كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
بەرهەم عەلی 08/06/2020

كوان ئەوانەی دەیانگوت: كۆرۆنا درۆی حكوومەتە!


خەم لە بوونی درۆزن ناخۆم، بەڵام خەم لەو كەسانە دەخۆم كە باوەڕ بە درۆزنەكان دەكەن.

لەمێژە لە سلێمانی و (زۆنی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی) بەگشتی، ماشێنێكی میدیایی خراوەتە گەڕ، كە دروشمەكانی ئەمانەن: ”دژی پارتی بە، تاوەكوو بژیت! دژی پارتی بە تا ژمارەی دەنگەكانت زیاتر بێت! جنێو بە پارتی بدە تا جنێوت پێ نەدرێ، هێرش بكەرە سەر پارتی تا نانت نەبڕێ! لەسەر پارتی بنووسە، تا ببیتە شێرەبەفرینەی گۆڕەپانی میدیا! هەموو حكوومەت و دەسەڵات لە پارتیدا ببینە و هەموو گەندەڵی و تاوان و عەیب و عارەكانی زۆنی سەوز بە خەتای پارتی بزانە، تا پێت بگوترێت سەربەخۆ و ئەهلی و بێلایەن!“. خەم لە بوونی ئەو ماشێنە میدیاییەی دژ بە پارتی ناخۆم و زۆریش لێی ناكۆڵمەوە، چونكە دەزانم ئیعاز و سەرچاوەی فەرمانەكە لە دەرەوەی كوردستانەوەیە و پارە و بودجە زەبەلاحەكەشی لە ناو كوردستانەوە و لە پارەی خەڵكی كوردستان دەدرێت!
هەرگیز پارتی حزبێك نەبووە شایەنی رەخنە لێگرتن نەبێت، بەڵكوو پارتییش هەڵەی هەیە و دەبێ رەخنەی لێ بگیرێت، بەڵام خەم لەمانە دەخۆم:

- ئەو سلێمانیەی كە پایتەختی رۆشنبیرییە و پێگەیەكی جوانی هەیە لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن، جیا لەوەی زێدی خۆم و شاری بیرەوەرییە جوانەكانی منداڵی و گەنجیمە، تا ئەوپەری خۆشەویستییش خۆشم دەوێ، كەچی زۆر بەئاسانی بەشێك لە خەڵكەكەی كەوتوونەتە بن كاریگەریی درۆ و دەلەسەی هاژوهووژی ئەو ماشێنە ئیعلامییە و كاراكتەرە گومانبارەكانی.

- خەم لەوە دەخۆم، لە پرسێكی تەواو زانستی و پزیشكی و جیهانیی وەكوو كۆرۆنادا، زۆرینەی خەڵكەكەی شارەكەم (سلێمانی) كەوتە بەر كاریگەریی ئەو ماشێنە ئیعلامیەی كە لە رقی پارتی و حكوومەتی هەرێم دەیانگوت: ”كۆرۆنا درۆیەكی گەورەی حكوومەتە بۆ ئەوەی مووچە نەدرێ و خۆپیشاندان نەكرێ!“.

- خەم لەوە دەخۆم، كە لە پرسی كۆرۆنادا، ئەو خەڵكە زیندوو و زیرەك و خوێندەوارەی سلێمانی، زۆرینەیان بە قسەی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی و پزیشكان و ناوەندە پزیشكییە زانستییەكان و میدیا جیهانیەكانیان نەكرد و بە قسەی مامۆستا هادی عەلیی یەكگرتووی ئیسلامی و سۆران عومەری پەرلەمانتاری كۆمەڵ و ئەبووبەكر هەڵەدنی و شاسوار عەبدولواحید و میدیای سێبەر و هەتاوی یەكێتییان كرد كە دەیانگوت: كۆرۆنا درۆیە!

- خەم لەوە دەخۆم، كاتێك حكوومەتی هەرێم بازگەكانی هەولێر و ناوچەكانی خۆیی توند كردووە و لە هەموو بازگەكانی هەولێر و دهۆك، دەربازبوون ئاسان نییە و پشكنینی كۆرۆنا بۆ رێبواران و موسافیران دەكرێت، كەچی بەشێكی زۆری خەڵكی سلێمانی (بە كاریگەریی ئەو ماشێنە میدیاییەی دژ بە پارتی) زۆر دڵخۆش بوون بە كراوەیی بازگەكانی ناوچەی زۆنی یەكێتی، كە بەئاسانی لە سنووری باشماخی پێنجوێنەوە، تا سنووری ناوچەكانی هەولێر و كەركووك هیچ رێوشوێنێكی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنایان نەگرتووەتە بەر.

- خەم لەوە دەخۆم، كە خەڵكی شارەكەم (سلێمانیی ئازیز) هیچ پرسیار و لێكۆڵینەوەیەك لەوە ناكەن، كە ئاخۆ بۆچی لە كاتێكدا كە ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا لە كوردستان لە سفر نزیك بووبووەوە، لەپڕ لە پێنجوێنی سەر سنووری كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە یەك رۆژ زیاتر لە پەنجا تووشبووی نوێ تۆمار كران.

- خەم لەوە دەخۆم، كاتێك پیاوێكی ناسراوی سلێمانی لە نەخۆشخانە و لەسەر پێخەفی چارەسەری كۆرۆنادا، لە شاشەی تی ڤییەوە، دەیگوت: ”من تووشی كۆرۆنا بووم، تكایە خۆتان بپارێزن“ كەچی خەڵكانێكی زۆر هەر لە سلێمانیەوە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە، ئەو پیاوە باشەیان جنێوباران كرد و بۆیان نووسی: ”درۆ دەكەیت، تۆ كۆیلەی پارتیت، پارەت وەرگرتووە بۆ ئەوەی بڵێیت كۆرۆنام گرتووە“، دوای كۆچی دوایی ئەو پیاوەش، دیسان لەبری رەحمەت ناردن و دڵنەوایی كەسوكاری، هەر جنێویان بە گۆڕی دەدا.

- خەم لەوە دەخۆم، هەر كەسێك بیەوێ حزبێكی نوێ دابمەزرێنێت، یان خۆی بۆ پەرلەمان یان سەرۆك حزبێك كاندید بكات، لە سلێمانیەوە دەست بە جنێودان بە پارتی دەكات و زۆربەی خەڵكی ئەو شارەش زۆر بە ئاسانی بڕوای پێدەكەن، خەم لەوە دەخۆم تا ئێستاش دیارترین وەسیلە بۆ كۆكردنەوەی دەنگ لە سلێمانی و زۆنی یەكێتی، ئەوەیە كە جنێو بە پارتی بدەیت.

- خەم لەوە دەخۆم، بەشێكی زۆری خەڵكی سلێمانی و زۆنی یەكێتی، تا ئێستاش پێیان وایە ئەو هەموو غەدر و خیانەت و تاوان و گەندەڵی و ئیشە خراپانەی لەو زۆنەدا دەگوزەرێت، خەتای پارتییە، مەگەر نازانن لە سلێمانی، كێ خەڵك دەكوژێت و كێ لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە رۆژانە بایی یەك ملیۆن دۆلار نەوتی كەركووك دەدزێت و كێ دەست بەسەر زەوی و ماڵی گشتیدا دەگرێت و كێ هەموو كافیتریاكانی دەست بەسەرا گرتووە و كێ بازرگانیی مادەی هۆشبەر دەكات و كێ ئیرهابی فیكری دەكات و كێ ئەم گرد و ئەو گرد داگیر دەكات!

- خەم لەوە دەخۆم شارەكەم، سلێمانیە جوانەكەم، شاری نوكتە و قسەی خۆش و پەیوەندیی گەرمی كۆمەڵایەتی، ئێستا زۆرترین رێژەی تووشبوانی كۆرۆنای تێدایە، هەموو هۆكارەكەش ئەوە بوو، هەمان ئەو ماشێنە میدیاییەی لە سلێمانی لەدژی پارتی خراوەتە گەڕ، بە خەڵكی سلێمانیان گوت: ”كۆرۆنا وجوودی نییە و درۆی حكوومەتە!“، زۆر بەداخەوە بەشێكی بەرچاو لە خەڵكی سلێمانی بڕوایان بەم درۆیە كرد.

- خەم لەوە دەخۆم، ئێستا لە سلێمانی كەس ناپرسێت: كوان ئەوانەی دەیانگوت كۆرۆنا درۆی حكوومەتە؟

خودای گەورە سلێمانی و هەموو شارەكانی كوردستان و مرۆڤایەتی بپارێزێت لە بەڵای كۆرۆنا و لە بەڵای ئەوانەی رۆژانە ئازاری سلێمانی و كوردستان دەدەن و ئەوانەی دەڵێن: ”كۆرۆنا درۆیە“.