كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دەستەى گەشتوگوزار: هەر شوێنکى گەشتیاریی رێنمایی خۆپارێزى جێبەجێ نەکات دادەخرێت

"تەنیا لە سەرەتاى ئەم مانگەوە 40 شوێن بەهۆى پابەندنەبوون بە رێنماییەکانەوە لەهەولێر داخراون"


گوتەبێژى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمی کوردستان رایگەیاند تیمەکانیان رێنمایی تایبەتیان بە شوێنە گەشتیارییەکان داوە بۆ خۆپارێزى، هەر شوێنێکیش پابەند نەبێت بەرێنماییەکانى خۆپارێزى دادەخرێت.


نادر روستى، گوتەبێژى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "بەهۆى رێککارەکانى خۆپارێزى لە پەتاى کۆڕۆنا و قەدەغەى هاتوچۆوە، ماوەیەکى زۆر شوێنە گەشتیارییەکانى لە هەرێمى کوردستان داخرابوون، بەڵام دواى باشتربوونى رەوشەکە ئێستا شوێن و ناوچە گەشتیارییەکان کراونەتەوە، بەڵام بەمەرجى پابەندبوونە بەرێنماییە تەندروستییەکانى تایبەت بەخۆپارێزى لە پەتاى کۆڕنا، رێگەى کارکردنیان پێدەدرێت".

راشیگەیاند: "تیمەکانى چاودێرى بەرێوەبەرایەتى گەشتوگوزارى پارێزگا و قەزا و ناحیەکان، بەردەوام شوێنە گەشتیارییەکان بەسەر دەکەنەوە و رێنمایى تایبەتیان پێدەدەن و دەمامک و دەستکێشیان بەسەردا دابەش دەکەن، بە ئامانجى خۆپارێزى لە پەتاى کۆڕۆنا، هەر شوێنیکش پابەندى رێنماییەکان نەبێت سزا دەدرێت و دادەخرێت".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" لەسەرەتاى ئەم مانگەوە تەنیا لە سنوورى شارى هەولێر، 40 شوێن داخراون بەهۆى پابەندنەبوون بەرێنماییەکانى خۆپارێزى لە پەتاى کۆڕناوە، لە وانەش هۆتێل و مۆتێل و رێستۆرانت و ناوچەى گەشتیارى، ئەو جوڵە گەشتیارییەکەى کە هەیە هەرچەندە رێژەکەشى کەمە بەڵام مایەى دڵخۆشییە".