كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
بەرهەم عەلی 06/05/2020

بۆچی ئێمە دادگایی بكرێین و پەرلەمانتار نەكرێت؟

بەدرێژایی ساڵانی كارم لە بواری میدیا و رۆژنامەوانیدا، تا ئێستا بەهۆی نووسین و كاری رۆژنامەوانیمەوە، پێنج جار سكاڵا لە دژی من كراوە و پێنج جار چوومەتە بەردەم پۆلیس و دادگا و پارێزەرم گرتووە و بەرگریم لە خۆم كردووە و بەڵگەی خۆمم پێشكەش بە پۆلیس و لێكۆڵەری داد و دادوەر كردووە و ئیفادەی خۆمم داوە، خۆ هەموو جارێكیش حوكمەكە لە بەرژەوەندیی من نەبووە، جار هەبووە دۆڕاندوومە، ئیدی منێك كە لە بواری رۆژنامەوانیدا كار دەكەم، خۆم ئامادەی چوونە بەردەم پۆلیس و دادگا بم و ملكەچی بڕیارەكانی بم، بۆچی پێم كفر بێت، پەرلەمانتارێك بدرێتە دادگا؟

بەشێكی زۆر لەو كەسانەی خۆیان بە (رۆشنبیر و رۆژنامەوان و میدیاكار)یش دەزانن و ئێستە خۆیان كردووە بە (پارێزەری خۆبەخش)ی سۆران عومەر لە میدیاكاندا و هەڵگرتنی پارێزبەندیی پەرلەمانی لەسەر سۆران عومەر بە (گوناحی گەورە!) دەزانن، خودی خۆیان چەندین سكاڵایان لەدژ كراوە و چەندین جار لە دادگاكانی كوردستان دادگایی كراون و حوكمی دادگاشیان قبووڵ بووە، ئیدی نازانم بۆچی دادگاییكردنی سۆران عومەریان پێ كفرە؟!    

هەڵگرتنی (پارێزبەندیی پەرلەمانی) نەك لەسەر سۆران عومەر، لەسەر هەر پەرلەمانتارێكی دیكە، جا پارتی بێت یان یەكگرتوو یان كۆمەڵ یان یەكێتی یان گۆڕان و.. هتد، ئەگەر كەیسەكەی بكەوێتە هەمان دۆخی كەیسی ئێستای سۆران عومەر و هاودۆخەكانیەوە، كارێكی زۆر زۆر ئاسایی و یاساییە و هیچ پێویست بەو بەزم و هەرا و هوریا و هەلڵایە ناكات، خۆ پەرلەمانتار پێغەمبەر نییە! مرۆڤێكی ئاساییە و هەڵە دەكات، هاووڵاتیەكە وەك هەر هاووڵاتییەكی تر، بە (قەزا و قەدەری دیموكراسی) بۆ پۆستێك كاندید كراوە. هەمووشمان دەزانین، لەم هەرێمی كوردستانەی خۆمان، پێوەرەكانی هەڵبژاردن لای هاووڵاتی چی و چین! ئەوەش باش دەزانین كە ئەوانەی نایانەوێ سۆران عومەر بدرێ بە دادگا، لەبەر خاتری چاوی رەشی خودی سۆران نییە، لە خەمی ئازادیی رادەربڕین و دیموكراسیەتیشدا نین، خۆزگە وا بوایە، بەڵام مەخابن وا نییە، بەڵكوو هەر گرووپە و ئامانج و بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیان هەیە، خۆزگە ئەو ئامانجانەش، ئامانجەگەلێكی رەوا و پیرۆز بوونایە، ئەو وەختیش تا رادەیەك قبووڵكراو بوو، بەڵام بەداخەوە ئەوەشیان وا نییە و ئامانجەكان تا بڵێی پۆخڵن.

ئەمڕۆ دەزگایەكی باڵای یاسایی داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر و چەند پەرلەمانتارێكی تر دەكات، لەسەر بنەمای كەیسێكی یاسایی كە سۆران عومەر تۆمەتی خستۆتە پاڵ كەسێك و وێڕای ئەوەش ئامادە نەبووە بەڵگەكانی پێشكەشی دادگا بكات و هیچ حسابی بۆ نەكردووە، ئەی بۆچی دادگا ناتوانێ راستەوخۆ لێپرسینەوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكات؟ چونكە ئەو برادەرە حەسانەی پەرلەمانیی هەیە! ئەمە پوختەی ئەو كەیسەی سۆران عومەرە و هیچی تر. ئەگەرچی ئەو هەڵگرتنی پارێزبەندییە لەمڕۆدا تەنیا لەدژی سۆران عومەر نییە و پەرلەمانتاری دیكەی سەر بە حزبەكانی تریشی تێدایە بە پەرلەمانتاری پارتییشەوە، بەڵام دەبێ ئەوەشمان لەبەرچاو بێت كە سبەی رەنگە چەندین پەرلەمانتاری تری هەر فراكسیۆنیك، سەرپێچی یان كەتنێك یان بوختانێك یان تەشهیر بە هەر كەس و گرووپێكی تر بكەن، خۆ دەبێ ئیدی لە هەرێمی كوردستان، پێگەی یاسا هێندە بچێتە پێش كە بتوانرێ پەرلەمانتاریش بدرێتە دادگا، ئیدی خەڵكانێك بۆچی ئەمەیان پێ ناخۆش بێت؟! تێناگەم بۆچی هەڵگرتنی پارێزبەندیی پەرلەمانی لەسەر سۆران عومەر، هەڕەشەیە لەسەر ئایندەی دیموكراسی و ئازادیی رادەربڕین و قسەكردن؟ ئەم خۆڵ خستنە چاوی خەڵكە لەپای چی؟ ئەی ئەو خەڵكەی بڕوای بەو درۆیە كردووە، چۆن دەبێ هێندە ساویلكە بن بڕوا بەو بانگەشە بێ بنەمایە بكەن؟ ئەنجامی دادگاییكردنی سۆران عومەر هەر شتێك بێت، دوای دەرچوونی بڕیاری دادگاش، سۆران عومەر وەك هەر هاووڵاتیەكی تر، دەتوانێ لە میدیاكانەوە بە كەیفی دڵی خۆی قسە بكات و بە ئازادی رای خۆی دەبڕێت (دوور لە بوختان و تەشهیر)، راستە هەرێمی كوردستان بەهەشتی دیموكراسی نییە، بەڵام دۆزەخیش نییە، بە سەدان كەناڵ و مینبەری تێدایە بۆ ئازادی رادەربڕین و قسەكردن. سۆران عومەریش رابردووی دیارە، نە محەمەدی مەهدییە، نە پاڵەوانی چاكسازییە، نە قارەمانی ئازادییە، نە فریادڕەسی دەردی بێدەوڵەتیە، هەموومان دەزانین لە زۆنی زەرد دژی گەندەڵی و هەر تاوانێكی بچووك و سەرپێچییەك دەنگی دلێر و بەرزە و قسەی زل و قەبە دەكات، بەڵام لە زۆنی سەوز، خیانەتی گەورە دەگوزەرێ، تاوانی گەورە دەكرێ، لافاوی گەندەڵی هەستاوە، خەباتگێڕی كورد تەسلیم دەكرێ و بە لەسێدارەدان دەبرێ، رۆژنامەوان ئەتك دەكرێ، خاك دەفرۆشرێ، وڵات دەدزرێ، كەچی سۆران عومەر كە خۆی خەڵكی زۆنی سەوزە و لە هەموو رووداوەكان ئاگادارە، بێ دەنگ و لێدوان و قسە و بێ دەم و زارە!