گەنجێکی خەڵکی پارێزگای هەولێر کاندیدی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی ئەڵمانیای فیدراڵە.
کاروان محەمەد، گەنجێکی کوردی خەڵکی گوندی کۆڕێی سەر بە پارێزگای ھەولێرە و ئێستا دانیشتوی ئەڵمانیایە و کاندیدی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتەیە.
کاروان محەمەد بە (باسنیوز)ی راگەیاند، لەسەر لیستی پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی بووەتە کاندیدی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیی شاری ئوسكیرشن لە رۆژئاوای ئەڵمانیا.
ئەو کاندیدە کوردەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، کە تیمێکی پسپۆڕ کاری بانگەشەی بۆ دەکەن و هاووڵاتییانی ئەڵمان و کوردەکانی ئەو وڵاتە، پێشوازییان لێکردووە.
کاروان محەمەد پێشتر لەڕێگای دەزگای خێرخوازیی بازرانییەوە چەندین تۆن هاوکاریی مرۆیی بۆ قوتابخانە و باخچەکانی ساوایان و کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان ناردووەتەوە و هەروەک خۆیشی رایگەیاند، لە داهاتووشدا بەرنامەی ناردنی هاوکاریی بۆ هەرێمی کوردستان، هەیە.
بڕیارە رۆژی 13-9-2020، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شاروانییەکان لە ئەڵمانیا بەڕێوە بچێت.