سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: لە کەرتی نیشتەجێکردندا خۆدەوڵەمەندکردن هەبووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: لە کەرتی نیشتەجێکردندا خۆدەوڵەمەندکردن هەبووە

"بەشێکی زۆری گەندەڵی بەر وەبەرهێنان دەکەوێت، بۆیە ئامانجێکی سەرەکیی ئێمە نەهێشتنی گەندەڵییە"

د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکی تایبەتی (باس)دا، قسە لەبارەی وەبەرهێنان لە کوردستان دەکات و رای دەگەیەنێت، بۆ باشترکردنی دۆخەکە، چەند پڕۆژەیەکیان هەیە و یاسایەکیش هەموار دەکەنەوە. باسیش لەوە دەکات، سیستەمێکی نوێ دادەندرێت، ئەوەی پڕۆژە پێشکەش دەکات دەبێ وەبەرهێنەر بێت و ئەزموونی لە دروستکردنی پڕۆژەدا هەبێت، نەک بۆ خۆدەوڵەمەندکردن بێت.


سەرەتا ئەوەی خستە ڕوو، لەوەتەی دەستی بە کارکردن کردووە، هەوڵی داوە چەند کارێک بکرێت، گوتی: "هەوڵمان داوە ئەو پڕۆژانەی وەبەرهێنان، کە تەواو نەکراون، یان بەجێ هێڵراون، لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی دووبارە دەست بەکار بکەنەوە، هەندێک کێشە پێشتر لە وەبەرهێنان دروست بووبوون، خەریکی چارەسەرکردنیانین".


روونیشی کردەوە، لەسەر چەند تەوەرێکی گرنگ کاریان کردووە، گوتیشی: "پێشووتر بڕیارێک هەبوو بۆ دروستکردنی نەخشەی وەبەرهێنان، ئەوە بڕیارمان کارا کردەوە، ئێستا خەریکین بۆ دروستکردنی نەخشەی وەبەرهێنان لە کوردستان، کە ئەوەش دەبێتە ماستەرپلانی وەبەرهێنان لە داهاتوودا، بەهۆی ئەو نەخشەیە نەخشەی وەبەرهێنان لە کوردستان روونتر دەبێت و حکوومەت دەتوانێت پێشینەی خۆی بۆ پڕۆژەکان دابنێت، چ پڕۆژەیەک پێویست بێت گرنگیی پێ دەدات".


جەختیشی کردەوە، لە هەوڵدان ئەو رۆتینەی هەیە بۆ مۆڵەتی پڕۆژەکان هەڵبگیرێت: "لە هەوڵداین رۆتینی مۆڵەت کەم بکەینەوە، سیستەمێکی تازە دادەنێین، بڕیارە بۆردێک دروست بکرێت لەو لایەنە پەیوەندیدارانەی وەبەرهێنان، ئەوان رەزامەندیی دەدەن و ئێمەش مۆڵەت دەدەین، پێویستە ماوەی رەزامەندییەکان کەم بکرێتەوە، بە جۆرێک ئەگەر مۆڵەتێک پێشووتر چەند ساڵێکی پێویست بووبێت، لەمەودوا بە چەند رۆژێک بدرێت".


محەمەد شوکری لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان قسەی کرد و ئاماژەی بەو پێشنیازانە کرد، کە پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە، گوتی: "لە پێشنیازەکان گرنگترینیان دروستکردنی ناوچەی پیشەسازییە، هەروەها پێدانی ئیمتیاز بە وەبەرهێنەران و لێبوردنیان لە هەندێک باج و رسوومات، پێدانی ئەو ئیمتیازاتانە لە کەرتێک بۆ کەرتێکی تر جیاواز دەبێت، هەروەها مەسەلەی رێکخستنی مۆڵەت و پیادەکردنی سیستەمی یەک پەنجەرەیی لە مۆڵەتدان، هەروەها مەسەلەی پێناسەی وەبەرهێنەرانە، بۆ ئەوەی بزانین وەبەرهێنەری راستەقینە کێیە، بۆ ئەوەی بۆمان دەربکەوێت ئەوانە کێن توانای جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی ئابوورییان هەیە، لەگەڵ کۆمەڵێک هەمواری تر، ئەویش بە مەبەستی پێدانی دەرفەتی زیاتر بە وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی، هەروەها دەرفەتیش بدرێتە دەزگاکانی وەبەرهێنان، بۆ ئەوەی بتوانن سەرپەرشتیی پڕۆژەکان بکەن، بۆ ئەوەی پڕۆژەی باشتر دروست بکرێن".


پێیشی وایە مەبەست لە هەمواری یاسای وەبەرهێنان بۆ ئەوەیە: "وەبەرهێنان فراوانتر بکەین و ئەرکی زیاتر بخەینە سەر شانی کەرتی تایبەت، تاوەکوو کەرتێکی تایبەتی بەهێزی نیشتمانپەروەر دروست بێت و کەمێک لە بارگرانیی سەر شانی حکوومەت کەم بکاتەوە، دەبێ چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەلێکی زیاتریان بدەینێ بۆ کارکردن لە کەرتی تایبەت و گەنجەکانمان ئاسۆیەکی فراوانی کارکردن و بەدەستهێنانی هەلی کاریان بۆ واڵا بێت، هەلی کارێک، کە بەهای کار و کەرامەتی کارمەندانی تێدا زامن بێت و هەموو ئیمتیازات و ئەو دەستکەوتانەشی تێدابێت، کە لە کەرتی گشتی بۆ مووچەخۆرانی حکوومەتدا هەیە".


سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان جەختی کردەوە: "پێشتر وەبەرهێنان زیاتر لە کەرتی نیشتەجێکردندا هەبووە، حاڵەتی خۆدەوڵەمەندترکردن لەسەر ئەستۆی خەڵک هەبووە، پرۆژە فرۆشراوەتەوە، پارەی خەڵک خوراوە، لە داهاتوودا رێگری لەم کارانە دەکرێت و سیستەمێکی نوێتر دادەندرێت و ئەم کارانە نامێنن، ئەوەی پڕۆژە پێشکەش دەکات دەبێ وەبەرهێنەر بێت و ئەزموونی لە دروستکردنی پڕۆژەدا هەبێت".


محەمەد شوکری، هاتە سەر چاکسازییەکانی ئەو کابینەیە، بەتایبەت لە بواری وەبەرهێنان و گوتی: "بەشێکی زۆری گەندەڵی بەر وەبەرهێنان دەکەوێت، وەکوو سەرۆکی حکوومەت رای گەیاند (کارێکی گرنگی ئەو کابینەیە نەهێشتنی گەندەڵییە)، بۆیە ئامانجێکی سەرەکیی ئێمە لە دەستەی وەبەرهێنان نەهێشتنی گەندەڵییە، بۆیە کاتێک نەخشەی وەبەرهێنانمان دروست کرد و رۆتینمان نەهێشت، واتا بەشێکی یەکجار زۆری گەندەڵیمان نەهێشت، دەبێت چاکسازی لە زۆر بواری وەبەرهێناندا بکرێت، بۆ ئەوەی فرەچەشنیی ئابووری دروست بکرێت، ئەوەش بەوە دەکرێت کە چاکسازی بکرێت".


سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکراشی کرد، ئێستا قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لەسەرووی 53 ملیار دۆلارە، گوتیشی: "لەسەر کاغەز ئەو مۆڵەتانەی وەبەرهێنان لە ساڵی 2006 تاوەکوو ئێستا دروان، قەبارەکەیان 53 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، بەهای ئەو وەبەرهێنانە لە بازاڕدا نییە، بەڵکوو بەهاکەی لەسەر کاغەزە، لە 943 پڕۆە تەنیا 453 پڕۆژەیان تەواو بوونە، ئەوانی تر تەواو نەبوونە و کارکردنیان تێدایە، کە تەواو بوون ئەوکات قازانجی ئەو پڕۆژانە زیاتر دەبێت، کە لەسەر کاغەز نووسراون".


جەختیشی کردەوە، بەدواداچوون بۆ ئەو گلەییانە دەکەن، کەوا خەڵک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی هەیە، گوتیشی: "ئێمە لیژنەیەکمان هەیە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و بە ئەندامیەتیی جێگرانی پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان، رێنمایی نوێ دەرکراوە بۆ ئەو گلەییانەی هەبوونە لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، لەوانە وەرگرتنی پارەی زۆری خزمەتگوزارییەکان و پارە وەرگرتن بەناوی تاپۆکردن، ئەو کێشانە چارەسەر دەکرێن و کۆتایی پێ دەهێندرێت".


دووپاتیشی کردەوە، بەشێکی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکوومەت بریتییە لە فرەچەشنکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان و ئاراستەکردنی کەرتی تایبەت و راکێشانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی بەرەو کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری: "بۆ ئەم مەبەستەش لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دەرفەتی یەکسان و دادپەروەرانە بۆ هەموو لایەک دەڕەخسێنین، بە جۆرێک داهاتی وڵات و داهاتی تاکەکەسی زیاد بێت، نەک تەنیا ئامانج لێی کەڵەکەکردنی سەرمایە و پارە بێت لەسەر حیسابی خەڵک و حکوومەت".