(ڕۆبه‌رت تابر) ئه‌مەریكاییەكه، كتێبێكى زۆر گرنگى سه‌باره‌ت بە جه‌نگى پارتیزانییه نووسیوه. ئه‌و یه‌كێك نییە له‌وانه‌ى سه‌وداسه‌رى خه‌یاڵى چه‌پڕه‌وى و ماركسیزم بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كتێبه‌كه‌ى ده‌تباته شوێنێك و به‌ندوداوى خه‌یاڵت وا ده‌هۆنێته‌وه کە بزانیت چۆن بێدادی و نائومێدى فێرت ده‌كات په‌نا ببه‌یته به‌ر شتێك، کە هه‌رگیز نه باوه‌ڕت پێی بووه و نه خه‌یاڵت بۆی چووه!
كتێبه‌كه‌ى ئه‌و به ناونیشانى (جه‌نگى لاوازپه‌رێزان)ه، کە لاپه‌ڕه‌كانیم ده‌خوێنده‌وه، وام ده‌زانى باسى لاوازیى من ده‌كات و چۆڕچۆڕ دێڕه‌كانى ده‌رسودووى به‌هێزییم پێ ده‌دات.
(ئه‌بووئه‌لموسعه‌ب ئه‌لسوورى) له بیرمه‌نده به‌نامێكانى (سه‌له‌فیه‌تى جیهادی)یه، زۆرى له‌سه‌ر ئه‌م كتێبه نووسیوه و بۆ ڕێبازه‌كه‌ى خۆیشى زۆرترى لێ هه‌ڵێنجاوه.
من وام ده‌زانى شه‌ڕى پارتیزانى ئه‌فسانه‌یه‌كه و به‌سه‌ر چووه و باوى نه‌ماوه، یاخود سه‌ر به زه‌مانى (مۆدێرنه)یه و له‌م زه‌مانى (پۆست مۆدرێنه)یه‌دا، کە ته‌كنۆلۆژیا و شۆڕشى زانیارى چه‌ند ڤێرژنێك هه‌ڵكشاوه، شێوازه خه‌باتێكى بێهوده‌یه.
جارێكیان بۆ كارێك به قه‌ندیلدا هه‌ڵزنابووم، له‌گه‌ڵ (جه‌میل بایك) له‌مباره‌یه‌وه گفتوگۆمان ده‌كرد، ئه‌و سه‌رسه‌ختانه داكۆكیى له‌م تێزه ده‌كرد و منیشم باوه‌ڕم به‌م تێزه نه‌مابوو.
له‌و سه‌روبه‌نده‌دا ئه‌و باسى ئه‌وه‌ى ده‌كرد، کە ڕه‌نگه توركیاش ببێته به‌شێك له دیمه‌نى سووریا و به كوردییه‌كه‌ى (بقڵیشێته‌وه) و ده‌رفه‌ت بۆ كورد بڕه‌خسێت گره‌و ببه‌نه‌وه.
من دژى ئه‌وه بووم، له‌و ڕۆژانه‌دا حزبێكى كوردیى چه‌پڕه‌و براوه‌ى هه‌ڵبژاردن بوو، ده‌مخواست تۆزێك تفه‌نگ و چه‌ك بێده‌نگ بن و ئه‌گه‌ر به‌ناو دیموكراسییش هه‌بێت، ئه‌و قسه‌ى خۆى بكات.
دیار بوو پێك نه‌هاتین. ئه‌وان به‌رخودانى چه‌كدارییان كرد و (ئامه‌د) و پڕى وڵات سووتا و ده‌رفه‌تى باشمان له باكوور له‌ده‌ست دا.
به‌ڵام با ئه‌و ڕاستییه‌ش بڵێم، بۆچوونه‌كانى (جه‌میل بایك) هاوتاى بۆچوونه‌كانى (ڕۆبرت تابر) بوون. ئێستا ئه‌گه‌ر من خۆشم له‌سه‌ر شه‌ڕى پارتیزانى بنووسم، ناڵێم شتێكه سه‌ر به زه‌مانى ڕابردووه و زۆر بزووتنه‌وه‌ى چه‌كدارییش هه‌ن، کە ده‌یسه‌لمێنن، جه‌نگى پارتیزانى له بارىدایه سوود له ته‌كنه‌لۆژیاى نوێ وه‌ربگرێت و كاریگه‌ریى زۆر گه‌وره دروست بكات. شه‌ڕى داعش و ته‌كنیكى شه‌ڕڤانانى رۆژئاڤاش به‌ڵگه‌ى ئه‌م ڕاستییه‌یه.
ته‌وه‌ره‌كه‌ى من باس و خواسى شه‌ڕوشۆڕ نه‌بوو، به‌ڵام مادام ئاوهام هێنا، با باسى كتێبێكى تر بكه‌م، کە (شۆن ماكفێت) به ناونیشانى (كرێگرته نوێكان) داىناوه و باس له جه‌نگى سه‌رده‌مى نوێ ده‌كات، کە چۆن (سوپاى تایبه‌ت) دروست ده‌بن و ڕه‌وتى ڕووداوه‌كان ده‌گۆڕن و چۆنیش ته‌كنۆلۆجیا ده‌كه‌وێته ده‌ست ئه‌م سوپا تایبه‌تانه‌وه و كاردانه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و گۆڕه‌پانه‌كان چۆن ده‌بن.
زۆر له‌سه‌رى ناڕۆم، به‌ڵام به پێویستیشى ده‌زانم ئیستێك له‌سه‌ر كتێبه گرنگه‌ى (میدیا بنجامین)ى ژنه چالاكوانى ئه‌مەریكاییش بكه‌م، کە له‌باره‌ى فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وانه‌وه دایناوه و به‌درێژى مه‌ترسییه‌كانى ئه‌م داهێنانه و مه‌ترسیى له‌سه‌ر به‌ها ئه‌خلاقییه‌كانیشى به‌رچاو خستووه.
كتێبه‌كه‌ى ڕۆبرت تابر، كه سه‌باره‌ت به جه‌نگى پارتیزانییه، له هه‌ناوى خۆیدا ئه‌و چیرۆكه ده‌گێڕێته‌وه، کە چۆن مرۆڤ له‌وپه‌ڕى لاوازى و بێحاڵى و نائومێدیدا په‌ره به توانا خۆڕسكه‌كانى ده‌دات و سه‌رچاوه‌ى هێزى تایبه‌تى خۆى ده‌دۆزێته‌وه و دژى بێدادى ده‌بێته‌وه و ده‌رگیرى ده‌بێت و جه‌نگى له‌گه‌ڵدا ده‌كات و به‌سه‌ریدا سه‌رده‌كه‌وێت.
به‌پێچه‌وانه‌وه‌ى كتێبه‌كه‌ى (شۆن ماكفێت) و (میدیا بنجامین) باس له‌وه ده‌كات، کە چۆن مرۆڤ له ترۆپكى هێز و ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌مه‌ندیى پاره و زانست و ته‌كنۆلۆژیاوه، په‌ره به تواناكانى ده‌دات، بۆ داهێنانى ئامڕاز و شێوازى نوێى جه‌نگ.
به بۆچوونى من، ئه‌وه‌ى ئه‌م دوو جیاوازییه به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و ده‌شێت بڵێین له هه‌مان كاتیدا و به‌جۆرێكى تر جیاوازیى نێوان (مۆدێرنه) و (پۆست مۆدێرنه)شه، (جیهانگیرى)یه.
ئه‌وانه زۆرن، کە له سۆنگه‌ى كاپیتاڵیزمه‌وه به شان و باڵى (جیهانگیرى)دا هه‌ڵده‌ده‌ن و سووده‌كانى دەژمێرن، من دژى ئه‌م جۆره له جیهانگیرییه‌م، کە له‌ڕاستیدا به‌كاڵاكردنى به‌هاكانى مرۆڤایه‌تى و كۆڵۆنیالزمێكى وه‌حشیگه‌رانه و به(بازاڕكردن)ى جیهانه. من خراپییه‌كانى ناژمێرم، به‌ڵام ده‌مه‌وێت سه‌رنج بۆ ئه‌وه‌ش ڕابكێشم، هه‌ر ئه‌م جۆره له جیهانگیرى، خۆى ده‌بێته هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى ئامڕاز و کەلوپه‌ل و ته‌نانه‌ت داهێنراوه ته‌كنۆلۆژیاییه‌كانى ئه‌وانه‌ى کە به‌هێزن و ده‌سه‌ڵاتدارن و ده‌وڵه‌مه‌ندن، بگاته ده‌ست ئه‌وانه‌ش، کە لاوازن و بێ ده‌سه‌ڵات و هه‌ژارن!
ئه‌مەریكا فڕۆكه‌ى پێشكه‌وتووى (ئیرباس) بۆ گه‌شت و گواستنه‌وه به‌كار دێنێت، گرووپێكى وه‌ك (ئه‌لقاعیده) هه‌مان داهێنراوى پێشكه‌وتووت بۆ ده‌كاته مووشه‌ك و دژى سه‌نته‌رى بازرگانیى جیهانى و په‌نتاگۆن به‌كارى دێنێت!
ئه‌مەریكا و خۆرئاوا ته‌كنۆلۆژیاى فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان په‌ره پێده‌ده‌ن و بۆ مه‌به‌ستى خۆیان به‌كارى دێنن.
چاكه، به‌ڵام (حوسییه‌كان)ى یه‌مه‌نیش به‌و كێوكه‌مه‌ره‌وه هه‌مان ته‌كنۆلۆژیا به‌كار دێنن. ئه‌و فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانانه‌ى ملیۆنان دۆلارى تێده‌چێت، منداڵێكى یه‌مه‌نى به دوو سێ هه‌زار دۆلار دروستى ئه‌كات و گه‌وره‌ترین پرۆژه‌ى ئابووریى وه‌ك (ئارامكۆ)ى سعوودیى پێ وێران ده‌كات!
نموونه‌كان زۆرن و ئه‌م بابه‌ته‌ش هه‌ڵده‌گرێت زۆرترى له‌سه‌ر بگوترێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى له ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیى نووسینه‌كه دوور نه‌كه‌ومه‌وه، کە (نائومێدی)ه، هه‌رئه‌وه‌نده ده‌ڵێم، کە (جیهانگیرى) هه‌ر له‌سه‌ر ئاستى شوێن بڵاو نابێته‌وه و جوگرافیاكان یه‌ك ناخات، به‌ڵكوو به زه‌مه‌نیشدا بڵاو ده‌بێته‌وه، به‌تایبه‌ت له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌م شێوازه‌كه كاپیتاڵیزم ده‌یه‌وێت و چونکە بێدادییه‌كى زۆرى له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه، دوور نییه تاریكترین فه‌سڵه‌كانى مێژووى شارستانیه‌تى مرۆڤیش بۆ ئه‌م زه‌مانه بگێڕێته‌وه.
دێمه‌وه سه‌ر باسى سه‌ره‌كیى نووسینه‌كه‌م، کە (نائومێدى)یه. نائومێدى به‌و جۆره‌ى، بێدادى دروستى ده‌كات.
ماوه‌یه‌كه هه‌مووان له ڕووداوه‌كانى شه‌قامى عێراقى ده‌ڕوانین و ده‌بینین، له ئه‌نجامى بێدادیدا، خه‌ڵك چۆن هاتوونه‌ته ده‌نگ و ڕووبه‌ڕووى ده‌سه‌ڵات ده‌بنه‌وه.
ده‌بینین به چ شێوه‌یه‌كیش ده‌سه‌ڵات و موقه‌ده‌سى ئایینى، سیستمێكى وه‌هاى پێكهێناوه، کە خودى خۆیشى گیرۆده‌ى بووە، ده‌شزانێت به بنبه‌ست گه‌یشتووه.
یه‌كێك له ترسناكترین ئه‌و سیاسه‌تانه‌ى کە زۆر له سیستمه سیاسییه‌كانى ناوچه‌كه دژى گه‌لان پێڕه‌وى ده‌كه‌ن ئه‌وه‌یه، گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن، خه‌ڵك له خۆپیشاندانى ئاشتییانه تاقه‌تى ده‌چێت و له كۆتاییدا ناچار ده‌بن، مل بۆ ملهوڕیى سیاسیى ئه‌وان بده‌ن.
ئه‌مه كاره‌ساته و سه‌ره‌تاى ئه‌و نائومێدییه‌یە کە ڕۆژێك دادێت له ڕه‌حمى ئه‌وه‌وه شتى ترسناك له‌دایك ده‌بێت.
جارێكیان (پیره‌مێرد) نووسویه‌تى:
پیاوى نا‌ئومێد مل له تیغ ئه‌سوێت!