كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

شوێنەوارە دۆزراوەکانی هەڵەبجە ساختەن یان ئەسڵی؟

 

شەوی رابردوو لە شاری هەلەبجە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارە دەست بەسەر کۆمەڵێ پارچەی شوێنەوار گیراوە کە بە مەبەستی بازرگانیکردن هێنراوەتەوە هەڵەبجە.

بە گوتەی سەرچاوەکان ئەم پارچانە کە بریتین لە حەوت پارچە پەیکەر و چوار هەزار و ٧٨٦ دراو کە لە لایەن دوو کەس بە ناوەکانی ( ه.ص.ا) و (ت.ح.ح) لە شاری سلێمانییەوە بە مەبەستی ساخ کردنەوە هێنراوەتەوە شاری هەڵەبجە، ئیستا لە بنکەی ئاسایشی شارەزوور پارێزراون.

ئاسایشی شارەزوور ئەم زانیارییانەی بڵاو کردوقەتەوە کە ئەم دوو کەسە کوردن و خەڵکی باشوری کوردستانن و ئێستا لە بەندیخانەن.

سەبارەت بە ساختەبوون یان شوێنەواری بوونی پارچەکان (کاروان ئیسماییل عەبدولڕەحمان) بەرێوەبەری شوێنەواری شاری هەلەبجە بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "هێشتا لە ئەسڵ یان ساختە بوونی پارچەکان دڵنیا نین، بەڵام سەبارەت بە دراوەکان دەتوانین بڵێن کە سکەکان سەداسەد دراوی ئەسڵی و کۆنن، بەڵام جارێ ناتوانین تەمەن یان سەردەمەکەیان دیاری بکەین".

بە پێی یاسا و رێسای شوێنەواری لە پاش دۆزینەوە یان دەست بەسەر داگرتنی پارچەی شوێنەواری پێوێستە کەسانی پسپۆر و شارەزا لە پاش بینینی پارچەکان بڕیاری لەسەر بدەن کە ئایا ئەمانە پارچە شوێنەواری ئەسڵین یان خود ساختە، هەر لە سەر ئەم بابەتە بەرێوەبەری شوێنەواری هەڵەبجە گوتی: "لەبەر ئەوەی کە ئێستا لە پشووی جەژن داین و دەوامی فەرمی نییە بۆیە دەبێت کۆبوونەوەی لێژنەی شوێنەواری بۆ هەفتەی داهاتوو دابنرێت هەڵبەت ئەویش لە پاش ئەوەی دۆسیەکە دەچێتە لای حاکم".

بابەتی بازرگانیکردن بە پارچەی شوینەواری یەکێک لە کێشە باوەکانی ئەم بوارەیە کە جارجارە ئەم کێشەیە بەرۆکی شوێنەوارەکانی کوردستانیش دەگرێتەوە و ناوچەکانی کوردستان بەهۆی هەبوونی شوێنی شوێنەواری زۆر و گرنگ دوور نین لەم دیاردەیە، بەڵام سەرەڕای روودانی ئەمجۆرە رووداوانە لە هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی یاسای شوێنەواری کوردستانی و کار پێنەکردن بە یاسای شوێنەواری عێراقی زۆرجار ئەم رووداوانە بە سادەیی و بە سزایەکی کەم تێدەپەڕێت کە ئەویش دەبێتە هۆی دووبارە بوونەوەی ئەم رووداوانە.