عێراق ئابووریی لوبنان دەبووژێنێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

عێراق ئابووریی لوبنان دەبووژێنێتەوە

حکوومەتی عێراق سەرەڕای ئەو قەیرانە ئابوورییەی تووشی بووە، ئابووریی لوبنان دەبووژێنێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 11-7-2020، رۆژنامەی (ئەلجومهورییە)ی لوبنانی بڵاوی کردووەتەوە، کە رێککەوتنەکەی نیوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی لوبنان، ”لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا“ جێبەجێ دەکرێت.

هەروەک رۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، عێراق نەوتی خۆی بە نیوەی نرخی بازاڕ بە لوبنان دەفرۆشێ و پارەی ئەو نیوەیەی وەریشی دەگرێ، بە قیستی درێژخایەن لە لوبنانی وەردەگرێت.

رۆژنامە لوبنانییەکە لە زاری سەرچاوەیەکی حکوومییەوە باسی ئەوەی کردووە، کە رێککەوتنەکەی حکوومەتی لوبنان و عێراق بەشێکی ئابووریی لوبنان دەبووژێنێتەوە.

پێدانی نەوت لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بە لوبنان بە نیوەی نرخی بازاڕ و قستی درێژخایەن لەکاتێک دایە، عێراق بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و پەتای کۆرۆنا، تووشی قەیرانێکی سەختی دارایی بووە و خۆی قەرز لە بانکە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەکات.

پێشتر رۆژنامەی (ئەلمەدا)ی عێراقی بڵاوی کردبووەوە، کە بەهۆی پێدانی نەوت بە لوبنان لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە، قەیرانێکی دیکە لە عێراق دروست دەبێت و لەکاتێکدا عێراق خۆی لە قەیراندایە، نابێت هاوکاریی لوبنان بکات.

هەروەک رۆژنامە عێراقییەکە بڵاوی کردبووەوە، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی وڵاتەکەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لوبنان رێککەوتووە لەسەر پێدانی نەوتی رەشی عێراقی لەبەرامبەر وەرگرتنی کەلوپەلی کشتوکاڵی و پیشەسازی.

لایەن و کەسایەتییە سیاسییە عێراقییەکان پێیانوایە پێدانی نەوت بە حکوومەتی لوبنان جۆرێکە لە هاوکاری بۆ حکوومەتی ئەو وڵاتە، کە تووشی قەیرانێکی سەختی دارایی و ئابووری بووە.