كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

کۆمەڵە شێعری یادی پیرۆز چاپ و بڵاو کرایەوە

کۆمەڵە شێعری "یادی پیرۆز" کە چوارەم کۆمەڵە شێعری ئاکۆ ئەلیاسی ئەدیب و شاعێری خەڵکی ناوچەی "دەشتی زەهاو"ی کرماشانە لە دووتوێی 254 لاپەڕە و بە ئەژماری 500 دانە لە چاپخانەی "شەهاب لە هەولێر چاپ و بڵاو کرایەوە.

کاری ڕازاندنەوە و دیزاینی بەرگ و ناوەرۆکی "ئاراس ئەکرەم" کردووەیە.

یادی پیرۆز، هەروەک خودی شاعێری لە سەر بەرگیدا نووسیویە "کۆمەڵە شێعرێکی بەرگری و شۆڕشگێڕییە"، 47 پارچە شێعری لەخۆ گرتووە کە ناوەرۆکی ئەم شێعرانە زیاتر پرژاونەتە سەر لایەنی ئەدەب و شێعری بەرگری و شاعێر لە گۆشەنیگای حەماسە و بەرخودان و خەباتی پێشمەرگانەوە لەگەڵ شێعر دەستەملان بووە.

لەم کۆمەڵە شێعرەدا خودی شاعێر بە پێشەکییەک لەژێر ناوی "یادی پیرۆز" باسی پرسی ئەدەب و شیعری بەرگری و ئامانج و پێگەی شیعری بەرگری و شۆڕشگێڕانە و هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەم کۆمەڵە شیعرە و هەڵبژاردنی ناوی "یادی پیرۆز" دەکات.

عادڵ ئەلیاسی، ناسراو  بە (ئاکۆ ئەلیاسی) لە ساڵی ١٣٤٨ی ھەتاوی (١٩٧٠)ی زایینی، لە ئاوایی "ئەلیاسی خەلیفە حوسێن" لە (دەشتی زەھاو)ی سەر بە پارێزگای کرماشان لەدایک بووە.

- لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، لە سەردەمی شەڕی ئێران - عێراق، لە پاییزی ساڵی ١٩٨٠ەوە، ئاوارە و پەڕیوەی عێراق، هەرێمی کوردستان و ئەورووپا بووە.

- لە تەمەنی گەنجێتییەوە دەستی بە خوێندنەوە و چالاکیی ئەدەبی کردووە و لە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە بە فەرمی دەستی بە نووسینی شیعر کردووە.

 - یەکەم شیعری لە تەمەنی ١٩ ساڵی و لە گۆڤاری "لاوان"ی "ئۆرگانی یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران" لە بناری چیای قەندیل، چاپ و بڵاو بووەتەوە.

- ساڵی ١٩٩٢، یەکەم نامیلکە شیعری بە ناوی " چوار گڵۆپ" لە  سلێمانی، لە چەندین نوسخەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

- لە بەشێک لە گۆڤار و بڵاوکراوە کوردییەکانی ئەوکاتی عێراق، وەک: "ڕۆژنامەی  ھاوکاری، پاشکۆی عێراق، ئاسۆ، گۆڤاری کاروان و ڕەنگین" شیعر، پەخشان و بابەتی ئەدەبیی بڵاو بووەتەوە.

- لە ساڵی ١٩٩٣، یەکێک لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانی گۆڤاری "بانگەواز" بووە کە لە ئۆردووگای ڕوومادی چاپ و بڵاو دەبووەوە.

- لە ساڵی ١٩٩٥ەوە، نیشتەجێی وڵاتی سویسە و لێرەش، لەگەڵ زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکانی دەرەوەی وڵات هاوکاریی هەبووە و شیعر و بابەتی ڕەخنەی و ئەدەبی بڵاو کردووەتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە، یەکێک لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری "ژیار"ە بووە لە سویسرا.

 تا ئێستا، چوار کۆمەڵە شێعری بەناوەکانی (چوار گڵۆپ، سۆزی شاعیرانە، پاییز بە بۆنی گەڵاوە و یادی پیرۆز) لە سوید و کوردستان چاپ و بڵاو کردووەتەوە.

- سێ ڕۆمانی لە ئاڵمانییەوە وەرگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی، کە ھێشتا چاپ نەبوون. جگە لەوانەش، کۆمەڵە شێعرێکی شاعێرانی ناسراوی "ئەڵمانی سویسرای و نەمساوی"ی لە زمانی ئەڵمانییەوە کردووە بە کوردی و ئامادەی چاپە.

- سێ کۆمەڵە شێعری دیکەی ئامادەی چاپ و بڵاوکردنەوەن.