شاسوار عەبدولواحید مووچەی کارمەندانی NRT بڕیوە و گوتوویەتی کێ رازی نییە با بڕوات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شاسوار عەبدولواحید مووچەی کارمەندانی NRT بڕیوە و گوتوویەتی کێ رازی نییە با بڕوات

”کارمەندەکان کەناڵەکە دادەخەن و شاسواریش دەڵێت تەشویشی خراوەتە سەر“

سەرکردەیەکی پێشووی گرووپی نەوەی نوێ کە شاسوار عەبدولواحید دایمەزراندووە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێک، وردەکاریی کێشە داراییەکانی کەناڵەکەی شاسوار عەبدولواحید ئاشکرا دەکەن و رای دەگەیەنن کە بەهۆی قەرز و قەیرانی داراییەوە مووچەی کارمەندانی کەم دەکاتەوە.

خاڵس هەرکی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی نەوەی نوێ کە دواتر دەستی لەکار کێشایەوە، لە نووسینێکدا بە ناوی (چارەنووسی NRT و نەخۆشخانەی ١٠٠ قەرەوێلەیی!) ئاماژەی بەوە داوە کە لە ئەندامانی نەوەی نوێ و کارمەندانی کەناڵەکانی نالیاوە بیستوویەتی، لەوانەیە کارەکانی ئەو کەناڵانە و پەخشەکان ڕابگیرێن و لە دوو ڕۆژی رابردووشدا بۆ ماوەیەک رایانگرتووە، ”دڵنیام شاسوار دەڵێ تەشویشی خراوەتە سەر“.

ڕوونیشی کردووەتەوە کە پێشتر شاسوار عەبدولواحید مووچەی کارمەندانی کەناڵەکەی ”پاشەکەوت کردووە“ و بەڵێنی داوە لە مانگی چواردا پاشەکەوتەکەیان پێ بداتەوە، بەڵام ”ئێستا دەڵێن پاشەکەوتەکە نادرێتەوە و مووچەکانیش بە یەکجاری کەمدەکرێتەوە، “ئەوەیشی وەرینەگرێت، لێی دەخورێ و کێشەی خۆیەتی“.

خالس هەرکی باسیشی لەوە کردووە کە شاسوار عەبدولواحید لە ماوەی رابردوودا بەشێک لە کارمەندەکانی دەرکردووە و تەنانەت دوو لەوانە لە ڕۆژی ژنگواستنەوەیاندا بە تەلەفۆن پێیانگوتراوە کە دەرکراون.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ”بەم نزیکانە پەخشی کەناڵەکە ڕادەگیرێت و دواتر شاسوار عەبدولواحید دەڵێت کە تەشویشی خراوەتە سەر“.

لەبارەی ئەو نەخۆشخانە ١٠٠ قەرەوێڵەییەی شاسوار عەبدولواحید بانگەشەی بۆ دەکات، خاڵس هەرکی لە زاری ئەندامێکی نەوەی نوێوە دەڵێت: ”تەنها ١٠ قەرەوێڵەی داناوە و دەڵێت ١٠٠ قەرەوێڵەیە، چونکە ئاگادار کراوەتەوە کە لە بەرامبەر قەرزەکانی دەست بەسەر مۆڵەکەدا دەگیرێت، دەیەوێ دوایی بڵێ کردمان بە نەخۆشخانە بۆ خەڵک، بەڵام  داگیریان کرد، مووچەی کارمەندانی مۆڵەکەش قەرزارە و هەمووشی کەم کردۆتە“.

 

لە لایەکی دیکەوە هانا چۆمانی، ڕۆژنامەنووس وتارێکی بە ناونیشانی (قەیرانی ئێن ئاڕتی و داخرانی کەناڵەکە) بڵاو کردووەتەوە و ئاشکرای کردووە کە بەهۆی قەیرانی دارایی و کێشەی ناوخۆیی نەوەی نوێوە، شاسوار عەبدولواحید کەناڵی ئێن ئاڕتی ”تووشی دۆخێکی خراپ کردووە و ئەگەری داخرانی هەیە“.

روونیشی کردووەتەوە کە شاسوار عەبدولواحید بە کارمەندەکانی (بێژەر، پێشکەشکار، کۆنترۆڵ، پەخش و نیوزروم، روناکی، کامێرامان، پەیامنێرەکان، سۆشیاڵ و دیجیتاڵ میدیای ئێن ئارتی و تیکەر)ی گوتووە، مووچەی سەرجەمتان ٢٥٪ دەبڕێت و ”ئەوەی ناڕازییە با کەناڵەکە جێبهێڵت“، ئەوەش نارەزایەتی لێکەوتۆتەوە و زۆریان بەنیازن کەناڵەکە جێبهێڵن. دوای بڕیارەکەش، ٤٠ کارمەندی سەرەکیی ناو ئۆفیسی سەرەکی لە سلێمانی و ئۆفیسی هەولێر و تەواوی پەیامنێرانی شارەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و هەڕەشەی وازهێنانی بەکۆمەڵ دەکەن، ئەگەر بڕیارەکە رانەگیرێت.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە کۆمەڵێک بێژەری ئێن ئاڕتی بە نوێنەرایەتیی هەموو کارمەندان نووسراوێکیان ئاراستەی شاسوار عەبدولواحید کردووە و پێیانگوتووە ئەگەر بڕیارەکەی ڕانەگرێت، ”ئێن ئاڕتی دادەخرێت“، کەچی ئەو لەسەر بڕیارەکەی پێداگرە، بۆیە دوێنێ دووشەممە ٣٠ی ئاداری ٢٠٢٠ ”٨٠٪ی کارمەندانی ئێن ئاڕتی بایکۆتیان کرد و گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر چوار و شەش نەڕۆیشت، هاوکات بە هۆی نەبوونی راپۆرتی پەیامنێرانەوە زۆرترین بابەتیان لە کاتژمێر هەشتی شەو جیهانی بوو و جگە لەوەی کورتترین ماوەی گەشتی هەواڵیش بووە لە مێژووی ئێن ئاڕتی“.

ئەو ڕۆژنامەنووسەش بە دووری نازانێت ئەگەر چارەسەرێکی بۆ نەدۆزێتەوە، ئەوا کارمەندانی ئێن ئاڕتی ئەوپەڕەکەی تا ١ی ٥ی ٢٠٢٠ درێژە بە کاری کەناڵەکە دەدەن و دواتر دادەخرێت و ”شاسواریش دەڵێت تەشویش دەخریتە سەر کەناڵی ئێن ئاڕتی“.