كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
دیار عه‌زیز 21/05/2020

رادەستکردنەوەی تۆمەتبارانی تیرۆر.. یەکێتی لەبەردەم بەرپرسیارێتیی پێشێلکردنی یاسادا

لەم ڕۆژانەی دوایی، یەکێتی بە ئاشکرا و لەبەردەم هەموان، باس لە رادەستکردنەوەی نزیکەی ١٧٠ تۆمەتباری تیرۆر دەکات کە پێش ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لە سنووری کەرکووکدا دەستگیر کراون و لەم ماوەیەدا لە بەندیخانەکانی سلێمانیدا بوون. هەرچەندە بەرپرسانی حزبەکە هەوڵدەدەن ئەم رادەستکردنەوەیە وەک بابەتێکی سیاسی وێنا بکەن، بەڵام لە یاسادا شتێک بە ناوی رادەستکردنەوەی سیاسیی تۆمەتبار نییە و یاسا ڕێوشوێنی خۆی بۆ دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی تۆمەتبار هەیە کە لێرەدا بەشێکی کورتی لێ روون دەکەینەوە.

 تۆمەتبار لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان:

بە گوێرەی ماددە ١١ لە جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، هەموو تۆمەتبارێک بێتاوانە تا ئەوکاتەی بەپێی یاسا و لە دادگاییکردنێکی ئاشکرادا تۆمەتەکەی بەسەردا دەسەلمێندرێت، سەرجەم گەرەنتییە پێویستەکانیشی بۆ بەرگری لەخۆکردنی هەیە.

هەروەها بەڵێننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەکان (العهد الدولي للحقوق المدنية والسياسية) لە ماددە ١٤دا بابەتی دادگاییکردن و تۆمەتباری ڕێکخستووە و لە خاڵی (ج)ی بڕگەی سێیەمدا هاتووە: (تۆمەتبار دادگایی بکرێت بەبێ دواخستنی بێ بیانوو).

بەهۆی ئەوەی یەکێتی لانی کەم لە ٢٠١٧ەوە تائێستا چارەنووسی ئەو تۆمەتبارانەی یەکلا نەکردووەتەوە، لە بەردەم یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر، خۆ ئەگەر دادگاییشی کردبن، ئەوا دواتر روونی دەکەینەوە.

دادگاییکردنی تۆمەتبار:

بە گوێرەی بڕگەی سێیەم لە ماددە ١٩ی دەستووری عێراق، دادگاییکردن مافێکی دەستەبەرکراوە بۆ هەموان، تۆمەتباریش لە هەموو قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردندا مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بکات.

کەواتە ئەو کەسانەی کە دەستگیر کراون، دەبێت لە ماوەیەکی مەعقولدا دادگایی بکرێن. جگە لەوەی لە بڕگەی ١٢ی هەمان ماددەدا هاتووە: (نابێت تۆمەتبار حەپس بکرێت یان ڕابگیرێت تەنیا لەو شوێنانە نەبێت کە بەپێی یاساکانی بەندکراوانی مەشمول بە چاودێریی تەندروستی و کۆمەڵایەتی دانراون و لەژێر دەسەڵاتەکانی دەوڵەتدان).

لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەو بەندکراوانە لە بەندیخانە فەرمییەکاندا بوون؟ ئەگەر لە بەندیخانەی فەرمیدابوون، حزب چۆن دەتوانێت دانوستانیان پێبکات و رادەستی ئەم و ئەویان بکاتەوە؟

جگە لەوەی بڕگەی ١٣ی هەمان ماددە جەخت دەکاتەوە کە دەبێت پەڕاوی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بخرێتە بەردەم دادوەری تایبەتمەند لە پاش دەستگیرکردنی تۆمەتبار و ناشبێت ئەمە درێژ بکرێتەوە تەنیا یەک جار نەبێت و بۆ ٢٤ کاتژمێر زیاتر نەبێت.

ئەگەر ئەم تۆمەتبارانە بە کرداری ئەم ڕێوشوێنانەیان گرتووەتە بەر و دادگایی کراون، کەواتە ڕادەستکردنەوەیان بە کەرکووک تەنیا مەگەر بۆ بەسەربردنی ماوەی بەندکرانەکەیان بێت، نەک ئەوەی کە لە نووسراوی ژمارە (اس \٢\٢٠\١١٦٠)ی رۆژی ١٩ی ٥ی ٢٠٢٠ی سەعد حەربیەی فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی کەرکووکدا هاتووە و لێژنەیەکی بۆ وردبینیکردنی ناوی تۆمەتبارەکان و پاشان رادەستکردنیان بە دادگاکان بەپێی جۆری تاوانەکانیان پێکهێناوە.

بۆیە ئەگەر تۆمەتبارەکان لە سلێمانی دادگایی کرابن، ئەوا بەپێی بڕگەی ٧ لە ماددە ١٤ی (العهد الدولي لحقوق المدنیة والسیاسیة) کە بە ڕوونی ئاماژە دراوە (نابێت تۆمەتبار لەسەر یەک تاوان دووجار دادگایی بکرێت).

گواستنەوەی دادگاییکردن:

یاسای (قانون اصول المحاكمات الجزائية)ی ژمارە ٢٣ی ساڵی ١٩٧١ی عێراقی کە ئێستاش بەرکارە، ڕێوشوێنی پێویستی بۆ گواستنەوەی دادگاییکردن لە دادگایەکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەستنیشان کردووە، هەروەک بەپێی بڕگەی (ا) لە ماددە ٥٣ی یاساکەدا هاتووە، ئەو شوێنەی کە هەموو تاوانەکە یان بەشێک لە تاوانەکەی یان کردەوەی تەواوکاری تاوانەکە یان ئەنجامی تاوانەکەی تێدا دەکەوێتەوە، دادگای ئەو شوێنە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە.

لەبەر ئەوەی ئەنجامی کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش لە کەرکووک، لە شوێنی دیکەشدا کەوتووەتەوە، بۆ نموونە ئەو کەسانەی کردەوەی تیرۆریستییان لە کەرکووک کردووە، بوونەتە هۆکاری ترس و تۆقاندن و کوشتنی ڕۆڵەی خەڵک لە سلێمانی و هەموو هەرێمی کوردستان، بۆیە ناتوانین بە تەنیا بەپێی (مکان الحادث) بڵێین دەبێت ئەو کەسانە تەنیا لە کەرکووک دادگایی بکرێن.

لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر دوو لایەنی دادگایی تایبەت بە لێکۆڵینەوە کەوتنە ناکۆکی لەسەر دادگاییکردنی تۆمەتبار، ئەوا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دادگاکانی تەمیز تایبەتمەندن بە یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکە.

بە گوێرەی بڕگەی (ب)ی هەمان ماددە، دەکرێت دادگاییکردنی تۆمەتبار بگوازرێتەوە لە دادگایەکەوە بۆ سنووری ئیختساسی دادگایەکی دیکە، بە فەرمانی ئەنجوومەنی دادوەری یان دادگای تەمیز، بە مەرجەکانی (ئەگەر بووە هۆی دەرخستنی ڕاستی، یان بۆ سەلامەتیی ژیانی تۆمەتبار دۆخەکە پێویستی بە گواستنەوە بوو).

کەواتە بەپێی یاسای عێراقی کە یەکێتی لەم سەردەمەدا زۆر بایەخ بە عێراق دەدات، وابزانم لایەنی پەیوەندیدار بە گواستنەوەی ئەو تۆمەتبارانە (ئەگەر بۆ دادگاییکردن بێت)، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک یان سەرۆک هۆزە عەرەبەکان یان فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکان نییە، بەڵکوو ئەنجوومەنەکانی دادوەریی عێراق و هەرێمی کوردستان و دادگاکانی تەمیزە، کەچی بەداخەوە لەم بابەتەدا دادگا هیچ ڕێزێکی لێنەگیراوە و وەک حەمەسوور دووشیوانی، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکیدا لە (دەنگی ئەمریکا) دەڵێت، بابەتی رادەستکردنەوەکەیان بە سیاسی سەیر کردووە.

ماوەی ڕاگرتن:

بەپێی قسەی بەرپرسانی یەکێتی، ئەو تۆمەتبارانەی رادەستکراونەتەوە، پێش ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دەستگیر کراون، ئەمەش واتا ماوەیەکی زۆر بەسەر دەستگیرکردنیاندا تێپەڕیوە.

بە گوێرەی ماددە ١٠٩ی یاسای بنەماکانی دادگەریی سزایی قانون اصول المحاكمات الجزائية)، ماوەی راگرتن (التوقیف) بەم شێوەیەیە:

بڕگەی (ا): ئەگەر دەستگیرکراو بە تاوانێک راگیرابوو کە سزاکەی لە حەبسکردن لە ٣ ساڵ زیاتر یان حەبسی کاتی یان هەتا هەتایی بوو، دادوەر بۆی هەیە فەرمانی تەوقیفکردنی بدات بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ بۆ هەر جارێک یان بە کەفالە ئازادی بکات.

بڕگەی (ب): ئەگەر دەستگیرکراو بە تاوانێک راگیرابوو کە سزاکەی لەسێدارەدان بوو، دەبێت بە راگیراوی بمێنێتەوە و نابێت بە کەفالە ئازاد بکرێت.

بڕگەی ج: نابێت ماوەی راگرتن لە یەک لەسەر چواری ماوەی هەرە زۆری سزاکە تێپەڕ ببێت، بە هەموو بارەکانیش نابێت لە ٦ مانگ زیاتر بێت و ئەگەر پێویستی کرد لەم ماوەیە زیاتر درێژ بکرێتەوە، دەبێت دادوەری لێکۆڵینەوە دۆسیەکە بخاتە بەردەم دادگای تاوانەکان تاوەکوو مۆڵەتی درێژکردنەوەی ماوەی راگرتنەکە وەربگرێت، بە مەرجێک سەرجەمی راگرتنەکە لە یەک لەسەر چواری سزاکەی زیاتر نەبێت.

کەواتە بەپێی یاسا، ڕاگرتنی بەندکراوان بۆ ماوەی زیاتر لە ٣ ساڵ لە بەندیخانەکانی یەکێتیدا خۆی پێشێلکارییە، هەرچەندە ئەوانە تۆمەتبارن بە کەیسی تیرۆر، بەڵام لەم حاڵەتەشدا نابێت ڕێوشوێنە یاساییەکان لەبارەی ماوەی راگرتنیان پێشێلکاری تێدا بکرێت.

کەواتە یەکێتی بەم بابەتی رادەستکردنەوەی تۆمەتبارانەدا، خۆی خستووەتە بەردەم بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر یاسای نێوخۆیی و نێودەوڵەتیشدا، ئەمەش لە لایەکەوە بۆ ناوبانگی حزبەکە خۆی خراپە، لە لایەکی دیکەوە بۆ ناوبانگی هەرێمی کوردستان و پەیڕەوکردنی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ئەنجامی نەرێنی لێ دەکەوێتەوە. ئەمە ئەگەر عەرەبە سوننەکانی کەرکووک و بە تایبەتیش شۆڤێنییەکان، لە ئاییندەدا و پاش ئەوەی ئیشیان بەم نەرمییەی یەکێتی نامێنێت، سکاڵایان لە دژ نەجووڵێنن و داوای قەرەبوویان لێنەکەن بەرامبەر بە راگرتنیان وەک تۆمەتبار بەپێی یاسا.

کێ مافی تانەدانی هەیە لە گواستنەوەی تۆمەتبارەکان:

ئەگەر ڕادەستکردنەوەی دیلەکانی داعش ڕێوشوێنی یاسایی وەربگرتایە و لە ڕێگەی لایەنە دادوەرییە فەرمییەکانەوە ئەم کارە بکرایە، ئەوا بەپێی ماددە ٣٦ی یاسای بنەمای دادگایی سزایی، ئەوا داواکاری گشتی مافی ئەوەی هەبوو کە ڕێوشوێنی تانەدان بگرێتە بەر. هەروەها بەپێی ماددە ٢٤٩ی هەمان یاسادا، کەسوکاری ئەو کەسانەشی کە لە کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەم تیرۆریستانەدا زەرەرمەند بوون، بۆ نموونە کەسوکاری شەهیدان (حوسێن مەنسوڕ یان شێرکۆ شوانی) یان هەر کەسێکی دیکە، لە دادگای تەمیز تانە لە بڕیاری گواستنەوەکە بدەن. بەڵام بەداخەوە ئەم گواستنەوەیەی دادگایە کە ناونراوە رادەستکردنەوەی دیلەکانی داعش، هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی تێدا پەیڕەو نەکراوە.