كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

نەوەی شێخ سەعیدی پیران بۆ (باسنیوز): دوای 95 ساڵ هێشتا تورکیا شوێنی گۆڕی شێخ سەعید ئاشکرا ناکات

"تورکیا تەنیا بە جەستە سەکردەکانی لەناو نەدەبرد بەڵکوو بە فکریش دەیناشتن"

دیمانە: روكەن خاتوون تورهانڵی

وەرگێڕانی لە توركییەوە: كارزان گلی

٩٥ ساڵ بەسەر یەكەم بزوتنەوەی نەتەوەیی (شێخ سەعیدی پیران) بە ناوی بزوتنەوەی ئازادیی كورد لە ساڵی ١٩٢٥ تێپەڕ دەبێت. لە دوای ئەوەی بە خوێن وەڵامی ئەو سەرهەڵدانە درایەوە، لە دادگای (ئازادی شارك) لە ئامەد، بڕیاری لەسێدارەدان بۆ شێخ سەعیدی پیران و ٤٦ هاوڕێكەی دەرچوو و لە ٢٩ی حوزەیرانیش لە مەیدانی ئامەد لەسێدارە دران.

لەو سەردەمەدا دەوڵەتی توركیا نەیهێشت تەنانەت پرسەش بۆ شێخ سەعید و هاوڕێكانی دابنرێت، بۆیە تاكوو ئێستاش نازانرێت گۆڕی شێخ سەعید لە كوێیە.

د. هۆشیار ئۆزسۆی ئەندام پەرلەمانی هەدەپە، كە لە هەمانكاتدا نەوەی شێخ سەعیدی پیرانە، لە دیمانەیەكی تایبەتدا بۆ (باسنیوز)، باس لەوە دەكات دوای لە سێدارەدانی شێخ سەعید، شۆكی ئەو كارەساتە نەوە دوای نەوە كاریگەری بەسەر كوردەوە هەبووە، هەروەها تاكوو ئێستاش هەمان سیاسەت بەرامبەر بە كورد پەیڕەو دەكرێت، كە نایەڵن پرسە بۆ مردووەكان دابنرێت و نایەڵن گۆڕی رۆڵەکانی كورد بزانرێت لە كوێیە و سەردانی بكرێت.

 

(باسنیوز) ٩٥ ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی شێخ سەعیددا تێپەڕی، لە نێوان ئەو ٩٥ ساڵەدا نەوە دوای نەوە دووچاری شۆك بوونە بە هۆی ئەو كارەساتەوە، بەشێوەیەكی گشتی ئەو شۆكە كاریگەری بەسەر كوردستان و ناوچەكە چییە؟

هۆشیار ئۆزسۆی: رووداوی بزووتنەوەی شێخ سەعیدی پیران وا لێكی دەدەنەوە، كە رووداوێكی كەسییە و بەو شێوەیەش دەیناسێنن، لەڕاستیشدا ئەمە یەكەم و گەورەترین سەرهەڵدانی كورد بووە لەو سەردەمەدا كە بە شێوەیەكی فراوان ئەنجام بدرێت. ئەم سەهەڵدانە لە ئەرزرووم و مووشەوە بۆ بینگۆل و ئیلازیخ و ئامەد فراوان بوو و هەموویان بەشداری ئەو سەرهەڵدانەیان كرد و شێخ سەعیدیش بۆ خۆی پێشڕەوی ئەو سەرهەڵدانەی كردووە. دەوڵەتی تورك لەو كاتەدا، بۆ ئەوەی سەرهەڵدانەکە پان بكاتەوە و شێخ سەعید و ئەوانەی لەگەڵی بوون و هەموو ئەو مرۆڤە زانایانەشی لەگەڵ شێخدا بوون بۆ ئەو سەرهەڵدانە هەوڵیان دا هەموویان لەسێدارە بدات تا بەتەواوی ئەو سەرهەڵدانە لەناو ببات، بۆیە كوردەكان رووبەڕووی گەورەترین كوشتار بوونەوە.

ئەم هەوڵەی دەوڵەت تەنیا بۆ كوشتنی ئەو كەسایەتییانە نەبوو كە خۆشەویست بوون لای خەڵك، بەڵكوو ئەوانەی سەرۆكایەتیی كوردیان دەكرد و ئەوانەی رێگای راستیان نیشانی كورد دەدا بوونە قوربانی و كۆمەڵكوژ كران. لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت كە كوردەكانیان تەنیا لەڕووی كۆمەڵایەتی سیاسییەوە لەناو نەبردووە، بەڵكوو هەوڵیان داوە لەڕووی فیكریشەوە پەرتەوازەیان بكەن و دووچاری ئیفلیجی فیكریان بكەنەوە، ئەم جۆرە وەحشییەتەش بۆ ماوەیەكی زۆر لە حافیزەی خەڵكدا ماوەتەوە.

(باسنیوز) كەواتە دەوڵەت تەنیا لەڕووی فیزیكییەوە نا، بەڵكوو لەڕووی روحیشەوە خەباتی كوردی كردە ئامانج؟

هۆشیار ئۆزسۆی: بەدڵنیاییەوە، دەوڵەت سەرۆكە سیاسییەكانی تەنیا لەڕووی فیزیكییەوە نەكوشت، بەڵكوو هەوڵی دا لەناو كۆمەڵگەدا ئەو بایەخ و كولتوور و خەباتەی دروستیان كردبوو لەناو ببات، دەوڵەت تەنیا لە مەیدانی (داغ كاپی) لە ئامەد جەستەی ئەوانی نیشان خەڵك نەدا بە مردوویی، بەڵكوو وای بیر كردەوە، كە بایەخ و كولتوور و مێژوو و ناسنامەی سیاسی ئەوانیشی لە گۆڕێكی بەكۆمەڵدا ناشتووە، بەڵام مێژووی ئەوەی دەوڵەت ویستی نەیكرد، دەوڵەت كولتوور و مێژوو و بایەخی ئەوان چەندە بە توندی رەت بكاتەوە با بیكات، كەسایەتیی ئەوان لەناو دڵی خەڵك و حافیزەی خەڵكدا هەر ماوەتەوە. نمووە ٩٥ ساڵ بەسەر ئەو سەرهەڵدانە تێپەڕیوە، كەچی تاكوو ئێستاش چیرۆكی شێخ سەعید لەسەر زاری نەوەكانە و باس دەكرێت و زۆر بە شێوەیەكی فراوان و تێروتەسەل باس لەو سەردەمە دەكرێت.

وەكوو ئەندام پەرلەمانێك و نەوەی شێخ سەعید، دەچمە هەر شوێنێك باسی شێخ سەعید دەكرێت و چیرۆكی ئەو و هاوڕێكانی لەسەر زاری خەڵكە.

 

(باسنیوز) تۆ چۆن ئەمە دەخوێنیتەوە، كە شێخ سەعید لەلای كوردەكان وەكوو كەسێك وێنا دەكرێت كە رووخسارێكی نوورانی هەبووە و ئەو كارئەكتەرەش بە سیمبۆل كراوە و لە لای كوردەكان رێزێكی زۆری لێ دەگیرێت؟

هۆشیار ئۆزسۆی: خۆی شێخ سەعید بەوە ناوی دەهێنرێت كە شێخێكی پیر بووە و خاوەن كەسایەتییەكی بەهێز بووە، ئەویش وەكوو سەید رەزا بە كەسایەتییەكی زانا و بلیمەت ناوی دەهێنرێت و قبووڵ كراوە. كۆمەڵگەش ئەو جۆرە سیفاتانە دەدەنە پاڵ ئەو كەسایەتییانەی كە زانان و خاوەن زانستێكی زۆرن، بۆیە شێخ سەعیدیش لەو ڕووەوەیە كە رێزی لێ دەگیرێت و ناوی دەهێنرێت. هەر خۆی سەید رەزا و شێخ سەعیدی پیران، مەلا موستەفا بارزانی، قازی محەمەد لەلای خەڵكی وەكوو سەرۆكێكی نموونەیی و گەورە ناویان دەهێنرێت و لە خافیزەیاندا جێگیر كراوە، كوردیش ئەو جۆرە ناو و رێزانە لەو كەسانە دەنێت كە سەرۆكی نەتەوەكەی خۆیانن و بە گونجاوی دەزانن بەو شێوەیە رێزیان لێ بگرن و بە سیمبولی بكرێن.

 

(باسنیوز) دوای ئەوەی شێخ سەعید دەستگیر دەكرێت تا كاتی لەسێدارەدانی دوو مانگ و نیو ماوە هەبووە، جا بەر لەوەی لەسێدارە بدرێت، هەموو ئەو یادگاری و ئەو كەسانەی لەگەڵیدا ژیان و ئەو دۆسیانە و كەلوپەلانەی تایبەت بە خۆی بووە بە نهێنی ماوەتەوە، ئێوە وەكوو بەنماڵەی ئەوان تاكوو ئێستا هەوڵتان نەداوە كە دەستتان بەو دۆسیانە و كەلوپەلانە بكەوێت كە تایبەت بوونە بەو؟

هۆشیار ئۆزسۆی: دەوڵەت لە بەرامبەر شێخ سەعیددا دوژمنایەتییەكی ئایدۆلۆژی مێژوویی هێنابووە كایەوە، بۆیە لەو سەردەمەدا شێخ سەعید نوێنەرایەتی تەریقەتی نەقشبەندی دەكرد كە ئەو تەریقەتە تایبەت بووە بە كوردستان، لە هەمانكاتدا ئەو كەسایەتییە بوو كە خەباتی بۆ نەتەوەی كورد دەكرد. دەبێت ئەوە باس بكرێت، كە كەمالیستەكان بۆیە دوژمنایەتی شێخ سەعیدیان دەكرد بە هۆی ئەوەی ئەو ناسنامەی كوردبوونی هەبوو و لە هەمان كاتدا ناسنامەی موسڵمانبوونی هەبووە و وەكوو كەسایەتییەكی گەورەی موسڵمان وێنا كراوە، بۆیە بە مەترسی بۆ سەر كۆماری توركیایان زانیوە، چونكە ناسنامەی كوردبوون و موسڵمانبوونی بەیەكەوە گرێدابوو. دەوڵەتی توركیا و توركە نەژادپەرستەكان و سیكۆلارەكان، دژی هەموو شتێكی شێخ بوونە و بنكە بنكە بەدوای شتەكانیانەوە بوون و لەناویان بردووە، چونكە بە دوژمنێكی سەرسەختیان زانیوە بۆ داهاتووی توركیا.

من وەكو نەوەی شێخ سەعیدی پیران، زۆر هەوڵم داوە كە مەزاری شێخ و هاوڕێكانی بزانم لە كوێییە، هەروەها بە دوای كەلوپەلەمانیشی بوومە، بەڵام ئەمە لەڕووی سیاسی و مێژوویی و كولتوورییەوە قووڵایی خۆی هەیە، چونكە وەكوو خانەوادە دەمانەوێت بزانین گۆڕی باپیرمان لە كوێیە و زانیاریمان هەبێت لەسەر ئەو سەردەمە كە چۆن و چییان لێ بەسەر هێناوە، بەڵام زۆر بەكەمی زانیاریمان دەست كەوتووە، بەشێكمی زۆر كەممان لە ئەرشیڤی دەوڵەتدا دەست كەوتووە و بینیوە كە زۆر زۆر كەمن، بۆیە دەمەوێت بلێم بەداخەوە ئەو مێژووە لە تاریكستاندا ماوەتەوە. دەمەوێت بڵێم دۆزینەوەی ئەو مێژووە كلیلی سیاسیی كوردە بۆ ئەوەی بگات بە پێگەی خۆی و ببێت بە خاوەنی وڵاتی خۆی.

 

(باسنیوز) دەوڵەت تاكوو ئێستاش بۆ ئەوەی وەسیەتی شێخ نەهێنێتە دی، لەژێر ترسێكی زۆردایە و راستیی رووداوەكان دەشێوێنێت، ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

هۆشیار ئۆزسۆی: كاتێك شێخ سەعید دەستگیر كرا و هێنرایە ئامەد، خانەوادەكەی پەرتەوازە بوو، منداڵەكانی هەریەكە و بە لایەكدا رۆیشت و دەركران و براكانیشی بە هەمان شێوە. بەشێك لە تاكی خانەوادەكەی چوونە رۆژئاوا و بەشێكیشی بۆ باشووری كوردستان و بەشێكیش ژیانیان بە شێوەی قاچاغ لە توركیا بەسەر بردووە و هەندێكیش شاربەدەر كراون. جگە لەوەش بەشێكیان رێگەی قاچاغیان گرتە بەر بۆ رزگاركردنی گیانیان كەچی لەو رێگەیە شەهید بوون، بۆیە لە بارودۆخێكی لەو شێوەیە، گەڕان بە دوای كەلوپەلەكانی شێخ شتێكی زۆر ئەستەمە. ئەو كەسانەی لەناو خانەوادەكەیدا لە ژیاندا مابوون، بۆ ماوەی ١٥ بۆ ٢٠ ساڵ لە دەرەوەی وڵات بوون و شاربەدەر كراون و بەشێكی هەر لە غەریبی سەری ناوەتەوە و ئەوەشی ماوەتەوە پەرتەوازە بوون، بۆیە ماوەیەكی زۆر هیچ كەسێك نەیتوانیوە هیچ شتێك بكات.

هەندێك لە نەوەكانی و كوری بچووكی شێخ ئەحمەد لە ساڵی١٩٩٠ هەوڵی زۆریان دا تا بتوانن گۆڕی شێخ بدۆزنەوە، منیش ئەوكات هەوڵی زۆرم دا و داوام لە پەرلەمان كرد كە هەوڵێك بدەن لەو ڕووەوە، تا دروستكردنی وەقفی شێخ سەعید لە ئامەد كە تاكوو ئێستاش بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بزانرێت گۆڕی شێخ لە كوێیە، بەڵام بە هیچ نەگەیشتووین. تۆ كاتێك كەسێك لەسێدارە دەدەیت، دەبێت وەسیەتەكەی بهێنتە دی، هەرچەندە دوژمنی شێخ بیت و بتەوێت بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ جەنازەكەیدا بكەیت و گۆڕەكەی بشاریتەوە و نەیەڵیت هیچ كەسێك بزانێت لە كوێیە، ئەمە ئەوپەڕی وەحشەت و بێزراوییە. لە كۆتاییدا دوژمنەكەشت مافی هەیە.

 

(باسنیوز) لەو سەردەمەدا پەرلەمانی توركیا یاسایەكی بەناوی (راپۆرتی سكوون) قبوڵ كرد، كە لەو یاسایەدا لە دادگای ئازادی، جگە لەوەی شێخ سەعید و هاوڕێكانی بە پێویست زانرا لەسێدارە بدرێن، لە هەمانكاتدا لەو یاسایەدا شوێن بۆ ئەوەش كرایەوە كە خانەوادەی ئەو كەسانەی بەشداری سەرهەڵدانەكەیان كردووە، وەكوو سەرۆكەكان و كەسە ئاساییەكانیش پێویستە خانەوادەكەیان شاربەدەر بكرێن و لە توركیا وەدەر بنرێن. پرسیار ئەوەیە، ئایە ئەو جۆرە بیركردنەوەیە تەنیا سیاسییە، یان داواكارییەكی كۆمەڵگەی توركیای ئەوكات بووە؟

هۆشیار ئۆزسۆی: لەراستیدا هەردووكی هەبووە، دەوڵەت ئەو كەسانەی دەستگیر كرد كە بەشداریی سەرهەڵدانیان كردووە و پاشان بۆ دادگای ناردوون و لە سێدارەی داون، دوای ئەوەی شەپۆلی دوژمنایەتی لە ناوچەكە دژی خانەوادەی ئەو كەسانەی بەشداریی سەرهەڵدانیان كردووە دروست بوو و دەستی پێ كرد. لەو كاتەدا بە سەدان خانەوادەی ئەو كەسانەی بەشداری سەرهەڵدانیان كردووە شاربەدەر كران و كەسەكانیشیان بۆ دوورترین شوێن راگوێزراوە كە زۆر دوور بێت لە كوردستان، نموونە برایەكانی شێخ سەعید بەناوی شێخ تاهیر و شێخ مەهدی بۆ تەراكیا گوێزراونەتەوە و ١٤ ساڵ لەوێ ماونەتەوە، لە ماوەی ئەو ١٤ ساڵەدا شێخ مەهدی بۆ ماوەی ١٤ ساڵ وەكوو كاردانەوەیەك بۆ ئەو زوڵمەی لێیان كراوە جلوبەرگی خۆی نەگۆڕیوە و هەر بەو جلەوە بووە. شێخ عەبدولڕەحیم بۆ رۆژئاوا دەردەكرێت و لە ساڵی ١٩٣٧ كاتێك دەچێت بۆ ئەوەی بەشداریی شۆڕشی سەید رەزا بكات، لە رێگا و لە بیسمیل دەستگیر دەكرێت و دەكوژرێت. واتە تەنیا خانەوادەی شێخ نەبوو راگودەێزران، بەڵكوو خانەوادەی هەموو ئەو كەسانەش بوو كە بەشداریی سەرهەڵدانەكەیان كردبوو، تەنانەت دەوڵەت ویستی هەموو ئەو خانەوادانەی ناوچەكە لەناو ببات گەر بۆ كەمێكیش بێت پشتگیریان لە شێخ كردووە.

لە دوای لەسێدارەدانی شێخ سەعید، كۆمەڵكوژییەكی زۆری كوردان دەستی پێ كرد، باس لەوە دەكرێت رووباری موراد خوێناوی بووە بەهۆی كوشتنی كورد و فڕێدانی تەرمەكانیان بۆ ناو رووبارەكە.

دەبێت دەوڵەتی تورك ئەوە بزانێت، كە هەرچەندێك دەتانەوێت زوڵم لە كورد بكەن بیكەن، چونكە كورد توانیویەتی رێگایەك بدۆزێتەوە بۆ رزگاربوون، لە داهاتووشدا هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە. ٩٥ سال بەسەر شۆڕشی شێخ سەعید تێپەڕ دەبێت بزوتنەوەی كوردی بەهێزتر بووە، سەرەڕای هەموو زوڵمێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەباتی كوردان بەردەوامە و١٠٠ ساڵە زوڵم لە كورد دەكەن و بەسەر ٤ دەوڵەتدا دابەشتان كردوون، بەڵام ئەو دەوڵەتانە نەیانتوانیوە هاوكێشەی ئارامی لە وڵاتەكەیان بونیاد بنێن چونكە كورد بە ئازادی نەگەیشتووە.

 

(باسنیوز) ئێمە ناچارین شوێنێك بۆ مردووەكانمان بدۆزینەوە و تا ئەو شوێنەش بۆ مردووەكانمان نەدۆزینەوە ئاشتی نایەتە دی، ئەمە گوتەی تۆیە، ئایا ئەمە چۆن دەكرێت و بە چی شێوەیەك ئەنجام دەدرێت؟

هۆشیار ئۆزسۆی:  وەكوو كەس و وەكوو پارتەكەشمان بەردەوام ئەو بابەتەمان هێناوەتە بەرباس و لەڕێگەی یاساناسەكانمانەوە و دۆسیەكەمان بردووەتە دادگای نێودەوڵەتی. ئەوەی توركیا دەیكات لەو ڕووەوە لەڕووی دادگای نێودەوڵەتییەوە تاوانە بۆیە ئێمەش بابەتەكەمان بردووەتەوە دادگای نێودەوڵەتی، لە توركیا زۆرێك لەو خانەوادانەی تاكوو ئێستا نازانن گۆڕی رۆڵەكانیان لە كوێیە و مافی خۆیانە داوای یاسایی تۆمار بكەن و بە دوای تەرمی رۆڵەكانیانەوە بن.

دەوڵەت بە ئێمە دەڵێت ”من تەنیا ئێوە ناكوژم، بەڵكو دوای كوشتنیش بە هیچتان دادەنێم و تەرمی ئێوە هیچ بەهایەكی نییە بۆیە نابێت بزانن لە كوێ دەنێژرێن.

 

(باسنیوز) لە كاتی دادگاییكردنی شێخ سەعیددا نوێنەری ئەمریكا، فەڕەنسا، بەریتانیا، رووسیا، ئەڵمانیا بەشداری دەكەن و پاشان دەچنە بەردەم كامێرا و زانیاری بە خەڵك دەدەن، ئێوە وەكوو خانەوادەی شێخ سەعید هیچ زانیارییەكتان لەوان بە دەست گەیشتووە؟

هۆشیار ئۆزسۆی: لە چیرۆك زیاتر هیچ شتێكی تر نییە، ئەرشیڤی بەریتانیا ئاشكرایە، وەكوو ئەوەی باسی دەكەیت ئەگەر بە كامێرا رێكۆرد بكرایە ئێستا بە ئاسانی دەستمان بە چەندین زانیاری دەگەیشت. زانیارییەكان و ئەرشیڤی ئەو دادگایە لە لای دەزگای سەربازیی توركیایە، بەڵام ئایا لەلای ئەوانیش رۆژی دادگاییەكە تۆمار كراوە یان نا كەس نازانێت. ئێمە دەزانین نابێت نهێنیی دەوڵەت ئاشكرا بكرێت، بەڵام پێویستە لەسەر دەزگای سەربازیی توركیا زانیارییەكانی دادگاییەكە ئاشكرا بكات ئەگەر لەلایان هەیە. وەكوو خۆم بە هیچ شێوەیەك نەمتوانیوە لە دەرەوەی توركیا، واتە لە بەریتانیا و فەڕەنسا هیچ زانیارییەكم دەست بكەوێت لەسەر شێخ سەعید و چۆنییەتی لەسێدارەدان و رۆژی دادگاییەكەی، بڕوا ناكەم كەسی تریش دەستی بەو زانیارییانە گەیشتبێت. توركیا بۆ شاردنەوەی نهێنییەكانی شێخ سەعید و هاوڕێكانی لە ناوەوەی توركیا بەهانەی زۆری هەیە، بەڵام بۆ دەرەوەی توركیا هیچ بەهانەیەكی نییە، بۆیە تاوەكوو دەزگای سەربازیی توركیا، زانیارییەكان لە ١٥ی نیسان تا ٢٩ ی حوزەیرانی ١٩٢٥ ئاشكرا نەكات، ئەستەمە بتوانین هیچ زانیارییەكمان دەست بكەوێت.