عەلی باباجان سەرۆكی پارتی (دەوا) لە توركیا، سیاسەتی حكوومەتی توركیای لەبارەی ئابوورییەوە پێ هەڵەیە و دەڵێت لە هەڵەكانیش بەردەوامن و ئاماژە بەوەش دەدات بانكی ناوەندیی توركیا پارەی یەدەكی كەم بووەتەوە و بەرەو توانەوە دەچێت.
عەلی باباجان، کە قسەی بۆ دوو رۆژنامەنووسی توركیا كردووە بە ناوەكانی (یاڤووز ئۆغان و ئاكیف باقی) لە رێگەی سۆسیال میدیاشەوە بڵاو كراوەتەوە.
ئەو مەترسیی خۆی بۆ ئایندەی ئابووریی توركیا دەربڕیوە و پێی وایە ئەگەر تورکیا لەسەر ئەو سیاسەتە ئابووریەی بەردەوام بێت، كارەساتی بەدواوە دێت.
باباجان دەڵێت: "ئەوەی ئێمە لێی دەترساین ئەوە بوو، بانكی ناوەندیی توركیا بێلایەنیی خۆی لە دەست بدات، بەداخەوە ئێستا ئەو بانكە بێلایەنیی خۆی لەدەست داوە و كەوتووەتە دەستی ئەردۆغان، ئەمەش وای كردووە چارەسەری ئابووریی توركیا ئەستەم بكات".
لە بەشێكی تری قسەكانیدا، ئاشكرای دەكات توركیا پارەی یەدەگی بانكی ناوەندی دەرهێناوە و خەرجی كردووە، بۆیە ئیستاش ناتوانێت بەرگەی ئەو قەیرانە بگرێت و رۆژ بە رۆژ قەیرانەكە سەختر دەبێت.
باباجان ئەوكاتەی لەسەر لیستی ئاكەپە وەزیری دارایی و ئابووریی توركیا بوو، ئابووریی توركیا لەوپەڕی باشیدا بوو و بە ئەندازیاری ئابووریی ناو ئاكەپە ناوی دەهێنرا.