شه‌وێكى پڕ ئه‌ستێره‌ى مانگى گه‌لاوێژ بوو، بۆ تازییه و سه‌رساغى چووبوومه بنارى قه‌ندیل، خانه‌خوێ لێنه‌گه‌ڕان و گلیان دامه‌وه و گوتیان ئه‌م شه‌و لێره به و سبه‌ینێ زوو بڕۆره‌وه.
جێیه‌كیان بۆ ڕاخستبووم بۆنى گوڵیلكى كێویى لێ ده‌هات، چاوم چنه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌كان ده‌كرد و بازى خه‌یاڵم فڕىبوو. ده‌مگوت سه‌یر كه خه‌ڵك له‌م بنارى چیایه، به‌بێ ئه‌وه‌ى پێویستیان به یه‌ك تۆسقاڵ شتێكى دنیای ده‌ره‌وه بێت، چۆن ژیانى خۆیان ڕێكخستووه و چۆن بێ په‌روا و بێ منه‌ت ده‌ژین؟! ئه‌مه ته‌واو ماڵدارى و ده‌وڵه‌تدارییه.
زه‌نگى ته‌له‌فۆن خه‌یاڵى په‌رت كردم!
به‌م ناوه‌خته ئه‌مه كێیه؟
ته‌له‌فۆنه‌كه‌م نا به‌گوێمه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ى بزانم كێم له‌گه‌ڵدایه؟
خۆى پێ ناساندم و به بیرى هێنامه‌وه، كه ده‌ساڵێك پێش ئێستا زۆر گفتوگۆمان كردووه.
ئه‌وه‌ى زه‌نگى بۆ لێ دام كابرایه‌كى بیانى بوو له‌وانه‌ى كه له بوارى لێكۆڵینه‌وه‌ى سیاسی‌دا كار بۆ سه‌نته‌ره به‌ناوبانگه‌كانى بیركردنه‌وه‌ى جیهان ده‌كه‌ن.
له‌مانه زۆر ده‌ناسم و جاروبار گفتوگۆ ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له خه‌یاڵمدا نه‌بوو ئه‌وه بوو، به‌م شه‌وە دره‌نگه و له‌م كوێستانه و له‌م كات و ساته‌دا یه‌كێك له‌وانه بیه‌وێت گفتوگۆ بكات.
دواى هه‌واڵ پرسین كابرا گوتى:
ئه‌وه پێشبینییه‌كه‌ت هاته دى. سه‌یرم لێ هات! گوتم پێشبینیى چى؟
گوتى: ئه‌مڕۆ له جێگاى نه‌وشیروان مسته‌فا، عومه‌رى سه‌ید عه‌لى بوو به ڕێكخه‌رى گشتىی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان.
گوتم: جا ئه‌وه چ په‌یوه‌ندیى به منه‌وه هه‌یه؟
گوتى: چۆن په‌یوه‌ندیى به تۆوه نییه، ده ساڵێك پێش ئێستا و تازه نه‌وشیروان مسته‌فا له یه‌كێتیى جیا ببووه‌وه له تۆم پرسى ئه‌گه‌ر سه‌رۆك (مام جه‌لال) بمرێت كێ جێى ده‌گرێته‌وه؟ تۆ گوتت (عومه‌رى سه‌ید عه‌لى)، ئه‌وسا من سه‌یرم له‌م قسه‌یه‌ى تۆ ده‌هات، كه‌چى ئه‌وه‌تا ئێستا به شێوه‌یه‌كى تر پێشبینییه‌كه‌ت هاته دى. كابرا گوتى، بۆ ئه‌وه ته‌له‌فۆنم بۆ كردیت.
عه‌یامێكه (عومه‌رى سه‌ید عه‌لى) ده‌ناسم و دۆست و هاوڕێی ئازیزمه، له‌ناو ئه‌و سه‌ركرده و سیاسییانه‌دا، كه ناسیومن (سه‌ید عومه‌ر)م له زۆریان پێ سیاسیتره و كابرا به هه‌قیش به‌ته‌نگ خه‌ونى كورده‌وه‌یه و باكى به دنیاى فانییش نییه.
ئه‌گه‌ر ڕۆژى هاتمه سه‌ربارى نووسینه‌وه‌ى بیره‌وه‌رییه‌كانم، له‌وێدا شایه‌تیى بۆ سه‌ید ده‌ده‌م و لێره‌دا به‌ته‌نیا له‌سه‌ر قسه‌یه‌كى ده‌وه‌ستم، كه له ساڵى نه‌وه‌ده‌كاندا سه‌باره‌ت بە هه‌رێمى كوردستان ده‌یكرد و جارجاره‌ش سه‌رۆك مام جه‌لال به‌ناوى ئه‌وه‌وه به‌رباسى ده‌هێنایه‌وه و ده‌یگوت:
ئێمه دوو هۆده و هه‌یوانێكین.
به‌ڕاست ئه‌م هه‌رێمى كوردستانه‌ى ئێمه له‌چاو نه‌خشه‌ى جیهاندا زۆر بچووكه و له‌ناو سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تیشدا گه‌وره نییه و له ڕووى هه‌رێمایه‌تییشه‌وه هى ئه‌وه نییه كه شتى له‌خۆى زیاتری لێ بار بكرێت. پێویستمان به خۆداچوونه‌وه‌یه‌ك هه‌یه و نابێت به خه‌یاڵپڵاوى ڕه‌نجمان بێوه‌ر بێت.
له‌دواى ڕێكکه‌وتنى (ویستڤاڵیا)وه مۆركى به‌شداریكردن له جیهاندا له ڕێگه‌ى سیستمى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كان دروستكردنى ده‌وڵه‌ته. ئێمه‌ى كورد نه‌مانتوانى ئه‌مه بكه‌ین. یاخود ڕاستتره، بڵێم كه نه‌یانهێشت ببینه خاوه‌نى ده‌وڵه‌ت. ئه‌مه‌یان بابه‌تێكى تره.
جه‌غار، ئه‌وانه‌ى كه به‌شداریى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى نوێى عێراقیش بوون، ڕیشى ئێمه‌یان دایه‌وه ده‌ست (به‌غدا)، به‌ڵام به هه‌رحاڵ، جارێ دوو هۆده و هه‌یوانه‌كه‌مان هه‌یه و ئه‌مه‌ش كه‌م نییه و له قوڕگى جانه‌وه‌ردا ده‌رمانهێناوه، نه‌ك شێر!
هه‌رێمى كوردستان ڕووبه‌ره‌كه‌ى له وڵاتێكى وه‌كوو هۆڵه‌ندا گه‌وره‌تره و چوار ئه‌وه‌نده‌ى وڵاتى لوبنان ده‌بێت و به‌ته‌نیا ڕووبه‌رى پارێزگاى سلێمانى به‌قه‌د وڵاتێكى وه‌كوو ئیسرائیله.
كانزا، نه‌وت، گاز، گۆگرد، كشتوكاڵ، گه‌شتوگوزار خێروبێرى دونیاى تیایه. به‌ته‌نیا ده‌شتى شاره‌زوور ده‌توانێت به دانه‌وێڵه هه‌موو نیشتمانى عه‌ره‌ب تێر بكات.
كوردستان كه‌مه‌رى دونیایه، خۆرهه‌ڵات و خۆرئاواى گۆى زه‌وى به‌یه‌كتریه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. له‌كۆنه‌وه چوار رێگا بۆ په‌ڕینه‌وه هه‌بووه له‌نێوان خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوادا. باشترین ڕێگا به‌م وڵاته‌ى ئێمه‌دا تێپه‌ڕیوه، ئه‌وه‌ى مایه‌ى به‌خت بووه بۆ خه‌ڵك، بۆ ئێمه مایه‌ى به‌دبه‌ختى بووه.
سه‌ره‌تاى هه‌ره سه‌ره‌تاى مێژووى مرۆڤایه‌تى، به‌پێى به‌ڵگه‌نامه ئاركۆلۆجییه‌كانى خۆرئاوا، لێره‌وه ده‌ستى پێى كردووه. واز له‌هه موو ئه‌مانه بێنه. ئه‌م ئه‌مریكایه‌ى ئێستا حوكمى دنیا ده‌كات، چه‌ند سه‌د ساڵێك پێش ئێستا هه‌ر بوونى نه‌بووه، باوكانى دامه‌زرێنه‌ریان له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌وه به خائین ناوزه‌د ده‌كران. توانست و په‌ڕه‌پێدانى مرۆییانه له باریدایه په‌ڕجوو دروست بكات.
به‌درێژایى سه‌دان هه‌زار ساڵه كورد له‌سه‌ر ئه‌م خاكه ماوه‌ته‌وه، شارستانیى گه‌وره و نه‌ته‌وه‌ى گه‌وره‌تر تاراجیان نه‌ماوه و ته‌فروتوونا بوون، هیچ هێزێك نه‌یتوانیوه ماكى كوردبوون بسڕێته‌وه و ئه‌م خاكه‌ى لێ بستێنێ.
یه‌كێك له‌و شتانه‌ى، كه ده‌بێت به‌وردى توێژینه‌وه‌ى زانستیى له‌سه‌ر بكه‌ین و شانازیى پێوه بكه‌ین ئه‌وه‌یه، كه ئێمه له به‌ره‌به‌یانى مێژوووه‌وه تا ئێستا ماوینه‌ته‌وه.
جارێكیان خالید دلێر نووسیویه‌تى:
زۆرى سه‌ركه‌ش ویستوویانه ببنه گه‌وره‌ى ئه‌م كێوانه
به‌ڵام هه‌ر زوو هه‌ڵدێراون بوونه‌ته په‌ندى زه‌مانه!
من به تانوپۆ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌یدا ناچم، به‌ڵكوو ڕه‌هه‌نده زاستییه‌كه‌م لا مه‌به‌سته، چونكه له كۆتاییدا ئه‌وه‌ى گرنگه مانه‌وه‌یه و بیردۆزه‌كه‌ى (داروین)یش، كه شرۆڤه‌ى زینده‌گیى پێ كردووه به‌مه ده‌گات. ئه‌مه بۆ ئاینده‌ش ده‌شێت كایه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى ستراتیجی بێت.
هه‌رێمى كوردستان له هیچ شتێكى كه‌م نییه، جگه له خێروبێر، سه‌رمایه‌یه‌كى مرۆیى گه‌وره‌ى هه‌یه و نیوه‌ى دانیشتوانه‌كانى ته‌مه‌نیان له خوار بیست ساڵه‌وه‌یه.
بۆچى نه‌توانین وه‌به‌رهێنان له هه‌موو ئه‌مانه‌دا بكه‌ین؟
هێندێك ده‌ڵێن ئێمه ته‌نیاین و هه‌ر چیاكانمان هه‌یه، ئه‌مه نابێت نا‌ئومێد و غه‌مبارمان بكات، چونكه به‌تایبه‌ت ئا ئه‌م ته‌نیاییه سه‌ر و سامانمانه، جا كه نازانین وه‌به‌رهێنان له‌مه‌دا بكه‌ین و بیكه‌ینه پنتى به‌هێزبوون، ئه‌وه حاجى گوته‌نى (به‌ڵا له خۆمان...)ه.
له‌ناو هه‌رێمى كوردستاندا كێ هه‌رچیى هه‌ی و كێ چى ده‌خوازێ هه‌یبێت و كێش ده‌یەوێت ببێت به چى، مه‌سه‌له‌یه‌كه و ئه‌زموونه‌كه مه‌سه‌له‌یه‌كى تره. هه‌مووشمان كه ئێستا خه‌ریكه له‌سه‌ر نه‌خشه‌ى جیهان ده‌خوێندرێینه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌یه كه (كورد)ین، به‌بێ ئه‌مه‌ش كه‌سمان هه‌ر هیچ نیین.
له‌ڕاِستیدا قسه زۆره، منى بێ سه‌روسه‌ودا ده‌مه‌وێت كه‌مۆكه‌یه‌ك بڵێم:
ئه‌م ته‌هلوكه‌ى كۆرۆنایه ژێربه‌ڕه‌ى هێنایه سه‌ربه‌ڕە و ڕه‌ش و سپیى ده‌رخست. بۆ هه‌موو جیهان، نه‌ك هه‌ر بۆ كورد.
زۆر شت كه زۆر بایه‌خدار و گرنگ بوو، ده‌ركه‌وت نه بایه‌خى هه‌یه و نه گرنگه، شتى بچو‌وكیش كه‌وامان ده‌زانى هیچ نییه، ده‌ركه‌وت هه‌موو شته‌كه ئه‌وه.
هه‌موو ئه‌و په‌نده‌ى سروشت ده‌یه‌وێت له ڕێگاى كۆرۆناوه پێمان بسه‌لمێنێت ئه‌وه‌یه، كه مرۆڤایه‌تى پێویستى به‌م هه‌موو هه‌ڵپه و چاوچنۆكى و ته‌ماعكارییه نییه، پێویستى به‌م زێده‌ڕۆیى و زێده‌باییه نییه. زۆر شت به‌ئاسانى له‌به‌رده‌ستان و ڕه‌خساون و فه‌راهامن و ته‌نیا پێویستمان به‌وه‌یه بایه‌خى بزانین و به شێوه‌یه‌كى دروست به‌كارى بهێنین.
ده‌مێنێته‌وه بڵێم، به‌هۆى ده‌رده كۆرۆناوه منیش وه‌ك یه‌كێك له‌و ملیارانه‌ى، كه له‌سه‌ر گۆى زه‌وى ده‌ژین، له ماوه‌ى ڕابردوودا كه‌وتمه خه‌ڵوه‌تى خۆمه‌وه و گۆشه‌گیر بووم.
كوردى خۆمان گوتوویانه (دیاریى شوان هه‌ڵا‌كۆكه) من هیچ مه‌به‌ستم له‌وه نییه بڵێم ئه‌م نووسینه‌م دیاریى ئه‌و خه‌ڵوه‌ته‌یه. بۆ ئه‌وه‌مه بڵێم، كه‌سێكى ده‌ست و پێ سپیى وه‌كوو من خه‌ڵوه‌ته‌كه‌ى له‌ناو كاغه‌ز و كتێبدایه.
له‌ناو ئه‌و كاغه‌ز و كتێبانه‌دا، كه له خه‌ڵوه‌ته‌كه‌مدا له‌گه‌ڵیان سه‌رقاڵ بووم، خوێندنه‌وه‌ى ڕازونیازى پیاوانى منه‌وه‌ر و ڕ‌ۆشنبیرانى سه‌رده‌مى حكوومه‌ته‌كه‌ى مه‌لیك مه‌حموود بوو.
وه‌ى بابه چ خوێنده‌وار و ڕۆشنبیر و نیشتمانپه‌روه‌ر و دانشمه‌ند و دڵسۆزمان هه‌بووه!
لێره‌دا نامه‌وێت له‌وانه بم زام و برین بكولێنمه‌وه و بڵێم حكوومه‌ته‌كه‌ى (مه‌لیك مه‌حمود) خراپى كردووه، یان باشى كردووه. هه‌ڵسه‌نگاندنێكى مێژوویى وه‌ها به ڕاگوزه‌رى باسى لێوه ناكرێت و هه‌ر قۆناغه و له كایه‌ى رۆژگارى خۆیدا هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ ده‌كرێت.
ئه‌زموونى حكومه‌ته‌كه‌ى شێخ مه‌حموود سه‌ره‌تایه‌كى گرنگ بووه و ئه‌زمونى حكوومه‌تى هه‌رێمى ئێستاش درێژه‌ى ئه‌و كاروانه‌یه.
له‌ڕاستیدا من ده‌نگم به حكوومه‌ته‌كه‌ى (مه‌لیك مه‌حمود) ناگات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گوێى له ده‌نگم بێت، ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ى به‌گوێدا ده‌ده‌م:
یه‌كه‌م:
ئێمه له ڕابردوودا و له ئێستاشدا خه‌ڵكى دانشمه‌ند و خوێنده‌وار و ڕۆشنبیر و منه‌وه‌رمان هه‌بووه، زانا و لێزان و مه‌علان و شاره‌زا بوون. خه‌ڵك له‌م وڵاته‌دا، كه زانا و هونه‌رزانن به‌زیندوویى ڕێزیان لێ ناگیرێت، به مردووییش شوێنه‌واریان كوێر ده‌بێته‌وه، باشه بۆچى ده‌زگا و دامه‌زراوه‌یه‌ك نییه ئه‌م زانین و مه‌عریفه‌ته كۆ بكاته‌وه، هه‌ڵاوێردى بكات و په‌ندى لێ ده‌ربێنێت و كه‌ڵه‌كه‌ى بكات تا بۆ ئاینده شتى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر بنیات بنرێت؟
ئایا ئه‌م كولتووره‌ى، كه مرۆڤى كورد توانویه‌تى به خۆڕسكیى خۆى، بیكاته سیستمێكى به‌رگرى، بایى ئه‌وه نییه ئه‌م حكوومه‌ته‌ى كه هه‌مانه وه‌به‌رهێنانێكى زانستیى وه‌هاى تێدا بكات، كه هه‌موو مرۆڤایه‌تیى سه‌رسام بكات؟
دووه‌م: به هه‌زاران ساڵ پێش ئه‌وه‌ى ته‌نانه‌ت ئایینه ئیبراهیمییه‌كانیش ڕوو له‌م وڵاته بكه‌ن، كوردستان لانكى (چاكایه‌تى) بووه، خه‌ڵكى ئه‌م وڵاته خۆیان ژیاندووه، زه‌وییان له به‌رده‌ڵان ده‌رهێناوه و ئابووریی‌كى خۆڕسكیان چێ كردووه، ئێستا بۆچى وه‌به‌رهێنان له‌وه‌دا نه‌كه‌ین كه بتوانین خۆمان ئه‌م دوو هۆده و هه‌یوانه به‌ڕێوه ببه‌ین و گیرۆده‌ى به‌غدا نه‌بین؟
(حاجى قادرى كۆیى) نزیكه‌ى سه‌د و په‌نجا ساڵێك پێش ئێستا و له ڕووى خه‌مخۆرییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى كوردستان به‌ره‌و پێشه‌وه بچێت، گوتوویه‌تى (به ئۆیین سه‌ر به ده‌وڵه‌تێ بین چاكه).
ئێستا ئێمه نه‌ك به ئۆیین، به ده‌ستوور سه‌ر به ده‌وڵه‌تێكیشین و كه‌چى له‌جیاتى ئه‌وه‌ى بێیته مایه‌ى به‌ره‌وپێشچوون بۆمان، نانبڕاویشى كردووین!
دوو هۆده و هه‌یوانێكمان به خوێن و ئاره‌ق و فرمێسك و ئازار چێ كردووه، له ڕاست ڕاست و له خراپ خراپ كراوه. به‌رى كاروانێكى مێژوویى سه‌خت و ڕه‌نجى شێره‌ژن و جوانمێردانى نه‌ته‌وه‌یه‌ك هى ئه‌وه نییه به‌قوربانیى به‌رژەوه‌ندیى ده‌سته و تاقم و حزب و شێخ و ئاغا و كوێخا بكرێت.
له‌ناو كاغه‌ز و كتێبى كۆن و نوێ‌دا شتێكم كه‌وته به‌ر چاو، كه ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا فراكسیۆنى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له په‌رله‌مان پێشكه‌شیان كردووه.
شتێكى ساده و ساكاره و باسى چاكسازى و گێڕانه‌وه‌ى موڵكى گشتى و نه‌هێشتنى ده‌ستدرێژى و لاقرته‌یى ده‌كات و هانى چاكه‌خوازیى ده‌دات و داوا له حكوومه‌ت ده‌كات یاسا به‌كار ببات. له‌مه باشتر چى هه‌یه حكوومه‌ت بیكات؟
بارودۆخى گۆى زه‌وى ئاڵۆزه، بارودۆخى مرۆڤایه‌تى ئاڵۆزتره، بارودۆخى سیستمى نێوده‌وڵه‌تى زیاتر ئاڵۆزه، بارودۆخى كورد و هه‌رێمى كوردستانیش، له ئاڵۆسكان، ئاڵۆزتره، وا باشه خه‌یاڵپڵاو نه‌بینین و به خۆماندا ڕابمێنین.
(یورگه‌ن هابرماس) یه‌كێكه له بیرمه‌نده‌كانى ئه‌م زه‌مانه. له سه‌روبه‌ندى ئه‌م ده‌رده كۆرۆنایه‌دا پرسیاریان لێ كردبوو، له وه‌ڵامدا گوتبووى (ده‌ركه‌وت هیچ نازانین!).
ئه‌م دوو هۆده و هه‌یوانه‌مان هه‌یه و ئه‌گه‌ر بمانه‌وى بیكه‌ین به ماڵ، پێویستمان به‌وه‌یه فێر بین، كه سه‌نگى مه‌حه‌ك (زانین)ه و (نه‌زانین)یش ماڵوێرانییه!
یادیان به‌خێر، هه‌موو ئه‌و مامۆستایانه‌ى، كه شعر و شانامه‌یان ئه‌وه بوو، ئه‌م منداڵى كورده فێرى (زانین) بكه‌ن!