مستەفا چاوڕەش: ڕێككەوتنێك لە نێوان دژە تیرۆر و هێزێكی عێراقی كراوە بەڵام من ئاگادار نەبووم
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مستەفا چاوڕەش: ڕێككەوتنێك لە نێوان دژە تیرۆر و هێزێكی عێراقی كراوە بەڵام من ئاگادار نەبووم

فەرماندەی یەكەی حەفتای پێشمەرگە كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە رای گەیاند، ڕێككەوتنێك لە نێوان دژە تیرۆری سلێمانی و هێزێكی عێراقیدا كراوە، بەڵام ئەو ئاگاداری نەبووە.

مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی یەكەی حەفتای پێشمەرگە رای گەیاند: ”ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ی كه‌ ئه‌نجام درا، دیاره‌ ڕێكه‌وتنێك كرابوو، من خۆم ١٠٠٪ ئاگاداری نه‌بووم، چوار میحوه‌رمان هه‌یه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ی كه‌ من لێپرسراوم، له‌وێ هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سوپای عێراق، ئێمه‌ و ئه‌وان دانیشتووین، له‌باتی ئه‌وه‌ی كه‌ شه‌ڕه‌ تفه‌نگ بكه‌ین، ڕێكه‌وتنێكمان كردووه‌ كه‌ ١١ كیلۆمه‌تر له‌ نێوان ئێمه‌ و ئه‌واندا بێت، لێپرسراوی میحوه‌ره‌كان ڕێكه‌وتنیان له‌سه‌ر كردووه‌“.

هەروەها باسیشی لەوە كردووە كە دژە تیرۆر لەگەڵ هێزەكانی عێراق ڕێككەوتنێكی كردووە و چەند ئۆپەراسیۆنێكی ئەنجام داوە كە ئەو ڕێككەوتنەكەی بە ئەرێنی وەسف كردووە.

ئەوەشی بۆ بەشی كوردیی (دەنگی ئەمریكا) ئاشكرا كردووە كە ئێستا مەترسی ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزەكانی ناوچەكەدا هەیە و دەڵێت: ”ئه‌و نه‌فه‌سه‌ی كه‌ عێراق هه‌یه‌تی، له‌م كاته‌ هیچ پێویست ناكات، ئه‌گه‌ر شه‌ڕی داعشه‌ ئه‌وه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ی لای خۆیانه‌، ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ ئێمه‌ی لێین، نه‌مانهێشتووه‌ داعش بێنه‌ پێشه‌وه”.

لە لایەن خۆیەوە حەسەن بارام، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی پێشووی خورماتووی یەکێتی، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ئەو ناوچانەی کە پێشتر داعشی لێبووە، ئێستا پێشمەرگە و سوپای عێراق جموجۆڵی تێدا دەکەن، ئەوان هەندێكجار لەو ناوچەیەوە دێنە پێشەوە بۆ پاراستنی ناوچەکە و جاری وا هەیە پێشمەرگە دەچێتە پێشەوە. گوتیشی: ”لەو سنوورە بۆشایی هەبووە، لەو بۆشاییە سوپای عێراق جموجۆڵی کردووە نەک بڕینی سەنگەرەکانی پێشمەرگە، ئەوەی هەیە ئەوەیە کار بۆ ئەوە دەکرێ لەو ناوچانە هێزی هاوبەش و ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دروست بکرێت”.

پێشتر سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاندبوو كە بەبێ ئاگاداریی وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، دژە تیرۆری سلێمانی لەگەڵ هێزەكانی عێراق ڕێككەوتووە و هەر خۆیشی بەرپرسیارێتییەكە لە ئەستۆ دەگرێت.

هەر لەمبارەیەوە دوێنێ چوارشەممە ١٥ی تەمووزی ٢٠٢٠، ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ئەو هێزەی هاتوون لە هەندێك شوێندا هێڵی ٣٦یان بڕیوە و نیازی جێگیربوونیان هەیە، لە كاتێكدا لە ساڵی ١٩٩١ەوە تا ئێستا، هیچ هێزێكی عێراقی نەیتوانیوە لە دیوی باكووری ئەو هێڵە نیشتەجێ ببێت.