دەزگای لووتکە: بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێکی کۆچبەران لە تورکیا 60 کەس خنکاون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دەزگای لووتکە: بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێکی کۆچبەران لە تورکیا 60 کەس خنکاون

"هیچ هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستانیان تیدا نییە"

سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕای دەگەیەنێت بەلەمێکی کۆچبەران بە 60 سەرنشینەوە لە  تورکیا ژێرئاو کەوتووە و سەرجەمیان خنکاون.

ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند "دوای سێ ڕۆژ لە دیارنەمانی کۆمەلێک کۆچبەر کە نزیکەی ٦٠ کۆچبەر بوون لەنێو دەریای واندا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن هێزی دەریاوانی تورکیاوە تەرمی ٦ کۆچبەریان دۆزراونەتەوە".

گوتیشی "نوێنەرایەتیی دەزگای لەوتکە لە تورکیا راسپێردراوە کە کاری پێوست لەسەر ناسنامەی ئەو کۆچبەرانە بکات".

ڕوونیشی کردەوە: "هیچ کۆچبەریک لەو ڕووداوەدا ڕزگارى نەبووە و سەرجەميان خنکاون و تاکوو ئێستاش بەلەمەکە لە دەریاکەدا بە نەدۆزراوى ماوەتەوە و تیمە فریاگوزارییەکان و پۆلیسى دەریاوانیى تورکیا بەردەوام لە گەڕاندان بە شوێن تەرمى کۆچبەران و بەلەمە نقومبووەکە".

ئاری جەلال ئاماژەی بەوەش دا: "بەپێى ئەو زانیارییانەى کە لە دەزگاى کۆچ و کۆچبەرانى تورکیاوە دەست کەوتووە، سەرجەم ئەو کۆچبەرانەى کە لەو ڕووداوەدا بوون، هاووڵاتى ئەفغانى و پاکستانى و بەنگلادیشی و ئێرانی بوون و هیچ هاووڵاتیەکی عێراقی بە تایبەت کوردیان تێدا نییە".

جەختیشی کردەوە: "دەزگای لووتکە لەڕێگەی نوێنەرەکەیەوە لە تورکیا، بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی ئەو وڵاتە و بەردەوامیش لە هەوڵداین بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان لەسەر چۆنیەتی و دۆزینەوەی قوربانیانی ڕووداوەکە".