كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
نوری بێخاڵی 21/06/2020

پۆپۆلیزم و گوتاری پۆپۆلیستی... لە گرێی دەروونییەوە بۆ شکستپێهێنانی پرۆسەی سیاسی!

به‌شی پێنجه‌م


ئەدگارەکانی پۆپۆلیزم
ڕاستییەکەی پۆپۆلیزم و گوتاری پۆپۆلیستی، دیاردەیەک نییە لەناو مێژوودا بەجێ مابێت، بەڵکوو جووڵەیەکی بەردەوامە و لە مێژوودا تا ئەمڕۆ درێژ دەبێتەوە. ئەگەرچی دوای دووەم جەنگی جیهانی و تا ماوەیەکی دوور و درێژ لە زۆر ناوچەی جیهاندا پاشەکشەی کرد، بەڵام لە سەرەتای هەزارەی سێیەمەوە، بە گوڕوتینەوە سەری هەڵداوەتەوە. بە جۆرێک، سەرتاسەری جیهانی گرتووەتەوە و لە هەر یەکێکیش لە وڵاتانی دونیادا، بە ماسک و ڕەنگێکی جیاواز و لە فۆڕمی جیاوازی گوتاردا، خۆی بەرهەم هێناوەتەوە.

بە شێوەیەکی گشتی، پۆپۆلیزم ئێستا بە تەنیا ڕەهەندێکی سیاسی نییە، بەڵکوو بووەتە سیمایەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ڕۆشنبیریش. بەو واتایەی، نەک هەر گوتاری سیاسی، بەڵکوو گوتاری ڕۆشنبیریش تووشی هەمان پەتا بووە و لە زۆر لە حاڵەتەکاندا، هەردوو گوتارە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکە لە برەودان بە پۆپۆلیزم، یەکتری تەواو دەکەن. ئەوە ئەگەر نەڵێین لە زۆر شوێندا و بەتایبەتیش لە جیهانی سێیەمدا، لە یەک سەنگەردان. ڕەنگە هەرێمی کوردستان نموونەیەکی هەرە زیندووی ئەم هاوسەنگەرییەی ئەو دوو کایەیە بێت، لە پەیوەست بە قووڵکردنەوەی گوتاری پۆپۆلیستی.

لیکۆڵینەوە و شیکردنەوەی وردی گوتاری سەرەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان و پەیامەکانی ڕێکخەری کۆچکردووی و لەگەڵیشیاندا گوتاری حزبە ئیسلامییەکان و سەرکردەکانیان، هەروەها هەڵکۆڵین و شیتەڵکردنی گوتاری میدیا و نێوەندی ڕۆشنبیری (کە ئەوان پێیان خۆشە پێیان بڵێین ڕووناکبیر!) بەناو (ئەهلی و بێلایەن و سەربەخۆ!)، زۆر باشتر ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە.

بە سەرنجدان لە ئەزموونی پازدە ساڵی ڕابردووی ژیانی سیاسی و ململانێکانی ناوی لە هەرێمی کوردستاندا، زۆر بەئاسانی هەست بەم هاوسەنگەری و هاوئاوازییەی کایەی سیاسی و میدیای بەناو ئەهلی و نێوەندی ڕۆشنبیریی بەناو سەربەخۆ، لە داڕشتن و ئاراستەکردنی گوتاری پۆپۆلیستیدا دەکەین. بە وردبوونەوە لە گوتار و پەیامی هەموو ئەو ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر و دەزگا میدیاییانەی، کە ناویان لە خۆیان ناوە بێلایەن و سەربەخۆ و ئەهلی! زۆر باش لەوە تێدەگەین، کە گوتاری میدیایی و ڕۆشنبیریی ئەم کاراکتەر و دەزگایانەش، بەشێکی دانەبڕاوە لە پڕۆژەیەکی هەمەلایەنتری پۆپۆلیزم و گوتاری پۆپۆلیستی. دیارە لە سەرکەوتنیش لەم کارەدا، سوودێکی زۆری لە زەمینە کۆمەڵایەتییە لەرزۆکەکە و ناهۆشیاریی کۆمەڵگا و دۆخی دەروونیی ناجێگیری گرووپەکان (چین و توێژەکان) وەرگرت، ئەوەی کە (لۆبۆن) لە کتێبەکەی خۆیدا بەناوی “سایکۆلۆژیای جەماوەر” لە پەیوەست بە بایەخ و ڕۆڵی خوێندنەوەی وردی باری دەروونیی تاک و گرووپەکان، لە پتەوکردنی کۆڵەگەکانی گوتاری پۆپۆلیستیدا باسی کردووە.

دیوێکی دیکەی پرسی پۆپۆلیزم ئەوەیە، کە زۆرجار لە باری واتا و ئاماژەکانیدا لەگەڵ هەندێ چەمکدا بەناویەکدا دەچێت، بۆ نموونە، چەمکی (دیماگۆجیەت). وەک چۆن باس لەوەش دەکرێت، کە دوور نییە ڕەگێکی پۆپۆلیزم لەناو فاشیزم و دیکتاتۆرییەتدا بێت، یان بە واتایەکی دیکە، یەکێک بێت لە پێکهێنەرەکانیان. ئەمەش ڕەنگە پەیوەندیی بەوەوە هەبێت، کە پۆپۆلیزم وەک گوتارێکی سیاسی، چەکی دەستی زۆربەی بزووتنەوە توندڕەو و پەڕگیرەکانە، ئیتر گرنگ نییە لە دەسەڵاتدا بن، یان ئۆپۆزسیۆن. بەو پێیەی، گوتاری پۆپۆلیستی، چەک و ئامرازێکی گونجاو و کاریگەری هێزە دەسەڵاتدارەکانە بۆ ڕەوایەتیدان بە مانەوە لە دەسەڵاتدا، هاوکات چەکێکی کاریگەریشە بۆ ئەوەی بزووتنەوە ناڕازییە پۆپۆلیستەکان شەڕی هێزە دەسەڵاتدارەکانی پێ بکەن. خاڵی گرنگ و سەرنجڕاکێش لەم نێوەدا ئەوەیە، کە لە هەردوو حاڵەتدا، جەماوەری هەڵچوو و ناهۆشیار و خۆشباوەڕ، کە هەمیشە دەکرێ کار لەسەر تەلی هەست و سۆزی بکرێت و ختووکە و دنە بدرێت، داینەمۆی سەرخستنی گوتاری پۆپۆلیستییە!

دوو لایەن، یاخود دوو تای تەرازوو و کۆڵەگەی پۆپۆلیزم بریتین لە سەرکردە و جەماوەرێکی کوێر. گرنگ نییە ئەو سەرکردەیە لەناو مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگاکەیدا هاتووە و بەشێکە لە شکستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناو ئەو مێژووە، گرنگ ئەوەیە توانا و لێهاتوویی و کاریزماییەکەی بەشی ئەوەی بکات، جەماوەرێک بوروژێنێت و لەمیانی دروشم و بانگەشەی ئاڵوواڵادا، بیانخاتە شوێن خۆی. بە واتایەکی تر، وەک چۆن پۆپۆلیزم پێویستی بە سەرکردەیەکی کاریزما هەیە، هاوکات بوونی جەماوەرێکی ملهووڕ و کوێر و یادەوەریی کورتیش، کە لە هەموو بارودۆخەکاندا و بەپێی هەلومەرجەکان، دەتوانرێ بخرێتە سەر کەڵکەڵەی هەڵچوون و سەما، پێداویستییەکی دیکەی پۆپۆلیزمە.

ئەدگارێکی پۆپۆلیزم ئەوەیە، جەماوەر (مێگەل) لەسەر ئەوە ڕادێنێت، کە وەک کەسێکی پیرۆز سەیری سەرکردەی پۆپۆلیست بکات. سەرکردەیەکی ئەفسووناوی، کە توانای لەڕادەبەدەری گۆڕینی ئاراستەی ڕووداوەکان و ڕاستکردنەوەی مێژووی هەیە. سوپەرمانێک، کە فریادڕەسی تەنگژەکان و ئیلهامبەخشی ئومێدە.

خەسڵەتێکی تری پۆپۆلیزم ئەوەیە، کە گوتارەکەی دژی دەوڵەت و دامەزراوەکانی و بێبەهاکردنیانە. پۆپۆلیزم و سەرکردەی پۆپۆلیست، لەمیانی گوتاری پۆپۆلیستییەوە و بە کارکردن لەسەر بێبەهاکردنی دامەزراوەکان و بە پاساوی دووبارە داڕشتنەوەی پەیکەر و فۆڕمی حوکمڕانی، هەوڵی گەیشتنە دەسەڵات دەدات. بزووتنەوە و سەرکردەی پۆپۆلیست هەر لە دژی دەوڵەت و دامەزراوەکانی نا، بگرە لە دژی هەموو دەستەبژێرێکی دیکەی فیکری، سیاسی، تەکنۆکراتیش دەوەستنەوە، کە وەک ئەوان بیر ناکەنەوە و باوەڕ بە موژدە ساختەکانیان ناکەن. تا ئەو ئاستەی، کە سەرکردە و بزووتنەوەی پۆپۆلیست، هێڵێکی ڕاست و چەپ بەسەر بەرامبەرەکانیاندا دێنن و نەک هەر ڕەتیان دەکەنەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی بەرنامەڕێژ و بە میکانیزمی جیاواز، هەموو هەوڵێکیان بۆ سڕینەوە و تێکشکاندنی ئەو بەرامبەرە جیاوازانەیان دەخەنە گەڕ.

بەشێوەیەکی گشتی، شکاندنی شکۆی دامەزراوەکان بەناوی داکۆکیکردن لە دامەزراوەیی، سووکایەتیی پێکردنی سەرکردە نەیارەکان و ناوزڕاندنیان، بەردەوامیدان بە هێشتنەوەی کۆمەڵگا لە دۆخی دڵەڕاوکێ و ترس و نیگەرانی و بێئومێدی، کاوێژکردن لەسەر قەیران و کارەساتەکان و قووڵکردنەوەی بێ متمانەیی و گومانکردنی جەماوەرەکەیان لە باش و خراپ، ڕاست و چەوت، جوان و ناشیرین، ڕۆشن و تاریکی بەرامبەرەکانیان، هەموو ئەمانە تایبەتمەندیی دیاری پۆپۆلیزم و پۆپۆلیستەکانن.

دیوێکی تری پۆپۆلیزم ئەوەیە، کە دیاردەیەکی دەنگییە. بریتییە لە زۆربڵێیی و هەراوهۆریا، ژاوەژاو و چەلەحانێ، کردنی مێش بە گامێش و ئاودیوکردنی گا لە کونی دەرزییەوە. بۆ ئەمەش ئامادەکردنی کاراکتەری دەمهەراشی خاوەن کەمترین ئەزموونی سیاسی و ناردنیان بۆ ناو دامەزراوەکان و پەرلەمان بەدیاریکراوی، وەگەڕخستنی مەکینەیەکی گەورەی میدیایی بۆ کاوێژکردنەوەی بەردەوامی دروشمی سواو و گوتەزای دووبارە، داتاشینی وێنەی پاڵەوان لە کەسایەتیی کارتۆنیی زۆربڵێ و دەمگەرمەکان و گەرمکردنی بازاڕەکەیان لە سەکۆ گشتییەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا. هەموو ئەمانە و چەند شتێکی تر، ئامراز و میکانیزمی برەوپێدانی ئەو دیاردە دەنگییەن. بەتایبەتی، کە بزووتنەوە و سەرکردەی پۆپۆلیست دوای خوێندنەوەی سایکۆلۆژیای گرووپ، دەزانێ چۆن دەنگی ئەو جەماوەرە دەخاتە سەر ڕیتم و ئاواز و سەمای هەڵچوون و کەفوکوڵ. بەکورتی: دەنگ توخمێکی سەرەکیی ناو پۆپۆلیزمە، کە ڕۆڵێکی گەورە لە سەرخستنی گوتارە پۆپۆلیستییەکەیدا دەبینێت.