داوای زیادکردنی ڕێژەی کارەبای سنووری گەرمیان دەکرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

داوای زیادکردنی ڕێژەی کارەبای سنووری گەرمیان دەکرێت

دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داوای زیادکردنی ڕێژەی کارەبای سنووری گەرمیان لە هەردوو مانگی تەمووز و ئابدا دەکەن.

کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەهۆی هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، هاووڵاتیانی سنووری گەرمیان پێویستیان بە وزەی زیاتری کارەبایە بۆ کارپێکردنی ئامێرە فێنککەرەوەکان، چونکە پلەکانی گەرما لەم سنوورە زیاتر بەرز دەبێتەوە، بەتایبەت لە هەردوو مانگی تەمووز و ئابدا".

گوتیشی: "ئێستا بەپێی ئەو دابەشکارییەی لەلایەن کۆنترۆڵی دابەشکردنی کارەبای هەرێمەوە کراوە، ڕێژەی ٤.٨٪ ی کارەبای هەرێم دەدرێتە سنووری گەرمیان، کە دەکاتە ٩٩ مێگاوات کارەبا، ئەو ڕێژەیەش ئێستا زۆر کەمە و بەشی پێداویستیی هاووڵاتیان ناکات".

ڕوونیشی کردەوە: "وەک دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نووسراوێکمان ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە کردووە و داوامان کردووە نووسراو ئاڕاستەی وەزارەتی کارەبا بکەن بە مەبەستی زیادکردنی ڕێژەی کارەبای گەرمیان بۆ نزیکەی ٧٪ یان زیادکردنی بڕی٣٠ مێگاوات کارەبا بۆ پشکی گەرمیان بۆ هەردوو مانگی تەمووز و ئاب، لەبەرئەوەی لەو دوو مانگەدا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هاووڵاتیان زۆرینەی کاتەکانیان لە ماڵەوەن و پێویستیان بە ئامێرە فێنککەرەوەکانە".