بۆچی چرای درامای کوردی روو لە کزبوونە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بۆچی چرای درامای کوردی روو لە کزبوونە؟

بینەری درامای کوردی، تۆراوە یان تۆرێندراوە؟

درامای کوردی وەکوو دەبینین لەچاو ڕابردوو، ئەو گوڕ و تینەی پێشووی نەماوە، ئێستا بینەری کورد زیاتر ڕووی لە درامای بیانی و بەتایبەت درامای تورکی کرووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆکار، کە وای کردووە درامای کوردی ڕوو لە کەمبوونەوە بکات، بە ڕادەیەک کە تووشی قەیران بێت. لەم ڕیپۆرتاژەدا و لە ڕێی شارەزایان و ئەکتەرانی درامای کوردییەوە، باس لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی درامای کوردی دەکەین، لەگەڵ ئەو کێشە و گیروگرفتانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە.

هونەرمەند قادر جەلال ڕەشيد، سەبارەت بەو بابەتە گوتی:
"ئێستای درامای کوردی لەبری پێشکەوتن، لەجێگای خۆی وەستاوە، هۆکارەکەشی ئەوەيە، هيچ لايەنێک پشتگيریی ناکات، نە کەناڵەکان و نە کۆمپانیاکان و نە وەزارەتی رۆشنبيری، دراماش بەبێ هاوکاریی دارايی ناکرێت، دەنا ئەکتەر و دەقی باشمان زۆرە”.


گوتیشی: “دراما دۆبلاجکراوەکان زیانیان بە درامای کوردی گەیاندووە و هەڵسوکەوتی بينەریشیان تێک داوە، جگە لەوەی کە دەقەکانیان زۆر دوورن لە دابونەریتی کۆمەڵگای کوردەواری، بەتایبەتی دراما تورکییەکان، ئەو پارە زۆرەی لە دۆبلاجی ئەو درامایانەداخەرج ئەکرێ، گەر بۆ درامای کوردی خەرج بکرایە، خزمەتێکی گەورەی بە دراما کوردی و کۆمەڵگەی کوردییش دەکرد. بۆیە پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیری پشتگیریی تیپە هونەرییەکان بکات، بەو بڕە پارەیەی مانگانە پێیان ئەدرا بۆ کرێی نیشتەجێبوونیان، کارئاسانییان بۆ بکرێت بە پێدانی هۆڵی نماییش، هەروەها هاوکاریی ئەو گرووپانە بکرێت، کە پڕۆژەی درامای بەهێزیان هەیە”.


لای خۆشیەوە، بەهادین نووری ئەحمەد، ناسراو به (بەهادین هەڵەبجەیی)، پێوەند بەم پرسە دەڵێت: "درامای کوردی له ئاستێکی مامناوەنددایە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی نووسەری تایبەت بە دراما و فیلم و سیناریستێکی شارەزا‌، دەرهێنەرەکانیش ئەوەی فێری بوون بە ماندووبوونی خۆیان بووه، لە خوێندنەوە و گەڕان بەدوای چۆنیەتیی شارەزابوون له دەرهێنان، یان کارکردنیان لە تی ڤییەکان و بە ئەزموونی کارکردنیان هەندێ شارەزاییان پەیدا کردووه، ئەمەش جێگای دەستخۆشییه بۆیان، بەداخەوە زۆربەی کەناڵەکان گرنگی بە کاری بێگانە دەدەن، بەتایبەتی لە دۆبلاژکردنی درامای تورکی”.


گوتیشی: “هەندێ لە کەناڵەکان گرنگی ئەدەن بە درامای کوردی، وەکوو کەناڵی ئاسمانیی کەرکووک، کە ڕۆژانە پەخشی دراما کوردییەکان دەکەن و بینەریشی زۆرە، لەگەڵ ئەوەی کە دووبارەش لێ ئەدرێتەوە، بەڵام بینەری خۆی هەر هەیە”.


هەروەها خانمە هونەرمەند بەیان زەریفی، وەکوو کارەکتەرێکی دراما بۆ (باس) گوتی: “درامای کوردی ھەیە و بەردەوامە، بەڵام بەھۆی تەکنەلۆژیا و درامای وڵاتانی تر، کە لە کەناڵە کوردییەکان پەخش ئەکرێن، وای لێ ھاتووە کەمتر درامای کوردی ببینرێت، لەبەر ئەوەی ھەندێ ھەڵە ھەیە لە رووی کوالێتی و نواندن و چیرۆک و فۆرمی سیناریۆ و پاشان ھەڵبژارنی ئەکتەر و جووڵەی کامێرا و لۆکەیشن و ھەتا دوایی".


زەریفی گوتیشی: “پێشتر درکمان پێ نەکردووە تا چارەسەر بکرێت، تا وێنەی نوێ نەبینیت و خوێندنەوەت نەبێ درک بە ھەڵەکانی خودی خۆت ناکەیت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەبێ بزانیت، کولتوور و دابونەریتی ئەوان زۆر جیاوازە، بەڵام بەداخەوە کورد لەسەر لاساییکردنەوە راھاتووە، ھۆکار خۆمانین، کە رێگامان دا کەناڵەکان درامای وڵاتان بێننە ناومان، کوالێتی بە لایەنەوە گرنگ نییە، یا بگونجێ لەگەڵ کولتووری ئێمە، بەلای کەناڵەکانەوە گرنگ ئەوەیە تێچوویەکی کەمی تێ ئەچێت بۆ ھێنان و دۆبلاژکردنیان و ھەرزان دەکەوێ، ئەگەر ئەو بڕە پارەیە بدرێتە دەرھێنەرێک و ستافێکی باشی دراما، ھەنگاو دوای ھەنگاو درامای کوردی دەچێتە پێشەوە. کەناڵەکان بە سیستم و میزاجی خۆیان بەرنامە دادەنێن، لە زۆر کەناڵدا زۆر لە دراما کوردییەکان راگیراون و پەخش ناکرێن، ئەم ھەڵوێستە ئەکتەر و دەرھێنەر و سیناریستەکانی سارد کردووەتەوە. خەڵک لە درامای کوردی نەتۆراوە، ئەوە کەناڵەکان و جیاکاریی کۆمپانیا و دەزگا فەرمییەکانن، کە قورگی درامای کوردییان گرتووە و ناھێڵن ھەناسە بدات، ئەمە جگە لەوەی، کە ھونەرمەندانیش ھەریەکە و گرووپێکی گرتووە و کاری خۆیان دەکەن و ئەوانی تریش بوون بە بینەرێکی رەخنەگر، کە کەس گوێیان لێ ناگرێت”.


زاهیر ئیبراهیم، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌رهه‌مهێنان لە تۆڕى میدیایى كوردماكس، سەبارەت بە پەخشنەکردنی دراماى كوردى له‌ كه‌ناڵه‌كه‌یان، بۆ (باس) گوتی: “هیچ هۆكارێك نییه‌ بۆ په‌خشنه‌كردنى دراماى كوردى، بۆ زانیاریتان دراماى كوردى په‌خش كراوه‌ و هه‌ركات درامایه‌كى گونجاو هه‌بێت، به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ له‌ تۆڕى میدیایى كوردماكس په‌خش ئه‌كرێت”.


زاهیرگوتیشی: “بێ گومان دراماى كوردى زۆر باشتره‌، چونكه‌ دراماى كوردى ئه‌رکێكى نیشتمانییه‌ له‌سه‌رمان، کە گرنگی به‌ كه‌رتى درامای کوردی بده‌یت وه‌ك وڵاتانى تر، دراماى كوردى گوزارشت له‌ نه‌هامه‌تی و ئێش و ئازارى كۆمه‌ڵگاكه‌مان ده‌كات، له‌ رووێكى تره‌وه‌ زۆر پێویسته‌ نه‌وه‌ی تازەمان ئاشنا بكه‌ین به‌ كولتوورى ره‌سه‌نی کوردەواری”.


هەروەها گوتی: “ئێستا خەریكى به‌رهه‌مهێنانى دوو درامای كوردیین، یه‌كێكیان به‌ناوى (دراماى گورگه‌كان) له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌ك كارى بۆ ده‌كرێت و له‌ قۆناغى وێنه‌گرتندایه‌، دراماى دوه‌میش قۆناغى سیناریۆى ته‌واو بووه‌ و ئێستا له‌ قۆناغى رۆڵ دابه‌شكردندایه‌، وه‌ك تۆڕى میدیایى كوردماكس پلانمان وایه‌ ساڵانه‌ دراماى كوردى به‌رهه‌م بێنین”.


گەزیزە عومەر، ئەکتەر و دەرهێنەر، سەبارەت بەو باسە دوا و گوتی:
“ئەمڕۆ شتێک نەماوەتەوە پێی بگوترێ درامای کوردی، زۆر بەداخم کە ئەم بۆچوونەم هەیە، چونکە لەبنەڕەتەوە بەرنامە و کاری وەک پێویستی بۆ ناکرێ، ئەوەشی لێرەولەوێ دەکرێ، کێشە جەوهەرییەکە بنەبڕ ناکات، کە پێی دەگوترێ نەبوونی درامای کوردی، بۆیە ئێستا کەلێنێکی گەورە لە بەرنامەی تەلەڤزیۆنە کوردییەکاندا هەیە، کە دیارە خۆیان هەستی پێ ناکەن، دەسا چۆن ئامانجییانە تاکی کوردی بۆ چەندەها بەرنامەی لێوانلێو لە کێشە و گرفتی کۆمەڵگا و بەرنامەی سیاسی ڕاکێشن، هەر بەو جۆرەش دەیانتوانی ئاوڕێکیش لە دارامای کوردی بدەنەوە".


سەبارەت بە تۆرانی بینەر لە درامای کوردی، گەزیزە عومەر گوتی: “بینەر لێی نەتۆراوە، بەڵکوو بەزۆر بینەریان تۆراندووە، کە ئەوەش جۆرێکە لە سیاسەت، تۆ چۆن وا لە بینەری خۆت بکەیت ڕێز لە واقیعی ژیانی خۆی نەگرێت، چۆن منداڵی کورد فێر دەکەی شەیدای کولتووری بێگانە بێت و ئاگای لە زمان و مێژوو و جلوبەرگی خۆی نەبێت، ئەمانە بینەری کوردیان وا لێ کردووە خەمی نەبێ درامای کوردی هەبێ یا نەبێ، وەک پرسیارە زەبەللاحەکەی شکسبیر لەسەر زمانی هاملێت، کە دەڵێ (هەبم یا نەبم، ئەمەیە کێشەکە) ئێمەی هونەرمەندان هەمیشە لە بازنەی ئەو پرسیارەدا  دەخولێینەوە، ئێمە ڕۆژانە بەرکەوتنمان لەگەڵ بینەر و خەڵکیدا هەیە، کە پرسیارمان لێ دەکەن بۆ بەرهەمی کوردیتان نییە؟ چ وەڵامێکمان هەبێ، لەکاتێکدا هاوکاری و پشتمان نەبێ، زۆر لە خەڵک هەیە تامەزرۆی درامای کوردین، بەڵام ئەوانیش وەک ئێمە بێ وەڵام ماونەتەوە، بینەری کوردیان بەو دروشمەی (هەر مەیدەرێ تا وای لێ دێ خۆی ڕابێت) سەرقاڵ کردووە، لەسەر بینینی کولتوورێک کە نە هی خۆیەتی و نە لەگەڵیشی دەگونجێ، بەڵام خۆ دەتوانێ ژیانی وێران بکات".


گەزیزە گوتیشی: “بینەر هەموو کات ئاشتە لەگەڵ هونەرێک، کە خزمەتی بکات، کێشەکە بە بینەر چارەسەر ناکرێ، چونکە ئەوە گرفتی گەورەی کەناڵە کوردییەکان خۆیانە کە چۆن گوێ لە هونەرمەندان بگرن، بە کارێکی من یان هونەرمەندێکی تر کێشەی نەبوونی دراما چارەسەر نابێ، دەبێ کەناڵی تایبەت بە دراما و فیلمی کوردی هەبێ، دەبێ بەڕێزەوە داوا لە سیناریست و دەرهێنەران بکرێ کاری بەردەوام بکەن، تا بزانین ئێمە لە کوێی ئەم ژیانەداین و چیمان دەوێ و چیمان پێویستە، ئەوەی کە هەموومانی بێزار کردووە، چاولێکردنمانە لە هەموو نەریت و کولتووری میللەتانی وەک تورک و هند و مەکسیکی، جگە لە خۆمان نەبێ، ئەمە ئەرکی هونەرە پشتگیریی لێ بکرێ، تا کاری لەسەر بکات. تا ئێستا نە فیلم نە درامای مێژووییمان سەبارەت بە شکست و سەروەرییەکانمان نییە، دراما و فیلممان لەسەر کەسایەتییە مێژووییەکانمان نییە، لەگەڵ هەر لایەن و کەناڵێک پڕۆژەیەک باس دەکەی، پێش ئەوەی خەمی ئاست و کوالێتیی کارەکەی بێ، خەمی بودجە و بڕی تێچووی کارەکەیەتی، خۆ ئەویش مافی خۆیەتی، بەڵام دەبێ عەقڵی بەبازاڕکردنی خۆی بخاتە کار، تا بتوانێ لەم ڕووەوە بەردەوام بێ و بازاڕ بۆ بەرهەمەکەی پەیدا بکات. ئێمە زۆر لە درامای ئاست نزممان بە دۆبلاژی کوردییەوە بینی، کە خرایە مێشک و هزری تاکی کوردەوە، ئەی خۆ دراماکانی ئێمە زۆر لەوانە بەرزترن، دەکرێ بە چەند فلتەرێکدا بڕۆن و بکرێنە فارسی، یان عەرەبی، یان هەر زمانێکی تر، تا بتوانن پێمان ئاشنا بن.