كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دەقی وتاری مەسرور بارزانی لە كاتی دانانی بەردی بناغەی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، رایگەیاند، بەڵێنی دروستکردنی شەقامی 100 مەتریی سلێمانییان کردە کردار.

ئەمڕۆ شەممە 11-7-2020، لە سلێمانی بەئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتریی شارەکە دادەنرێت.

مەسرور بارزانی لە وتەیەکدا، کە لە رێوڕەسمەکە پێشکەشی کرد، رایگەیاند، لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، بەڵێنی بەڵێنی بونیادنانی ژێرخانی هەرێمی کوردستانیان داوە و بەڵێنەکەشیان بردە سەر.

دەقی وتارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

بەناوی خوای گەورە

خوشك و برایانی بەڕێز

ئامادەبووانی هێژا

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵتان بەشدارم بۆ دانانی بەردی بناغەی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی كە یەكێكە لە پڕۆژە هەرە ستراتیژییەكانی حكوومەتی هەرێم بە تایبەتی بۆ شاری خۆشەویستی سلێمانی.

خۆشەویستانی ئەم شارە شایەنی ئەم پڕۆەژەیە و زۆر پڕۆژەی گرنگتریشن. بەڵێنی ئەوەمان داوە خزمەتكاری خەڵكی خۆمان بین و لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم كابینەیە بەڵێنی بونیادنانی ژێرخانی هەرێمی كوردستانمان داوە كە یەكێكیان ڕێگاو بانەكانە.

سوپاسی خەڵكی كوردستان و گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان دەكەم.

راستە ماوەیەكی زۆرە قسە لەسەر ئەم پڕۆژەیە كراوە، بەڵام لەم كابینەیە دوای ئەوەی خوێندنەوەیەكی زانستییانە بۆ پڕۆژەكە كرا و بە گوژمەیەكی گونجاوتر پڕۆژەكە ئامادە كرا، بەڵینەكەمان كردە كردار و ئەمەش دەبێتە دەستكەوتێكی گەورە بۆ هەموو خەڵكی كوردستان.

ئێمە بەڵێنی خزمەتگوزاریمان بە بێ جیاوازی بۆ هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان داوە.

بەداخەوە تووشی چەندین قەیرانی ئابووری و دواتریش بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بوین كە لە زۆر رووەوە ڕێگری كرد لە كارەكانی حكوومەت، دەستپێكردنەوەی ئەم پڕۆژەیە ئاماژەیە بۆ جددییەتی ئێمە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخەكە.

حكوومەتی ئێمە حكوومەتێكی خزمەتگوزارە. لێرەوە سوپاسی هەموو كابینەكە و كاك قوباد، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەكەم كە وەك یەك تیم بە ڕۆحێكی بەرزی خزمەتگوزارانە هاوكاری یەكتر بووین.

راستە لە حزب و لایەنی جیاوازدا هاتووین و حكوومەتێكی ئیئتیلافیمان پێكهێناوە، بەڵام هەستم بەوە نەكردووە كابینەكەمان حزبی بێت، بەهیچ شێوەیەك وەزیری حزبمان لە حكوومەت نییە، هەموومان بەبێ جیاوازی خزمەتگوزاری خەڵكین.

ئەم ڕۆحیەتە وای لێكردووین كە تیمێكی كاریگەرمان هەبێت و مونسەجیم بن تاوەكوو پێكەوە بتوانین زیاتریش خزمەتی ئێوەی خۆشەویست بكەین.

ئێمە بەردەوام دەبین تاوەكوو ڕووبەڕووی ئەم قەیرانانەش ببینەوە، ئەوەی لە تواناشماندا بێت بۆ ئەوەی ئەم جۆرە پڕۆژانە لە كاتی پێویست جێبەجێ بكەین.

ئەم قەیرانە ئابوورییەی تووشی بووین لە ئەنجامی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتە لە جیهان كە هەرەسی بە ئابووریی زۆر وڵات هێناوە، ئێمەش لێی بەدەر نین، هەوڵمانداوە خۆمان لەگەڵ ئەم دۆخە بگونجێنین. ئەمەش وایكردووە كە هەندێك پرسیار دروست ببێت، چونكە باسی پرۆسەی چاكسازیشمان كردووە، با پرۆسەی چاكسازی لەگەڵ ئەم قەیرانە تێكەڵ نەكرێت. سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان دەكەم كە لەگەڵمان وەستان و پشوودرێژ بوون، بەتایبەتی لە بابەتی دواكەوتنی مووچە، بەڵام هەندێكجار هەست دەكەم خوێندنەوەیەك دەكرێت لە خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی دارایی و بابەتی چاكسازی. ئێمە لە خۆگونجاندن بەردەوام دەبین، هەنگاوی باشمان ناوە و شتی باشمان كردووە و ئەنجامەكانیشی دیارن، ئەگەر بەشێك لەم چاكسازییانە نەبوایە رەنگە نەمانتوانییایە هەندێك لەو شتانەی ئێستەش دەیكەین، نەكرێت.

كەمبوونەوەی داهات و حكوومەتی عێراقیش بە نەناردنی بودجە وایكرد ئێمە تووشی گرفت بین لە پێدانی مووچە لە كاتی خۆی. ئەوانەی دەڵێن دەستكاریكردنی مووچە بەشێكە لە چاكسازی، ئەمە وانییە و چاكسازی پرۆسەیەكی دیكەیە. ئەوەی مەجبووربووین دەستكاری موچە بكەین، بۆ خۆگونجاندن بووە لەگەڵ ئەو بڕە پارەی لەبەردەستدا بووە. لە چاكسازی دارایی و ئیداریش بەردەوام دەبین. هەوڵمانداوە داهات زیاد بكرێ و خەرجی كەم بكرێتەوە، بەڵام ئەمە پرۆسەیەكی دوور و درێژە و لەوانەیە بە شەو و ڕۆژێك كۆتایی نەیەت.

سوپاسی تێگەیشتنی هاووڵاتییانی خۆشەویست دەكەم كە هاوكارمان بوون و تێدەگەن ئەم قەیرانە دەستكردی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكوو زۆربەی وڵاتان رووبەرووی بوونەتەوە. دڵنیام بە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژانە و بە هاوكاریی هەموو لایەك دەتوانین زووتر ڕووبەڕووی كێشەكان ببینەوە و ژێرخانی ئابووریی كوردستان باشتر دروست بكەین و هەلی باشتر بۆ پێشخستنی دۆخی ئابووری لە هەرێمی كوردستان بێنینە كایەوە.

هیوادارم بتوانین بە یەكەوە ئەم قەیرانانە تێپەڕێنین و ڕووبەڕووی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببینەوە.

داوا لە بەڕێزتان دەكەم پابەندی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی و پارێزگاكان بن.

جێی خۆیەتی سوپاسی بەڕێز پارێزگار و حكوومەتی خۆجێیی سلێمانیش بكەم كە سەرەڕای ئەو هەموو گرفتەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، زۆر خەمخۆرانە لەگەڵ خەڵكی سلێمانی وەستاون و ئەوەی پێیانكرا بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان و پاراستنی خەڵكی شاری سلێمانیی خۆشەویست، درێغییان نەكردووە، بە دڵنیاییەوە حكوومەتی هەرێم پاڵپشت و پشتیوانیان دەبێت.

دەزانین هەندێك لە خەڵكی دەیانەوێت دەسەڵاتەكان بۆ پارێزگاكان شۆڕ ببێتەوە، ئێمە لە بەرنامەی حكوومەتیشدا ئاماژەمان بەم خاڵە كردووە.

تكا لە هاووڵاتیان دەكەم بۆ خۆپاراستنیان پابەندی ڕێنماییەكان بن و مەترسیی پەتاكە بە سیاسی نەكەن. تكا دەكەم خۆشەویستانی كەرتی تەندروستی و هەموو ئەو فەرمانبەرانەی بۆ پاراستنی ژیانی ئێوە خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، ئەمەتان لەسەر شان بێت. حكوومەت ڕێكارەكانی دیارە و ئێستا زۆربەی ئەركەكە لە ئەستۆی خەڵكە، دەبێت خەڵك خۆی و كەسوكارەكانیشی بپارێزێت. دڵنیام دوای زاڵبوون بەسەر پەتای كۆرۆنا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەرێمی كوردستانیش پێ دەنێتە قۆناغێكی نوێوە، بۆ ئەمەش پێویستیمان بە هاوكاریی هەمووتان هەیە.