کەلار.. لە 24 کاتژمێردا زیاتر لە 150 شوێنکار بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکان داخراون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کەلار.. لە 24 کاتژمێردا زیاتر لە 150 شوێنکار بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکان داخراون

لە سنووری قەزای کەلار لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە ١٥٠ شوێنکار بە هۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکانی تایبەت بە خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا داخراون.

هەردی سەرکەوت، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای کەلار، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت و تیمەکانی پۆلیس و ئاسایشی کەلار و پۆلیسی شارەوانییەکان، بە بڕیاری قایمقامی کەلار بەردەوامن لە چاودێریکردنی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و پابەندکردنی هاووڵاتیان و کاسبکاران بە بڕیار و رێنماییەکانی تایبەت بە خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا".

گوتیشی: "لەو چوارچێوەیەدا لە ماوەی ٢٤ ی کاتژمێری ڕابردوودا بەھۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکانی تایبەت بە خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری قەزای کەلار، زیاتر لە ١٥٠ شوێنکار داخراون، کە بەشی زۆری ئەو شوێنکارانە دەکەونە سەنتەری بازاڕی شاری کەلارەوە".

ڕوونیشی کردەوە: "ئەو شوێنانەی داخراون لە ماوەی رابردوودا چەندینجار چی لە ڕێگای لیژنەکان و ڕاگەیاندنەوە، ئاگادار کراونەتەوە کە ڕێنماییەكان جێبەجێ بکەن بە تایبەت بەکارهێنانی دەست کێش و دەمامک، بەڵام پابەند نەبووون بە ڕێنماییەكان بۆیە دواجار بڕیاری داخستنیان دراوە".

ئەوەشی گوت: "داوا لە هاووڵاتیان و کاسبکارانی سنووری قەزای کەلار دەکەین پابەندی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی بن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا".