٢٩ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی ئاکرێدا تێپەڕ دەبێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

٢٩ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی ئاکرێدا تێپەڕ دەبێت

ره‌مه‌زان هه‌ڕنى

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ی ئاداری ٢٠٢٠، بیست و نۆهەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی شاری ئاکرێیە لە دژی ڕژێمی بەعسی داگیرکەر.

لەم ڕۆژەدا خەڵکی ئاکرێ تێکڕا لە دژی سوپا و هێز و دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس ڕژانە سەر شەقامەکان و شارەکەیان لە داگیرکاری پاک کردەوە.

لەمبارەیەوە کامیران قاسم کە لە ڕاپەڕینەکەدا بەشداری کردووە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، تایبەتمەندیی ئاکرێ ئەوەیە کە خەڵکێکی شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێز و ڕۆشنبیری زۆری تێدایە، بۆیە پێش ڕاپەڕین بە چەند مانگێک، ئەو کەسانە بە چڕی ئامادەکارییان لەنێو خەڵک دەکرد.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە کاتێک لە ١١ی ئاداری ١٩٩١دا هەولێر ئازاد کرا، بووە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی خەڵکی ئاکرێ لە ڕۆژی دواتردا دژی ڕژێمی بەعس رابپەڕن.

گوتیشی: ”راپەڕینەکە بەرەبەیانێکی زوو دەستی پێکرد و کاتژمێر ٨ی بەیانی، هێزەکانی ڕژێمی بەعس ناچار بە پاشەکشە بکەن، تا کاتژمێر ٦ی ئێوارە، شارەکە بە تەواوی ئازاد کرا.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەهۆی ئەوەی ئەندازیار بووە، دوای ئازادکردنی ئاکرێ، ئەرکی پاککردنەوەی شارەکەی پێ سپێردراوە، بە چەند قۆناغێک هەموو شارەکە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە پاککراوەتەوە. دووپاتیشی کردەوە: ”ئازادکردنی ئاکرێ بووە دەروازەیەک بۆ ئەوەی لە هەموو ناوچەکانی دیکەی بادینانیش راپەڕین دژی بەعس بکرێت“.

بەشداربووانی راپەڕینی ئاکرێ و شار و شارۆچکەکانی کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوەی ئێستا لە کوردستاندا هەیە، بەرهەمی خەباتی سەدان ساڵەی گەلی کوردستانە بۆ ئازادی، کە یەکێک لە وێستگە هەرە گرنگەکانی ئەم خەباتە، ڕاپەڕینە مەزنەکەی ئاداری ١٩٩١ بوو.