گروپی دەستڕەنگینی خانمانی پشدەر لە قەڵادزێ، پێشانگایەکیان بۆ بەرھەمی دەستی خانمانی گروپەکەیان کردەوە و دەڵێن ئامانجمانە کلتوری ڕەسەنی کوردەواری بپارێزین.
چرا ئەحمەد، یەکێک لە بەشداربووانی گروپی خانمانی دەستڕەنگینی پشدەر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "گروپی خانمانی دەستڕەنگینی پشدەر کە زیاتر لە دە خانم بەشدارییان تێدا کردبوو پێشانگەیەکمان بۆ بەرهەمە دەستیەکانمان کردەوە".
گوتیشی: "خانمانی ئەم دەڤەرە زۆر دەستڕەنگینن بەڵام لەگەڵ ئەوەش کاری دەستی لەم دەڤەرە نەبووەتە داهاتی ئافرەت، بۆیە ئێمە وەک ئەم گروپە دەمانەوێت هاوشانی شارەکانی دیکە کاری دەستی لەقەڵادزێ پەرە پێبدەین و براندێک بنیاد بێن هەنگاو بە هەنگاو و خۆشبەختانە لەگەڵ ئەوەی ڕەمەزان بوو بەرهەمە دەستییەکانمان فرۆشێکی باشی هەبوو و خەڵکێکی زۆر دەستخۆشییان لێ کردین".
هەروەها گوتی: "لە پێشەنگەکەدا خانمانی پشدەر کارە دەستیەکانیان نمایش کرد و ئامانجمان لە کردنەوەی ئەم پێشانگەیە نیشاندانی توانا و ھونەری دەستڕەنگینی خانمانی دەڤەرەکەمان و پەرەدان بەتواناکانی ئافرەتانی ئەم ناوچەیە تا وەکو هەر تاکێک بتوانین لەسەر پێیەکانی خۆمان بوەستن".
ئاماژەی بە ئەوەش کرد ئەو بەرهەمانەی نمایشمان کردن پێکهاتبوون لە کڵاوی سەردەمی کۆن و کۆڵوانە و مێخەک و دەستبەند و ملوانکەی ڕەنگا و ڕەنگ".