گرێبەستی ئابووریی تورکیا و ڤەنزوێلا دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گرێبەستی ئابووریی تورکیا و ڤەنزوێلا دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە

توركیا دیسان ئەمریكا تووڕە دەكات

لە ٢٠١٨ توركیا و ڤەنزوێلا رێككەوتنێكیان واژۆ كرد تا پەرە بە پەیوەندیی ئابووری نێوان ئەو دوو وڵاتە بدرێت، لە مانگی ٨ی ئەمساڵیش گرێبەستەكە بە كردار دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئیدی پەیوەندیی توركیا و فەنزوێلا دەچێتە قۆناغێكی‌تر.

ژۆرگی ئاریازە وەزیری دەرەوەی ڤەنزوێلا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی لە گرنگیی ئەو رێككەوتنە ئابوورییەی ڤەنزوێلا و توركیا كرد و ئاماژەی دا كە هەردوو وڵات كاری باشیان كردووە تا ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بكرێت كە پێشتر قسەی لەسەر كراوە.

ئەو گوتی: "هەر دوو وڵات لەڕووی ئابوورییەوە هەنگاوی باشمان ناوە. ئەو رێككەوتنە ناوی نانرێت ئابووری و بازرگانیی سەربەخۆی نێوان دوو وڵات، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو دوو وڵاتە هیچ دژایەتییەكی یەكتری ناكەن، بۆیە لەڕووی ئابوورییەوە یەكتری تەواو دەكەن و بەرهەمەكانیان بۆ یەكتری دەنێرن".

ئەو سوپاسی رەجەب تەییب ئەردۆغانی كرد، كە رۆڵێكی باشی هەبووە تا ئەو دوو وڵاتە گرێبەستی ئابووری لە نێوانیاندا واژۆ بكەن و بچێتە واری جێبەجێكردنەوە.

بە گوێرەی رێككەوتنەكە هیچ بەرهەمێكی توركیا لە ڤەنزوێلا باجی لێ وەرناگیرێت و بە پێچەوانەشەوە بەرهەمی ڤەنزوێلا لە توركیا باجی نایەتە سەر.

ئاژانسی "ئەنادۆڵوو" بڵاوی كردووەتەوە، ئامانجی ئەو دوو وڵاتە بۆ ئەوەیە تا ٢٠٢٣ رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان توركیا و ڤەنزوێلا بگاتە یەك ملیار دۆلاری ئەمریكی، كە ئێستا ساڵانە٤٠٠ ملیۆن دۆلارە.

ئەمریكا سزای ئابووریی بەسەر ڤەنزوێلادا سەپاندووە و بە هیچ شێوەیەك نابێت هیچ وڵاتێك بازرگانیی ئاڵتوون لەگەڵ ڤەنزوێلادا بكات، چونكە ئەو وڵاتە دەوڵەمەندە بە ئاڵتوون، بەڵام توركیا گوێی بە ئەمریكا نەداوە و گرێبەستەكەی دەخاتە واری جێبەجێكردنەوە و ئەمەش ئەمریکای تووڕە کردووە.

بەشی تورکیی ئاژانسی (BBC) لەمبارەوە توركی بڵاوی كردووەتەوە، تەنیا لە ساڵی ٢٠١٩ توركیا بە بڕی ٩٠٠ ملیۆن دۆلار ئاڵتوونی لە ڤەنزوێلا كڕیوە و لە بەرامبەردا توركیا شیر و خواردەمەنیی پێویستی بۆ ڤەنزوێلا ناردووە، بەڵام ئاڵوگۆڕەكە بە نهێنی بووە.

یەكێك لە مادەكانی ئەو رێككەوتنەی توركیا و ڤەنزوێلا كڕینی ئاڵتوونی ڤەنزوێلایە لەلایەن توركیاوە، بەڵام لەبری ئەوەی پارە بداتە ڤەنزوێلا، خواردنی پێویستی بۆ دەنێرێت كە ڤەنزوێلا زۆر پێویستی پێیەتی.

بە گوێرەی بۆچوونی بەشێكی لە چاودێرانی سیاسی، بەهۆی نزیكبوونەوەی توركیا لە ڤەنزوێلا، پەیوەندیی نێوان ئەمریكا و توركیا گرژی تێ دەكەوێت و دوور نییە ئەمریكا سزا بەسەر توركیا بسەپێنێت.