گروپێک گەنجی کورد سەرقاڵی دروستکردنی فڕۆکەی بچوکن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گروپێک گەنجی کورد سەرقاڵی دروستکردنی فڕۆکەی بچوکن

چەند گەنجێکی شارەزوور  لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەیەکەوە گروپێکیان پێکهێناوە و خەریکی دروستکردنی فرۆکە و ڕۆبۆتی بچوکن.


فیرۆز سەعید، کە سەرۆکی گروپەکەیە بۆ (باسنیوز) گوتی: "خۆم پیشەم پێشمەرگەیە و هەر لە تەمەنی منداڵیمەوە خولیای دروستکردنی فرۆکەم هەبووە، ئەوکات فرۆکەی بچوکم دەکڕی پارچەکانیم لێکهەڵدەوەشاندەوە و دووبارە دروستم دەکردەوە، تا وایلێهات حەز و خولیام بۆ ئەم کارە بەرە بەرە زیاتر بوو بەتایبەت لە کاتی سەرهەڵدانی شەری داعش زیاتر حەزم بە دروستکردنی فڕۆکە دەکرد، لەو کاتەوە پارچەکانی فڕۆکە دەکڕم و ئەوەندەی لە توانام دا هەبێت فرۆکە دروست دەکەم".

 

گوتیشی: "ئەو پارچانەی کە فڕۆکەکانیان پێ دروست دەکەم لە دەرەوەی وڵات داوایان دەکەم بە نرخێکی گرانیش لەسەر ئەرکی خۆم دەیانکرم، بەڵام بەهۆی خولیای زۆرم بۆ کارەکەم گوێ بە نرخەکە نادەم، هەرچەندە تا ئیستا داوامان لە زۆر کەس و لایەنیش کردووە بەڵام کەس یارمەتی نەداوین و پشگیری نەکردووین".


زیاتر گوتی: "زۆربەی هاورێکانم داوام لێ دەکەن فێری دروستکردنی فرۆکەیان بکەم منیش تا ئێستا هەرچی خۆم زانیبێتم فێری ئەو کەسانەشم کردووە کە حەزیان لەم کارەی من بووە، ئەوانەشی ئەم گروپەمان پێکهێناوە چەند هاورێیەکین لە شارەزور و سلێمانی و هەولێر و ڕانیە و چەند شوێنێکی دیکە".


لەبارەی ئەو شوێنەی فرۆکەکانی لێ نمایش دەکەن فیرۆز گوتی: "دوای ئەوەی کە فڕۆکەکانمان دروست کرد لە دەشتی شارەزوور نمایشییان دەکەین لەبەر ئەوەی لایەنی ئەمنی ڕێگەمان پێ نادات فرۆکەکان نمایش بکەین، ئەگەر ڕێگەمان پێ بدرێت و لایەنی ئەمنی هاوکارمان بێت فڕۆکەیەکی تەواو دروست دەکەین و دەتوانین بیخەینە کارەوە و سوودی لێ ببینرێت".


فیرۆز داوا دەکات خولێکی فڕۆکەوانی بۆ ئەندامانی گروپەکەیان بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان بەشێکی ئەم کارە شارەزا بوون و تەنیا پسپۆڕی ئەکادیمی ماوە لەم کارەدا فێری ببن، بەڵام بەهۆی گرانی نرخی ئەو خولانەی کە دەکرێنەوە بە مەبەستی فێربوونی فرۆکەوانی ئەوان ناتوانن بەشداری تێدا بکەن و لێی سوود مەند ببن، دەشڵێت" ئەگەر کەسێکی ئاسایی بە چەند ساڵێک فێری فڕۆکەوانی ببێت، ئەوا ئێمە بە ماوەی چەند مانگێکی کەم دەتوانین بە شێوەیەکی خێرا فێر ببین چونکە بەشێکی کارەکە شارەزا بووین".