هه‌وكردنى میزڵدان حاڵه‌تێكى باوه، كه تووشى میزڵدان ده‌بێت، هه‌رچه‌نده زۆربه‌ى كات مه‌ترسيدار نييه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌خۆش نائارام ده‌بێت، به‌ڵام پشتگوێخستنى چاره‌سه‌ركردنى، زيانى گه‌وره به گورچيله ده‌گه‌يه‌نێ.
پ: نيشانه‌كانى هه‌وكردنى میزڵدان چيين؟
و: كۆمه‌ڵێك نيشانه‌ى هه‌يه، كه به‌پێى كه‌مى و زۆرى هه‌وكردنه‌كه ده‌گۆڕێن، وه‌ك:
- پێداگرييه‌كى زۆر و به‌هێز بۆ ميزكردن، كه ناتوانيت خۆت بگرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بڕى ميزه‌كه‌ش كه‌م بێت.
- هه‌ستكردن به سووتانه‌وه له كاتى ميزكردندا.
- ميزه‌چۆڕكێ و ميزكردن به‌خۆدا.
- بوونى خوێن له ميزدا.
- ڕه‌نگى ميز لێڵ ده‌بێت و هه‌ندێ جار بۆنى ناخۆش ده‌بێت.
- ئازارى به‌شى خواره‌وه‌ى ناوسك و هه‌ستكردن به په‌ستان له‌و شوێنه‌دا.
- ده‌شێ پله‌ى گه‌رمیى له‌ش كه‌مێ به‌رز بێته‌وه.
پ: له چ كاتێكدا مه‌ترسيداره؟
و: به‌گشتى مه‌ترسیى نييه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ستت به هه‌ر يه‌كێك له‌م نيشانانه كرد، وا باشه به زووترين كات سه‌ردانى پزيشك بكه‌يت:
- ئازارى توند له به‌شى خواره‌وه‌ى سك، لاته‌نيشت، يان پشت.
- له‌رز و تاى به‌رز.
- ئه‌گه‌ر پێشتر هه‌وكردنى میزڵدانت هه‌بووبێت و له‌دواى وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ريش هه‌ر هه‌ستت به هه‌ندێ له نيشانه‌كان كرد، ئه‌وا پێويسته بۆ گۆڕينى ده‌رمانه‌كانت سه‌ردانى پزيشك بكه‌يته‌وه.
پ: بۆچى میزڵدان تووشى هه‌وكردن ده‌بێت؟
و: به‌زۆرى هۆكاره‌كه‌ى به‌كتريايه، كه له ڕێى كۆئه‌ندامى ميزه‌وه ده‌چێته ناو له‌شه‌وه و ده‌بێته هۆى هه‌وكردنى میزڵدان. به‌زۆرى ژنان له ڕێى په‌يوه‌ندیى سێكسييه‌وه تووشى ده‌بن، به‌ڵام كچانى ته‌مه‌نى بچووك و ئه‌و ژنانه‌یش، كه هيچ په‌يوه‌ندييه‌كى سێكسييان نييه، هه‌ر تووشى ده‌بن. هه‌روه‌ها ده‌شێ به‌هۆى هه‌ندێ حاڵه‌تى ديكه‌شه‌وه ڕوو بدات وه‌ك:
- هه‌وكردنى درێژخايه‌نى میزڵدان، كه پێى ده‌گوترێ كۆنيشانه‌ى ميزڵدان، كه حاڵه‌تێكى نه‌خۆشیى مه‌يله‌و درێژخايه‌نه و هۆكاره‌كه‌ى نه‌زانراوه. نه‌خۆش به شێوه‌يه‌كى نيمچه هه‌ميشه‌يى له كاتى ميزكردندا ئازارى هه‌يه و زوو زووش تووشى هه‌وكردنى میزڵدان ده‌بێت. به‌زۆرى له ژناندا باوه.
- هه‌وكردنى میزڵدان به‌هۆى ده‌رمانه‌وه: به‌تايبه‌تى چاره‌سه‌رى كيميايى.
- هه‌وكردنى میزڵدان به‌هۆى چاره‌سه‌رى تيشكييه‌وه له ناوچه‌ى حه‌وز.
- هه‌وكردنى میزڵدان به‌هۆى هه‌ستيارييه‌وه به‌رامبه‌ر هه‌ندێ مادده‌ى كيميايى، كه له شامپۆى خۆشتندا هه‌يه، يان هه‌ندێ له‌و كرێمانه‌ى، كه پياو بۆ باشكردنى په‌يوه‌ندیى سێكسى به‌كاريان ده‌هێنێ.
- هەو‌كردنى میزڵدان ده‌شێ نيشانه‌ى لاوه‌كیى تووشبوون بێت به هه‌ندێ نه‌خۆشیى ديكه، بۆ نموونه شه‌كره، به‌ردى گورچيله، هه‌ڵئاوسانى پڕۆستات و هه‌وكردنى دڕكه په‌تك.
پ: ژن و پياو، كاميان زياتر تووش ده‌بێت؟
- به‌گشتى ژنان له پياوان زياتر تووشى هه‌وكردنى میزڵدان ده‌بن، له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه:
- پێكهاته‌ى توێكارى جه‌سته‌ى ژن ڕێگه‌خۆشكه‌ره بۆ تووشبوون به‌م هه‌وكردنه.
- چالاكیى سێكسى زۆر جار هۆكاره، ده‌شێ په‌يوه‌ندیى به پياوه‌كه‌وه هه‌بێت، يان ڕه‌چاوى پاكوخاوێنى نه‌كرابێت. له‌به‌رئه‌وه پێويسته چ ژن و چ پياو به‌ر له په‌يوه‌ندیى سێكسى و دواى ئه‌وه‌ش خۆيان بشۆن.
- له حاڵه‌تى دووگيانيدا، به‌هۆى ئه‌و گۆڕانكارييانه‌وه كه له هۆرمۆنه‌كاندا ڕوو ده‌دەن.
- له قۆناغى ته‌مه‌نى نائومێدى و وه‌ستانى سووڕى مانگانه‌دا، ئه‌ويش هه‌ر به‌هۆى ڕوودانى گۆڕان له هۆرمۆنه‌كاندا.
به‌ڵام بێ گومان له پياويشدا ڕوو ده‌دات، بۆ نموونه له حاڵه‌تى هه‌ڵئاوسانى پڕۆستات، كه هاتنه‌خواره‌وه‌ى ميز تووشى ڕێگرى ده‌بێت و ئه‌مه‌ش هه‌وكردنى میزڵدان دروست ده‌كات.
هه‌روه‌ها له هه‌ريه‌ك له ژن و پياودا ده‌شێ هه‌وكردنى میزڵدان ڕوو بدات كاتێ، كه میزڵدان به‌ردى هه‌يه و هاتنه‌خواره‌وه‌ى ميز تووشى ڕێگرى ده‌بێت. له حاڵه‌تى شه‌كره، شێرپه‌نجه و ڤايرۆسى كه‌میى به‌رگرى وا ده‌كات، كه له‌ش به‌رگریى پێويستى دژى نه‌خۆشييه‌كان نه‌بێت، هه‌وكردنى میزڵدان يه‌كێكه له هه‌وكردنه باوه‌كان.
پ: مه‌ترسييه‌كانى هه‌وكردنى میزڵدان چيين؟
و: وه‌ك پێشتريش ئاماژه‌مان پێ دا، هه‌وكردنى میزڵدان حاڵه‌تێكى نه‌خۆشیى مه‌ترسيدار نييه، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رى پێويست و زوو ده‌ست به چاره‌سه‌ركردن كرا، به‌ڵام پشتگوێخستنى ده‌شێ ئه‌م مه‌ترسييانه دروست بكات:
- هه‌وكردنى گورچيله‌كان: له حاڵه‌تى هه‌وكردنى گورچيله‌دا، به‌هۆى هه‌وكردنى میزڵدانه‌وه، ده‌شێ له ماوه‌يه‌كى كورتدا هه‌وكردنه‌كه په‌ره بسێنێت و ته‌نانه‌ت زيانى هه‌ميشه‌يى به گورچيله‌كان بگه‌يه‌نێ. له منداڵ و كه‌سانى به‌ته‌مه‌ندا ئه‌م حاڵه‌ته زياتر باوه، ئه‌ويش به‌هۆى پشتگوێخستنى نيشانه‌كانه‌وه، يان به هه‌ڵه ده‌ستنيشانكردنى حاڵه‌ته‌كه.
- ده‌ركه‌وتنى خوێن له ميزدا: هه‌ندێ جار هه‌وكردنى میزڵدان ده‌بێته هۆى ده‌ركه‌وتنى خوێن له ميزدا، به‌ڵام ده‌بێت له‌دواى ته‌واوكردنى چاره‌سه‌ر نه‌مێنێ. وا باشه له‌دواى ته‌واوكردنى ده‌رمانه‌كانت، بۆ دڵنيابوون له‌و حاڵه‌ته، پشكنينى ميز بكه‌يته‌وه، چونكه هه‌ندێ جار ئه‌و خوێنه ته‌نيا له ڕێى پشكنينى تاقيگه‌ييه‌وه به‌هۆى مايكرۆسكۆبه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ و خۆت نايبينى.
پ: ئه‌ى چۆن خۆم له‌م هه‌وكردنه بپارێزم؟
و: باش‌ترين ڕێگه بۆ خۆپاراستن له هه‌وكردنى كۆئه‌ندامى ميز و زاوزێ به‌گشتى، په‌يڕه‌كردنى ئه‌م خاڵانه‌يه، كه هه‌موويان ئاسانن و ده‌كرێ بيكه‌يت به خووى ڕۆژانه:
- ئاوخواردنه‌وه‌ى زۆر بۆ هه‌موو كه‌س، به‌ڵام به‌تايبه‌تى له كاتى وه‌رگرتنى چاره‌سه‌رى كيميايى و تيشكيدا.
- ڕاگرتنى پاكوخاوێنیى ئه‌و ناوچه‌يه به به‌رده‌وامى و وشکكردنه‌وه‌ى له‌دواى شوشتنى.
- هه‌ندێ نه‌ريتى ژيانى ڕۆژانه هه‌ن، كه ده‌شێ ببنه هۆى ئه‌م هه‌وكردنه، بۆ نموونه، دا‌نيشتن له‌سه‌ر ته‌خته‌ى حه‌مام له كاتى خۆشتندا، يان مانه‌وه له‌ناو بانيۆدا، ئه‌مانه مه‌رج نييه هه‌موو كات هۆكار بن، به‌ڵام له هه‌ندێ حاڵه‌ت و كه‌سدا ده‌شێ ببنه هۆكارى يارمه‌تيده‌ر بۆ تووشبوون به هه‌وکردنى میزڵدان. باش‌ترين شت خۆشوشتنه به پێوه له ڕێى به‌كارهێنانى دووشه‌وه، به‌تايبه‌تى له‌و كه‌سانه‌دا، كه زوو زوو تووشى هه‌وكردن ده‌بن له‌م شوێنه‌دا، يان له كاتى سووڕى مانگانه‌دا.
- به‌ئاگابوون له‌و شامپۆ و سابوونانه‌ى، كه بۆ خۆشتن و خاوێنكردنه‌وه به‌كاريان ده‌هێنى.
- ميزكردن له‌دواى په‌يوه‌ندى سێكسى چه‌ند زووتر بێت باشتره بۆ هه‌ريه‌ك له ژن و پياو، هه‌روه‌ها خۆشوشتن و خواردنه‌وه‌ى ئاويش له‌دواى ئه‌و په‌يوه‌ندييه.
- دووركه‌وتنه‌وه له به‌كارهێنانى سپراى بۆندار و مادده‌ى كيميايى بۆ ئه‌و شوێنه له ژناندا.
پرسياره‌كانتان له ڕێى ئه‌م ئيمه‌يله‌وه وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه:
prsiar.walam@yahoo.com