كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
نوری بێخاڵی 13/06/2020

پۆپۆلیزم و گوتاری پۆپۆلیستی.. لە گرێی دەروونییەوە بۆ شکستپێهێنانی پرۆسەی سیاسی!

به‌شى دووه‌م

 

لە دوێنێوە بۆ ئەمڕۆ!
بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە واتا و ڕەهەندەکانی پۆپۆلیزم و ئەو گۆڕانگارییانەی، کە پێ بەپێی قۆناغە مێژووییەکان و بەرمەبنای گۆڕانی هەلومەرجە سیاسییەکان، هەروەها سروشتی گوتاری سیاسیی هێز و کاراکتەرەکان لە ژینگە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییە جیاوازەکاندا بەسەریدا هاتووە. ڕەنگە گەڕانەوە بۆ ساتەوەختی مێژوویی سەرهەڵدان و دواتر بۆ ئەو قۆناغە مێژووییانە، کە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ دیادرەکە پێیدا تێپەڕیوە و لەو ماوە مێژووییەشدا چەندین هەڵبەز و دابەزی بەخۆیەوە بینیوە، کۆمەکی زیاترمان بکات.

ئەگەرچی وەک دیاردە و دەرکەوتەیەکی سیاسی، هەروەها ئەوەی، کە وەک چەمکێکی سەربەخۆ هاتە ناو فەرهەنگی سیاسیی هاوچەرخ، مێژووەکەی بۆ ناوەڕاستی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە دەگەڕێتەوە، بەڵام سەرچاوە مێژووییەکان پێمان دەڵێن، کە پۆپۆلیزم و گوتاری پۆپۆلیستی، لەناو مێژووێکی زۆر کۆنتری مرۆڤایەتیشدا هەبووە.

سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لە یۆنانی کۆندا و بەتایبەتی لە سەردەمی سەرهەڵدان و گەشەکردنی دیماگۆجییەکاندا و ئەو ئاژاوە و پشێوییەی بەدوای خۆیاندا هێنایان، وای لە (ئەفلاتوون و ئەرستۆ) کرد، کە بە چاوێکی کەم و نزم، سەیری کۆمەڵ، یان گرووپگەلی مێگەلی بکەن. هەروەها دەرکەوتنی کاراکتەرگەلی پۆپۆلیست لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانیدا، بەتایبەتی ئەوانەی توانا و لێهاتوویی و شارەزایی وتاربێژیی خۆیان لەپێناو گەیشتن بە ئامانج و بەرژوەندییەکانیان، لە دنەدان و وروژاندنی هەست و سۆزی گرووپگەلدا بینی، نموونەیەکی زیندووی ناو ئەو مێژووە و لەو نێوەشدا وەک دیارترین کاراکتەری پۆپۆلیستیش، ئاماژە بە (یۆلیۆس قەیسەر) دەکەن.

ئەم دیاردەی پۆپۆلیزمە کەم و زۆر کۆمەڵگاکانی سەردەمە کۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی گرتووەتەوە، بەتایبەتی، کە بەهۆی قۆستنەوەی کاریگەریی دابونەریتەکان و نەزانیی خەڵک و ڕاهاتنیان لەسەر سرووتەکانی ملکەچی و گوێڕایەڵی و شوێنکەوتنی هەراوهۆریا، شوێنپێی خۆی پتەو و جێگیر کردووە. لەوانەیە هەر ئەمەش هۆکاری ئەوە بووبێت، کە زۆربەی مێژوونووسەکان، گەل، یان خەڵک، یاخود جەماوەر بە “مێگەل، بازاڕیی، ڕەشۆکیی” و چەندین ناو و ناتۆرەی دیکەی ناچیزە، ناو بنێن.

بە هەرحاڵ، دەرکەوتنی پۆپۆلیزم (populism) وەک چەمک لەناو فیکری سیاسیی هاوچەرخدا، بە دروستی بۆ سەدەی نۆزدە دەگەڕێتەوە. ڕوونتر بڵێین: شوێنکاتی لەدایکبوون و سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم، کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرزەمینی هەر یەکە لە ڕووسیا و ئەمەریکایە.

هەرکات پرس و باسی پۆپۆلیزم بێتە گۆڕێ، ئەوا بۆ کەسی چاودێر و ئاگادار لە مێژووی سیاسیی جیهان، ڕاستەوخۆ بزووتنەوەی جووتیاریی بارگاوی بە هەندێ ڕووپۆشی سۆسیالیستی، کە ئامانجی ڕزگارکردنی جووتیارانی ڕووسیا بوو، لە دەوروبەری ساڵی ١٨٧٠. هەروەها بزووتنەوەی ناڕەزایی لە ئەمەریکا لە دژی بانکەکان و کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسنینی دێتەوە یاد.

وێڕای ئەوەی دوای دووەم جەنگی جیهانی، پۆپۆلیزم لە ئەورووپا پاشەکشەی کرد و چووەوە یەک، بەڵام لەبەرامبەردا لە فۆڕمێکی دیکە و بە شێوەیەکی تر لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا دەرکەوتەوە و چەکەرەی کرد. بەجۆرێک، پۆپۆلیزم و بزووتنەوە پۆپۆلیستەکان لە جیهانی سێیەمدا بە واتا و ناوەڕۆکی جیاوازی (نەتەوەیی - نموونەکەی جەمال عەبدولناسڕ) و (ئایینی - ئیخوان موسلمین) و (گەلێریی - میللی - قەزافی و بزووتنەوە هاوشێوەکانی لە ناوچەکە)، هەروەها (نیشتمانی و کۆمەڵایەتی - نموونەکانی ئەمەریکای لاتینی) هاتنەوە گۆڕەپانەکە.

لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووشدا و لەگەڵ گەڕانەوەی پارتی پارێزگارانی بەریتانی بە سەرۆکایەتیی (مارگرێت تاچەر) بۆ دەسەڵات و هاتنە سەر حوکمی (ڕۆناڵد ڕێگان) لە ئەمەریکا، پۆپۆلیزم دووبارە و بەهێزەوە هاتەوە و بەردەوام بوو. لە نەوەدەکانی سەدەی بیستەمیشدا ژمارەیەک بیرمەند، بەرپرسیارێتیی هەڵکشانی کێرڤی پۆپۆلیزم و دەرکەوتنی کارای ڕەوتە پۆپۆلیستەکانیان خستە ئەستۆی (جیهانگیری - Globalisation) و لێکەوتە و دەرهاویشتە ئابووری و دارایی و تەناهی و کۆمەڵایەتییەکانی.

لەگەڵ دەسپێکی هەزارەی سێیەمیشدا، بە سوودوەرگرتن لە پرسەکانی (کۆچ و پەنابەری، قەیرانی دارایی، دووبارە سەرهەڵدانەوەی مەیل و گوتارە ڕاسیسزمییەکان، بزووتنەوەکانی بەرگریکردن لە شوناسی نیشتمانی، جەختکردنەوە لەسەر سیاسەتەکانی بەرگری و هەڵوێستی نەرێنی لە ئاست مافەکان مرۆڤ و……)، بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان لە بەدەستهێنانی بەرکەوتەی هەڵبژاردنەکاندا، بەرەو پێشەوە چوون و کاراتر بوون.

وەکووتر هەژموونی یەکێتیی ئەورووپا بەسەر سیاسەتە گشتییەکانی وڵاتانی ئەورووپا و نیگەرانی و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی لە ئاست شەپۆلی پەنابەران، ئەمەو لەگەڵ دەرکەوتن و گەشەکردنی گرووپەکانی “ژاواژاو”، کە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە کردنەوەی دەرگا و دەروازە لەبەردەم سەرهەڵدانی بزووتنەوە ڕاستڕەوە پەڕگیرەکان گێڕا، کە ئەمەش لێدانی زەنگی مەترسیی سەرکەوتنی بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان بوو.

لە ساڵی ٢٠١٦ بەسەرەوە، دەستەواژەی پۆپۆلیزم بەشێوەیەکی بەرفراوان بووە باس و خواسی میدیاکان و نێوەندەکانی توێژینەوە، بەتایبەتی لە ساتەوەختی ڕاپرسی لەسەر چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا، بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ئەمەریکا، ڕاپرسی لەسەر هەموارکردنەوەی دەستوور لە ئیتالیا و زۆر ڕووداو و پێشهاتی دیکەی سیاسی لە ئاستی جیهان و ناوچەکەدا.

لەنێوان چەپ و ڕاستدا!
خاڵێک، کە لە بابەتی پۆپۆلیزمدا، بەردەوام جێی مشتومڕ و گفتوگۆ بووە ئەوەیە، کە ئاخۆ پۆپۆلیزم و بزاوتی پۆپۆلیستی دەچێتە خانەی چەپڕەوی، یان ڕاستڕەوی؟
ڕاستییەکەی، وێرای ئەوەی، ناوهێنانی وشە و دەستەواژەی گەلێری (میللی) ڕاستەوخۆ خەیاڵمان بباتەوە سەر بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان. بەو پێیەی دەستەواژەکە لە کۆزەین و بیرەوەریی گشتیدا، واتا، یان ڕاستتر بڵێین ڕەهەند و خەسڵەت و تایبەمەندییەکی چەپڕەوانەی هەیە، بەتایبەتی کاتێ دەچێتە خانەی بزووتنەوەی سیاسی، بەڵام پۆپۆلیزم هەرگیز ئاراستەیەکی تەواو چەپڕەوی رووت نەبووە و نییە.

ئەزموونە دوور و نزیک، کۆن و نوێیەکانی پۆپۆلیزمیش لە جیهاندا پێمان دەڵێن، کە دەشێ لە یەک کاتدا پۆپۆلیزمێکی چەپڕەو و یەکێکی دیکەی ڕاستڕەومان هەبێت. بۆ نموونە: وەک چۆن بزووتنەوە جووتیارییەکەی ڕووسیا لە سەدەی نۆزدەدا، فۆڕمێکی نیمچە چەپڕەوی هەبوو، لەبەرامبەریشدا جوڵانەوە ناڕەزایەتییەکەی ئەمەریکای هەمان سەدە نەچووەتە ژێر باری هیچ تایبەتمەندییەکی چەپڕەوانە. بە هەمان شێوە، لە سەردەمی ئێستاشماندا ئەگەر پۆپۆلیزم و بزووتنەوەی پۆپۆلیستی لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتین، مۆرک و سروشتێکی چەپڕەوانەی هەبووبێت و هەبێت (هۆگۆ چافێز لە فەنزوێلا وەک نموونە)، ئەوا لە سەرتاسەری ئەورووپا و ئەمەریکادا، مۆرک و سروشتێکی ڕاستڕەوانەی هەیە. تەنانەت دەشێ هەردوو فۆڕمی پۆپۆلیزم، بە یەک ئەندازە، هەڵگری گوتار و ڕەفتاری توندڕۆ و پەڕگیرانەش بن. تا ئەو ئاستەی لەناو جەرگەی وڵاتانی ئەورووپاشدا پۆپۆلیزم لە بەرگی جیاوازدا دەرکەوتووە (چەپڕەو لە ئیسپانیا و ڕاستڕەوی لە فەڕەنسا).

لەم نێوەدا، گرێی ئاڵۆز و کێشە سەرەکییەکە لە چەپڕەوبوون، یان ڕاستڕەوبوونی پۆپۆلیزمدا نییە، بەقەد ئەوەی لە مەترسیی گوتار و کاردانەوەکانی و لێکەوتەکانی دایە. بەوپێیەی، کە بزووتنەوەی پۆپۆلیستی لەو ڕۆژگارەدا بووەتە خێو، یان دێوەزمە و وەک هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ڕۆشنبیری و کولتووری، چوارچێوەی گرتووە و سێبەری مەترسی و هەڕەشەکانی هەموو کونج و کەلەبەرێکی جیهانی تەنیوەتەوە. سێبەری قورسی خێوێکی ترسناک، کە لەگەڵ خۆیدا ترس و نیگەرانی و دڵەڕاوکێی هێناوە و مەترسییەکی بەردەوامە بۆسەر تێکدانی سەقامگیریی سیاسی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی. بەتایبەتی ئەگەر مەترسیی پۆپۆلیزمی ڕاستڕەو وەربگرین، کە بەراورد بە چەپڕەوەکان، لە لووتکەی توندڕۆیی و پەڕگیریدایە.

دۆخەکە بە جۆرێکە، کە لە سایەی نما و گەشەکردنی پۆپۆلیزمی ڕاستڕەو لەم سەردەمەدا، خەریکە پۆپۆلسیتەکان و بزووتنەوەکانیان دەبنە هەڕەشەیەکی جدیی دووبارە سەرهەڵدانەوەی کارای ڕاسیسزم، ئەمەو جگە لە تێکدانی هاوسەنگییە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت کولتوورییەکانی وڵاتەکانیان. ئەم هەڵکشانە بەرچاو و خێرا و ترسناکەی ئەم ڕەوتە، خەیاڵمان دەباتەوە سەر ئەو ڕۆژگارانەی، کە بەر لە دووەم جەنگی جیهانی و تەنانەت کەمێکش دوای ئەو ماوەیەشمان بیر دەخاتەوە، کە هێشتا کۆمۆنیزمی عەقڵیەت و ڕەفتار و خەسڵەت (ستالین)یانە، شەپۆلی بەرەو دونیای دەرەوەی خۆی دەدا و لە سایەیدا چەندین بزووتنەوە و هێزی توندڕەوی چەپ، کە مۆرکێکی تەواو پۆپۆلیستییان هەبوو، بووبوونە مەترسی لەسەر بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکانیان. پۆپۆلیستیی ئایینییش بە لای خۆیەوە، کە ساڵانێکە و لەژێر دروشمی (ئیسلام تاکە چارەسەرە)، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامیی بەتەواوی نوقمی پشێوی و ئاڵۆزی و ئاژاوە کردووە (بە هەرێمی کوردستانیشەوە!).
لەم نێوەدا نابێ خۆمان لەو ڕاستییە ببوێرین، کە یەکێک لە کاریگەرترین هۆکارەکانی دەرکەوتن و گەشەکردنی پۆپۆلیزم و هەڵکشانی کێرڤی بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان لە تەواوی دونیا و ناوچەکە، پەیوەندیی بە دۆخی ئابووری و خراپ حوکمڕانیی دەسەڵاتدار و مامەڵە و سەرەدەری ناتەندروستی سیستەمە سیاسییە حوکمڕانەکانەوە هەیە، لەگەڵ بارودۆخەکەدا. زیاتربوونی ڕێژەی گەندەڵی، بێدادی لە دابەشکردنی سامانی نیشتمانی، نایەکسانی لە ڕەخساندنی هەل و دەرفەتەکانی کار، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و بێکاری و….، کە هەموو ئەمانەش لەگەڵ خۆیاندا کاریگەرییان بەسەر تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگاکانەوە هەبووە. لە سایەی ئەم هەلومەرجە ناجۆرە ئابووری و کۆمەڵایەتییانەشدا، کاراکتەر و بزووتنەوە سیاسییە پۆپۆلیستەکان، هەلی ئەوەیان بۆ ڕەخساوە، کاوێژ لەسەر تووڕەیی و ناڕەزایی خەڵک و کار لەسەر وروژاندنی تەلی هەست و سۆزەکانیان بکەن و لە ڕێگایەوە وەک کاراکتەر و هێز و بزووتنەوەی هەلپەرست، کەشوهەوا و ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکە، بۆ بەدیهێنانی ئەجێندا و ئامانجە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکانیان و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان بقۆزنەوە، ئیتر هەر یەکەیان بەگوێرەی هەلومەرجی وڵات و کۆمەڵگاکانیان، ماشێن و ئامرازەکانی سەرخستنی گوتارە پۆپۆلیستییەکانیان خستووەتە گەڕ!