوە، بە شێوەیەک بە شەو چەندین ناوچەی لەبەردەستدایە کە ئەو ناوچانە پێویستییان بە سوپای عێراق و هێزە عێراقییەكانە، چونکە داعش ئێستا هەیە و مەترسیدارترە لەو داعشەی پێشتر، چونکە ئەوانەی ئێستا بە شەو ناوچەکان دەخەنە ژێر کۆنترۆڵیان و بە رۆژیش چەکەکانیان دەشارنەوە و دەچنە سەر کارەکانیان و دەبن بە باخەوان و بەقاڵ و کار دەکەن. ئەو داعشەی ئێستا تەواو خۆماڵین و خەڵکی عێراقە لەبەر ئەوە لە هەر کاتێکدا مەترسیی زیاترە لەوەی پێشتر کە هەبوون".

پێشتر (باسنیوز) ئاشكرای كرد كە هێزێكی عێراقی بە هەماهەنگی لەگەڵ دژە تیرۆری یەكێتی هاتوونەتە ناوچەی گەرمیان و هەوڵی جێگیربوون دەدەن.

هەر لە چەند ڕۆژی رابردوودا مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی یەكەی حەفتای پێشمەرگە و ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی رای گەیاندووە، دژە تیرۆری یەكێتی كە لەژێر دەسەڵاتی لاهوور جەنگی دایە، ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كردووە.

هەر لەمبارەیەوە سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە رای گەیاندووە كە ئەوان هیچ ئاگایەكیان لەو ڕێككەوتنەی نێوان “دژە تیرۆری سلێمانی و هێزەكانی عێراق نییە” و تەنانەت ئاشكرای كردووە كە وەزیری پێشمەرگە لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕێككەوتنەكەی پێ ناخۆش بووە.