دكتۆر فایه‌ق گوڵپى، سیاسه‌تمه‌دار و پێشمەرگەی دێرین و سه‌رۆكى پێشووى پارتى چاره‌سه‌رى دیمو‌كراتى كوردستان (باڵی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کە ئیستا هەڵوەشاوەتەوە) له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ى (باس‌نیوز)دا باسی پڕۆژه‌ى لامه‌ركه‌زیی سلێمانی ده‌كات و پێى وایه سیسته‌مى لامه‌ركه‌زى بۆ هه‌موو شاره‌كانى كوردستان گرنگه و كارێكى باشە، بەڵام نابێت بۆ گەڕانەوە سەر عێراق بێت. جەختیش دەکاتەوە کە ئەوانەی ئێستا حوکمی یەکێتی دەکەن، زەمینەی ئینشقاقیان لەنێو حزبەکە خۆش کردووە و خەباتگێڕانی دێرینیان پشتگوێ خستووە و دژایەتییان دەكەن.
باس‌نیوز: ماوه‌یه‌كه یه‌كێتی له سلێمانی باسی سیسته‌می لامه‌ركه‌زیه‌ت ده‌كات، خوێندنه‌وه‌ی به‌ڕێزتان بۆ ئه‌و لامه‌ركه‌زیه‌تە چییە؟
فایه‌ق گوڵپی: لامه‌ركه‌زیه‌ت قووڵكردنه‌وه‌ی سیستمی دیموكراسییه، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام لامه‌ركه‌زی ئیداری و ئابووری هه‌بێت، به‌ڵام ته‌نها له سنووری سلێمانیدا نه‌بێت، به‌ڵكوو هه‌موو شار و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگرێته‌وه. بەڵام ئێستا یه‌كێتی دێت بۆ كاتێك پێویستی به سیسته‌می لامه‌ركه‌زییه، ئه‌وه بابه‌تێكی دیكه‌یه. ده‌بێ یه‌كێتی لامه‌ركه‌زی بۆ سه‌رجه‌م ناوچه‌كان داوا بكات، له په‌رله‌مان وه‌ك پرۆژه‌یه‌ك پێشنیازی بكات، ئه‌و كاته شتێكی باشه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر لێره‌وه له رێگه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانییه‌وه بڵێت ”داوای لامه‌ركه‌زی ده‌كه‌ین و ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئه‌مه قبووڵ نه‌كات ئێمه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ عێراق دروست ده‌كه‌ین“، ئه‌وه سیاسه‌تێكی هه‌ڵه‌یه! دواجار كێشه‌ی سه‌ره‌كیی ئێمه‌ی گه‌لی كورد كێشه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییه، ئه‌گه‌ر دوو پارێزگا له هه‌رێمی كوردستان داببڕێت، ئه‌وه دابه‌شكردنه‌وه‌ی باشووری كوردستانه، ئه‌گه‌ر سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و ڕانیه و گه‌رمیان بخرێنه‌وه سه‌ر عێراق، ئه‌وا من له‌گه‌ڵ ئه‌و لامه‌ركه‌زیه‌دا نیم.
باس‌نیوز: بۆچی یه‌كێتی ته‌نیا له سلێمانی داوای لامه‌ركه‌زیه‌ت ده‌كات؟
فایه‌ق گوڵپی: یه‌كێتی خۆی به ده‌سه‌ڵاتداری سلێمانی ده‌زانێت، بۆیه داوای لامه‌ركه‌زیه‌تی بۆ ده‌كات، ده‌ڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ده‌ست پارتییه‌وە و پارتی زوڵم له سلێمانی ده‌كات، له ماوه‌ی رابردوودا په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی به‌راوردی بودجه‌ی شاره‌وانیی زاخۆ و كه‌لاریان كرد، ده‌یانگوت بڕێكی زۆر بودجه بۆ زاخۆ خه‌رج كراوه و بڕێكی كه‌م بودجه بۆ كه‌لار خه‌رج كراوه. بەڵام من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام ئه‌م پرۆژه‌یه ته‌نیا بۆ سلێمانی نه‌بێت، با بۆ هه‌ولێر و دهۆكیش بێت، با له‌بری ئه‌وه‌ی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی باسی لێوه‌بكرێت، پرۆژه‌كه ببرێته په‌رله‌مان و ببێت به پرۆژه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه، یان با یه‌كێتی پرۆژه‌كه هه‌ڵبگرێت بۆ كاتی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، بیكات به پرۆژه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ی، ئه‌و كاته بۆ هه‌موو شار و شارۆچكه‌كان ده‌بێت و ده‌رده‌كه‌وێت كه پرۆژه‌كه ئامانجی سیاسیی نییه و بۆ خزمه‌تی خه‌ڵكه.
دابه‌شكردنی هه‌رێم و گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا سیاسه‌تێكی هه‌ڵه‌یه، جگه له‌وه‌ش هه‌وڵی دابڕینی سلێمانی له هه‌رێمی كوردستان، له عێراق كێشه‌ی ده‌ستووریی بۆ دروست ده‌بێت، چونكه هه‌رێم به‌پێی ماده‌ی ١١٦ و ١١٧ی دەستووری عێراق ڕێك خراوه، به گوێره‌ی ده‌ستوور سلێمانی بەشێکی هه‌رێمی کوردستانە، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت هه‌رێمێكی فیدراڵییش دروست بكات له‌گه‌ڵ عێراقدا، ئه‌و كاته ده‌بێت گۆڕانكاری له ده‌ستووردا بكرێت، مادده‌ی فیدراڵیی هه‌رێمی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، ئه‌وه‌ش سه‌رئێشه‌ی زۆری به‌دوادا دێت و ئه‌گه‌ری سەرگرتنیشی لاوازه.
باس‌نیوز: ئه‌گه‌ر یه‌كێتی لامه‌ركه‌زیه‌ت ڕابگه‌یه‌نێت و سلێمانی جیا بكاته‌وه، تا چه‌ند ده‌توانێت خزمه‌تی شاره‌كه بكات؟
فایه‌ق گوڵپی: له ڕابردوودا یه‌كێتی حاكمی ئه‌م شاره بوو، به‌ڵام به‌هۆی فره‌جه‌مسه‌ریی ناو یەکێتییەوە، نه‌یتوانی خزمه‌تێكی باشی بكات، چونكه كاتێك سه‌رۆكی حكوومه‌ت لە ئیدارەی سلێمانی یان وه‌زیرێكی سنووره‌كه بڕیارێكی ده‌رده‌كرد، چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ی به‌رپرسی یه‌كێتی ڕێگرییان له جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه ده‌كرد، ئه‌وه‌ش كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌بوو، ئێستاش كه ده‌ڵێن حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان خزمه‌تی سلێمانی و گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه و ڕاپه‌ڕین ناكات، ده‌بێت حكوومه‌ت هه‌رێمی کوردستان حیساب بۆ ئه‌و ره‌خنانه بكات، چاو به كاره‌كانیدا بخشێنێتەوە، نابێت حکوومەت زه‌مینه بۆ دروستبوونی جۆره سیاسه‌تێك خۆش بكات كه هه‌موومان به‌و سیاسه‌ته نیگه‌رانین. له‌م سنووره‌دا هه‌ندێك كه‌س پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی به‌لاوه گرنگ نییه، په‌رله‌مانتاری وا هه‌یه داوای دوو پایته‌ختی بۆ هه‌رێمی کوردستان ده‌كات، ئه‌وه‌ش ده‌بێت هۆی تێكدانی هه‌رێمی کوردستان.
باس‌نیوز: به بۆچوونی به‌ڕێزتان لامه‌ركه‌زیەت تاچه‌ند كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاڵبوونەوه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێت؟
فایه‌ق گوڵپی: له‌م بابه‌ته‌دا نوخبه‌ی سیاسی ره‌چاوی دوو بابه‌تی هه‌ستیار ده‌كات، پرسی نه‌ته‌وه‌یی و پرسی دیموكراسی، هاوسه‌نگانه بڕیار ده‌ده‌ن، به‌ڵام شه‌قام و گه‌نج و ئه‌وانه‌ی له تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شت ده‌نووسن، نه‌ك لامه‌ركه‌زی و به‌ستنه‌وه‌ی سلێمانی به عێراقیان به‌دڵه، به‌ڵكوو تیایاندایه ئاوات ده‌خوازێت به حوكمە دیکتاتۆرییەکەی سه‌دام، بۆیه ئه‌گه‌ر یه‌كێتی هه‌نگاو بنێت بۆ لامه‌ركه‌زیه‌ت و جیاكردنه‌وه‌ی سلێمانی له هه‌رێمی کوردستان، خەڵکێکی لەگەڵە، به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كه یه‌كێتی ده‌یكات، هه‌ڵه‌ی پارتیش ئه‌وه‌یه وای كردووه كه سلێمانی هه‌ست به جیاكاری بكات. ده‌بێت كێشه‌كه له بنه‌ڕه‌ته‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت و كێشه‌ی نێوان هه‌ولێر و سلێمانی و پارتی و سلێمانی و گه‌رمیان و یه‌كێتی و دهۆك و هه‌ولێر به سیاسه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی و به ده‌ستوورێكی دیموكراتی چاره‌سه‌ر بكرێت، تا كۆتایی به‌و دابڕانه بێت.
باس‌نیوز: هه‌ندێك پێیانوایه كه یه‌كێتی وه‌ك كارتێكی فشار به‌رامبه‌ر به پارتی باسی لامه‌ركه‌زیه‌ت ده‌كات، یه‌كێتی بۆچی كارتی فشار به‌كار ده‌هێنێت؟
فایه‌ق گوڵپی: پڕۆژه‌ی لامه‌ركه‌زیه‌ت هی گۆڕان بوو، به‌ڵام ئێستا یه‌كێتی له‌سه‌ر پرۆژه‌كه قسه ده‌كات، سه‌ركرده تازه‌كانی یه‌كێتی ده‌ڵێن حزبه‌كه‌یان لاواز بووه، بۆیه ده‌بێ پرۆژه‌ی خۆیان هه‌بێت، نابێت دوای پرۆژه‌ی مەرکەزیی پارتی بكه‌ون. له‌دوای ڕووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه، پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌ركرده تازانه‌ی یه‌كێتی كۆك نییه و و ناكۆكییان هه‌یه، بۆیه له‌م ڕۆژانه‌دا فراكسیۆنی یه‌كێتی خۆیان به ته‌نها له به‌غدا چوونه‌ته لای كۆمه‌ڵێك به‌رپرسی عێراقی له‌سه‌ر پرسی خانه‌قین و دۆخی ئه‌منیی كه‌ركووك و گه‌رمیان قسه‌یان كردووه، له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا یه‌كێتی ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعشی ڕاده‌ستی حكوومه‌تی عێراق كرده‌وه، به‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت یه‌كێتی زۆر حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی به‌لاوه گرنگ نییه و ده‌یه‌وێت فشار له‌سه‌ر پارتی دروست بكات و نیگه‌رانی بكات. سه‌ركردایه‌تیی نوێی یه‌كێتی دەیەوێت به ئاستی پارتی و سه‌رده‌می په‌نجا به په‌نجا بگاته‌وه. به بڕوای من هۆكاری پاشه‌كشه‌ی سیاسیی یه‌كێتی بۆ ئه‌و جیابوونه‌وه سیاسییانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا دووچاری بووه و به‌رده‌وامه، كێشه‌ی یه‌كێتی ئه‌وه‌یه ناتوانێ ئیداره‌ی به‌رپرس و كادیر جه‌ماوه‌ری بدات، له كاتێكدا له ساڵی ١٩٧٩ه‌وه پارتی یه‌ك جیابوونه‌وه‌ی تێدا بووه، به‌ڵام یه‌كێتی سێ جار جیابوونه‌وه‌ی تێدا دروست بووه، ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له یه‌كێتی جیا نه‌بوایه‌ته‌وه یه‌كێتی وا لاواز نه‌ده‌بوو. ئه‌و گه‌نجانه‌ی ئێستا حوكمی یه‌كێتی ده‌كه‌ن، كۆمه‌ڵێك شتیان به‌رامبه‌ر به كادیره كۆنه‌كانی خۆیان كردووه كه زه‌مینه خۆشكردنه نه‌ك بۆ جیابوونه‌وه‌ی (ئینشیقاق) و بۆ كێشه‌ی گه‌وره، بۆ نموونه بەڵێنیان به به‌رهه‌م ساڵح دابوو بیكه‌ن بە سه‌رۆكی یه‌كێتی، به‌ڵام وا ده‌رنه‌چوو، یان ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر شێخ جه‌عفه‌ر كردیان، ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به سامان گه‌رمیانی كرا، ئه‌وانه هۆكاری لاوازبوونی یه‌كێتین.
ره‌فتاری ئه‌و به‌رپرسه گه‌نجانه به مامه‌ڵه‌یه‌كی نادیموكراسی و بێوه‌فایی ده‌زانم، ئه‌و جۆره ره‌فتارانه زه‌مینه بۆ جیابوونه‌وه‌ی دیكه ساز ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی سیسته‌مێكی حزبیی دیموكراسی پەیڕەو بكات، وه‌ك ستراتیژ و وه‌ك پرۆژه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر پرسی لامه‌ركه‌زیه‌ت ئیش بكات، له هه‌ڵبژاردندا ده‌نگ به‌ده‌ست ده‌هێنێت، چونكه خه‌ڵك پشتگیری بابه‌ته‌كه ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ گه‌ڕانه‌وه بێت بۆ سه‌ر حكوومه‌تی عێراق، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و هێنده‌ی تر یه‌كێتی لاواز ده‌كات.
باس‌نیوز: سه‌ركرده ناڕازییه‌كانى یه‌كێتى ده‌ڵێن، سه‌ركردایه‌تیی نوێی یه‌كێتی به‌رامبه‌ر تێكۆشه‌ره‌كان بێ منه‌تن؟ پێتوایە ئه‌و بێمنه‌تییه یه‌كێتی ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ی گه‌وره‌تر بکاتەوە؟
فایه‌ق گوڵپی: به‌ڵێ، بێ منه‌تن و و تێكۆشه‌ره‌كانیان فه‌رامۆش كردووه، به‌ڵام به‌و هۆیه‌وه ئێستا سه‌ركردایه‌تیی نوێی یه‌كێتی له په‌راوێزدایه، ناكۆكییان له‌گه‌ڵ سه‌ركۆماری عێراق هه‌یه، ناكۆكییان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان هه‌یه، له‌گه‌ڵ پارتی و له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمیشدا ناكۆكن، جگه له‌وه‌ش كێشه‌یان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه مێژوویه‌كی دوور و درێژ لە نێو یه‌كێتیدا خه‌باتیان هه‌بووه، كه‌سانێكی تازه ده‌هێننه پێشه‌وه كه له ڕابردوودا بنه‌ماڵه‌كانیان تێكۆشه‌ر نه‌بوون و له‌به‌ره‌ی داگیركه‌راندا بوون. ئه‌م سه‌ركرده نوێیانه‌ی ئەمڕۆی یه‌كێتی له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌یان دوای ڕووخانی رژێمی سه‌دام له ده‌ره‌وه‌ی وڵات گه‌ڕاونه‌ته‌وه، واده‌زانن سیاسه‌ت و یه‌كێتی بوون له‌و كاته‌وه ده‌ستی پێكردووه كه ئه‌وان له ئه‌ورووپاوه گه‌ڕاونه‌ته‌وه، نازانن یه‌كێتی ئه‌وانه دروستیان كرد و گه‌یاندیانه ئه‌مڕۆ كه ئه‌وان ئه‌مڕۆ دژایه‌تییان ده‌كه‌ن و په‌راوێزیان ده‌خه‌ن!
مه‌سه‌له‌ی به بنه‌ماڵه‌كردنی یه‌كێتی كیشه‌یه‌كی تری ئه‌و حزبه‌یه، پێشتر به‌شێك له‌و كادیر و به‌رپرسانه‌ی وازیان له پارتی هێنا، ده‌یانگوت پارتی حزبی بنه‌ماڵه‌یه، ئێمه بڕوامان به حزبی بنه‌ماڵه نییه، ئێستا یه‌كێتی به‌ده‌ست بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانییه‌وه‌یه، ئه‌وه‌ش وای كرد چه‌ندان كادیر و به‌رپرسی یه‌كێتی وا بیر بكه‌نه‌وه و بڵێن، خۆ یه‌كێتیش بوو به حزبی بنه‌ماڵه، ئه‌گه‌ر هه‌موو حزبه‌كان بنه‌ماڵه‌یی بن، پارتی له هه‌موویان باشتره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ئه‌زموونی زیاتریان هه‌یه. ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه نوێیه‌ی یه‌كێتی وا ده‌زانن بڵێن به‌رپرسه كۆنه‌كان گه‌نده‌ڵ بوون ئێمه دژی گه‌نده‌ڵین، ئیتر رێگه‌ی گه‌شه‌كردن و به‌هێزبوونی یه‌كێتی له‌به‌رده‌میاندا ده‌كرێته‌وه. ئه‌مانیش خه‌ریكه هه‌مان هه‌ڵه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆران دووباره ده‌كه‌نه‌وه، گۆڕان گوتی، من جه‌ماوه‌رم هه‌یه، سیسته‌م ده‌گۆڕم، حیسابی بۆ ئه‌وه نه‌كرد كه پارتی و یه‌كێتی هێز و په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییان هه‌بوو، ئێستاش یه‌كێتی ته‌نها به باسكردنی گه‌نده‌ڵیی سه‌ركرده‌كانی پێشووی، ده‌یه‌وێت بچێته پێشه‌وه، ئه‌وه زۆر زه‌حمه‌ته.
باس‌نیوز: بە بڕوای تۆ ئه‌گه‌ر مام جه‌لال، له ژیاندا بوایه، ئه‌و بێمنه‌تییه‌ی سه‌ركردایه‌تیی نوێی یه‌كێتی به‌رامبه‌ر سه‌ركرده تێكۆشه‌ره‌كانی حزبه‌كه‌ی قەبووڵ ده‌كرد؟
فایه‌ق گوڵپی: مام جه‌لال كه‌سێكی كراوه بوو، پیاوێكی حزبیی ده‌مارگیر نه‌بوو، مرۆیی و نەتەوەییش بوو، زۆر حه‌زیشی له‌وه نه‌بوو بنه‌ماڵه‌كه‌ی دوای خۆی حوكم بكات، دوو جێگریشی بۆ خۆی دانا بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگە له به بنه‌ماڵه‌ییكردنی بگرێت، به‌ڵام دیاره ئه‌و كه‌سانەی لێیەوە نزیك بوون، حه‌زیان لێ بووه یه‌كێتی ببێت به حزبی بنه‌ماڵه، دوای كۆچی دوایی مام جه‌لال، ئه‌وه‌ی ویستیان، ئه‌نجامیان دا.