کچە یاریزانێکی باسکتبۆڵی یانەی دهۆک: هەرچەشنە گرێبه‌ستێك ره‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

کچە یاریزانێکی باسکتبۆڵی یانەی دهۆک: هەرچەشنە گرێبه‌ستێك ره‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌

 

یاریزانێكى یانه‌ى باسكتبۆڵى یانه‌ى ئافره‌تانى دهۆك، خه‌ڵكى پارێزگاى دهۆكه‌، ساڵى 1995 له‌دایك بووه‌ و ئێستا له‌ رێزى یانه‌ى ئافره‌تانى دهۆك یاری ده‌كات و داواى پاڵپشتیى زیاتر ده‌كات بۆ وه‌رزشى ئافره‌تان له‌ كوردستان.


ڕۆژان عه‌بدولحه‌كیم، یاریزانى یانه‌ى باستكبۆڵى یانه‌ى وه‌رزشیى ئافره‌تانى دهۆك به‌ (باس) راگه‌یاند: ”له‌ قۆناغى شه‌شى سه‌ره‌تاییدا بووم، كه‌ حه‌زێكى یه‌كجار زۆرم هه‌بوو بۆ وه‌رزش، به‌تایبه‌تى یاریى باسكتبۆڵ، دواتر به‌شداریى یارییه‌كانى قوتابخانه‌ و په‌روه‌رده‌ى وه‌رزشیى دهۆك بووم، و بوومه‌ قوتابى له‌ په‌یمانگاى وه‌رزشى، به‌گشتى په‌یمانگاى وه‌رزشى رۆڵێكى گه‌وه‌رى هه‌یه‌ له‌ دروستكردنى یاریزان، له‌ هه‌موو جۆره‌كانى وه‌رزشدا ژماره‌یه‌كى زۆر یاریزانى دروست كردووه‌ له‌ كوردستان“.


گوتیشى: ”دواى كاراكرنه‌وه‌ى یانه‌ى ئافره‌تانى دهۆك، گرێبه‌ستم له‌گه‌ڵ یانه‌ى ئافره‌تانى دهۆك واژوو كردووه‌ و جگه‌ له‌و یانه‌یه‌ بۆ هیچ یانه‌یه‌كى تر یاریم نه‌كردووه‌. وه‌رزشى ئافره‌تان به‌ گشتى له‌ كوردستان زۆر لاوازه‌، ته‌نیا یه‌ك یانه‌ى باسكتبۆڵ هه‌یه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك، كه‌ یانه‌ى سه‌نحاریبه‌، خه‌ونى گه‌وره‌ى من ئه‌وه‌یه‌، یاریى باسكتبۆڵ له‌ كوردستان پێشكه‌وتن به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت“.


ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو: ”چونکە له‌لایەنى ماددییه‌وه‌ كه‌س پاڵپشتیى وه‌رزش ناكات، بۆیه‌ هیچ یاریزانێك به‌ داهاته‌كه‌ى ناژی و هیوادارین زیاتر گرنگیی به‌ وه‌رزشى ئافره‌تان بدرێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى گرنگیى به‌ وه‌رزشى ئافره‌تان نه‌دراوه‌، بەڵام من خۆم له‌ وه‌رزشدا ده‌بینمه‌وه‌، له‌و باوه‌ڕەشدام له‌ دواڕۆژدا سه‌ركه‌وتنى بێ وێنه‌ به‌ده‌ست بێنم“.


ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد: ”یانه‌ى باستكبۆڵى ئافره‌تانى دهۆك ئاماده‌كاریى ته‌واوی كردووه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ خوله‌كانى كوردستان و هیچ به‌ربه‌ستێك نییه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن، ئێستا من یاریزانى یانه‌ى ئافره‌تانى دهۆكم و هه‌ر گرێبه‌ستێك پێشكه‌شم بكرێت، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌پێناو یانه‌ى ئافره‌تانى دهۆك رەتی دەکەمەوە“.