سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە پاپای ڤاتیکان پێزانینی هەبوو بۆ هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرەپێدانی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان.
رۆژنامەی بەناوبانگی ئیتاڵی (لە ریپوبلیکا ) چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی سەردانەکەی بۆ ئیتاڵیا و دیدارە گرنگەکەی لە گەڵ پاپا فرەنسیسی پاپای ڤاتیکان و سەرۆک وەزیران و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی ئەو وڵاتە، کردووە.
لەو چاوپێکەوتنەدا، کە رۆژنامەنووسی ناسراوی ئیتاڵی ڤینچێنتسۆ نیگرۆ ئەنجامی داوە ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە مەترسییەکانی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان بۆ سەر ئاسایشی جیهان کردووە.
دەقی چاوپێکەوتنەکە:
وەرگێڕانی: سامان سابونچی
رۆژنامەنووسە ئیتاڵییەکە: چ زانیارییەکتان لە بارەی داعشەوە بە هاوڕێ ئیتاڵیەکانتان دا ؟
مەسرور بارزانی: داعش بەتەواوی لەناو نەچووە، ئێستا خەریکی خۆرێکخستنەوەیە، هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و مانەوەیان لە ناوچەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگە،. لە کۆبوونەوەکانماندا لە رۆما یەکێک لەو بابەتانەی باسمان کرد ئەوە بوو، کە پێویستە بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە عێراق چاک بکرێت لە پێناو بنبڕکردنی ئەو فاکتەرانەی یارمەتی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەدەن. هەژاری و پێشێڵکردنی مافەکانی مرۆڤ، دەبنە هۆکاری نزیکبوونەوە لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و گەشەکردنیان.
رۆژنامەنووسە ئیتاڵییەکە: ماوەیەکە ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەتان گەیشتووەتە لوتکە، بەتایبەتی دوای کوشتنی جەنەرالی ئێرانی قاسم سولەیمانی لە لایەن ئەمریکییەکانەوە.
مەسرور بارزانی: ئاشکرایە ئەو ناوچەیەی ئێمە تێیدا دەژین ناوچەیەکی سەختە و ئاسان نییە . بەڵام دەبێت لەگەڵ رووداوەکاندا هەڵبکەین و تێیدا بژین .
رۆژنامەنووسە ئیتاڵییەکە: چۆن پەیوەندیتان لەگەڵ ئەمریکای هاوپەیمان و لە هەمانکاتدا ئێران بەڕێوە دەبەن؟
مەسرور بارزانی: ئێران دراوسێمانە و وڵاتێکی زۆر گرنگی ناوچەکەیە، ئەوان هەوڵدەدەن بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن، ئەمەریکاش هاوپەیمانمانە، لەشەڕی دژی تیرۆر و هەروەها دواتر بۆ سەقامگیریی ناوچەکە هاوکارییان کردووین. ئێمە لەناو ناوچەیەکداین هەزاران کێشەی هەیە، بەردەوام هەڵمانکردووە و هەر بەردەوامیش دەبین.
رۆژنامەنووسە ئیتاڵییەکە: جەنەراڵ سولەیمانی دانوستاندنکارێکی پێداگربوو، وابزانم زۆر جار ئەوتان بینیوە؟
مەسرور بارزانی: داعش هەڕەشە بوو بۆ ئێمە لە کوردستان، هەروەها بۆ حکومەتی بەغدا و عێراق بەگشتی. کاتێکیش بووە مایەی هەڕەشەیەکی ترسناک بۆ عێراق، لە هەمانکاتدا هەڕەشە بوو بۆ ئێرانیش، کە دراوسێی ئێمەیە. بۆیە کاتێک داعش بەشێوەیەکی ترسناک هێرشی دەکرد، ئێران هەڵوێستی وەرگرت و پەیوەندییەکانی لەگەڵمان پتەوتر کرد . بەڵێ قاسم سولەیمانی چەندین جار سەردانی کردووین.
رۆژنامەنووسە ئیتاڵییەکە: بۆچوونی ئێوە لەسەر کوشتنی ئەو چییە؟ لە نێوان ئەمەریکا و ئێران کامیان هەڵدەبژێرن؟
مەسرور بارزانی: وەکو گوتم، ناوچەکەمان رووداوی زۆری تێدا روودەدەن، بەڵام ئێمە ناتوانین لێی دەربچین و جێی بهێڵین، بۆیە هەمیشە رێگاچارەیەکمان دۆزیوەتەوە.
رۆژنامەنووسە ئیتاڵییەکە: ئێوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دووساڵ لەمەوبەر کێشەیەکی جدیتان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە بەغدا بۆ دروستبوو، کاتێک هەوڵتاندا رێگای جیابوونەوە بگرنەبەر. ئێستە پەیوەندییەکانتان چۆنە؟
مەسرور بارزانی: لەگەڵ حکومەتی پێشووی بەغدا کێشەو جیاوازیی سیاسیمان هەبوو. ئێستا لە بەغدا بارودۆخێکی نوێی سیاسی هەیە، ماوەیەکە بە هۆی هەبوونی ناسەقامگیر ، چارەسەری زۆربەی کێشە سیاسییەکان خاوبووە . هەرێمی کوردستان لە دەستوری عێراقدا قەوارەیەکی جێگیرە و دانی پێدا نراوە. بۆیە دەبێت دەستوور وەکو خۆی جێبەجێبکرێت.
رۆژنامەنووسە ئیتاڵییەکە: مەبەستت لە حوکمڕانی و خۆبەڕێوەبردنی خۆتانە؟
مەسرور بارزانی: بەڵێ ، ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەندێک چاکسازی کارگێڕی و ئابووریمان دەست پێکردووە، بەتایبەتی ئەنجامدانی ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و باشترکردنی دۆخی ئابووری. دەمانەوێ هەماهەنگی زیاتریشمان لەگەڵ بەغدا هەبێت.
رۆژنامەنووسە ئیتاڵییەکە: بەڕێزتان لە ڤاتیکان لە لایەن پاپا فرانسیس و سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان پێترۆ پارۆلین پێشوازی کران، ئەمە گرنگیپێدانێکی گەورە بوو بۆ هەرێمێکی بچووکی وەک کوردستان.
مەسرور بارزانی: ئێمە بە قەداسەتی پاپامان راگەیاند، کە پابەندین بە رێزگرتن لە ئاینە جیاوازەکان و پاراستنی مافی پەیڕەوانی ئاینەکانی وەک کریستیان و ئێزدییەکان. ئێمە ئێستا میوانداریی هەزاران پەنابەر و ئاوارە دەکەین، کە لەدەست چەوسانەوە پەنایان بۆ ئێمە هێناوە ، ئێمە شانازی بە پێشوازیکردن لە زیاتر لە ملیۆنێک کەس دەکەین.
سوپاسی قەداسەتی پاپا فرەنسیسمان کرد و داوای پشتگیری و نزامان کرد لە پێناو ژیانێکی خۆشتر و سەقامگیری. قەداسەتی پاپاش رێز و پێزانینی هەبوو بۆ ئەو کارانەی ئێمە ئەنجامی دەدەین.