كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سەرۆكی كۆمكاری زیندانییانی سیاسیی هەرێمی كوردستان: چاوەڕوانی دەستپێكردنی چاكسازین

"خەڵكانێك بە نایاسایی كراون بە زیندان سیاسی و مووچەشیان هەیە"

مەلا عەلی محەمەد، سەرۆكی كۆمكاری زیندانییانی سیاسیی هەرێمی كوردستان، لە بەدواداچوونێكی (باس)دا چەندین پرسی گرنگ بە زیندانییانی سیاسی و مووچە و ئیمیازیان دەخاتە ڕوو. ئاماژە بەوە دەكات، مەترسیی راگرتنی مووچەی زیاتر لە 5 هەزار زیندانی سیاسی هەیە. راشی دەگەیەنێت، بەپێی دەستوور دەبێ بەغدا مووچە و ئیمتیازی زیندانییانی سیاسیی كوردستان بدات و قەرەبوویان بكاتەوە، بەڵام نەیكردووە.


سەرەتا روونی كردەوە، لە مانگی 7ی ئەمساڵ، بە نووسراوێك ناوی زیاتر لە 8 هەزار و 806 كەس رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە، بۆ ئەوەی بە زیندانی ئەژمار بكرێن، گوتی: "ناوی ئەو زیندانییانە بە یەك لیست دراوەتە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی پەسند بكرێن، تاوەكوو مووچەی زیندانی سیاسییان پێ بدرێت".


ئاماژەی بەوەش دا، لە لایەن حاكمەكان كار لەسەر دۆسێی 2013 و 2015 دەكرێت، گوتیشی: "دۆسێی ئەو كەسانەی لە ساڵی 2016 مامەڵەكانیان پێشكەش كردووە، جارێ ماوە و كاریان لەسەر دەكرێت، دوای ئەوەی دۆسێكانی 2013 و 2015 تەواو بوون، ئینجا ئەو دۆسێیانەش كاریان لەسەر دەكرێت".


ئاشكراشی كرد، زیاتر لە 20 هەزار زیندانی سیاسی تۆمار كراون، بەڵام مووچەیان بۆ نەبڕدراوەتەوە، گوتیشی: "لە هەوڵداین و بۆ ئەوەش حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵدایە دۆسێی زیندانییانی سیاسی، ئەوانەی مووچەیان نییە رەوانەی بەغدا بكات، ئەگەر لەوێ مووچەیان بۆ نەبڕدرێتەوە، لێرە هەوڵ دەدەین وەجبە وەجبە بۆیان بكرێ".


جەختیشی كردەوە، ئێستا 5 هەزار و 160 كەس لە هەرێمی كوردستان وەكوو زیندانی سیاسی مووچە وەردەگرن.


بەپێی یاسای ماف و ئیمتیازی زیندانییانی سیاسی، هەر زیندانییەكی سیاسی بۆی هەیە 10 ساڵ مووچە و ئیمتیاز وەربگرێت، لە سەرەتای ساڵی داهاتوو ئەو مافە بۆ ئەو زیندانییانە تەواو دەبێت. مەلا عەلی لەمبارەیەوە گوتی: "بەپێی یاسا ئەوانە تاوەكوو مانگی 2ی ساڵی داهاتوو بۆیان دەبێت مووچە وەربگرن، چونكە 10 ساڵە تەواو دەبێت، چاوەڕوانی وتوێژەكانین، ئەگەر بكەوینە سەر حكوومەتی عێراق ئەوا بۆمان دەبێت 25 ساڵ مووچە وەربگرین، ئەگەر نەكرا، ئەوا داوای هەموواركردنەوەی یاساكە دەكەین بۆ ئەوەی بكرێتە 25 ساڵ و قبووڵ ناكەین مووچەی 5 هەزار و 160 كەس ببڕدرێت".


ئەو بەرپرسەی زیندانییانی سیاسی راشی گەیاند، مووچەی زیندانییانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان لە 250 هەزار دەست پێ دەكات، تاوەكوو یەک ملیۆن دینار.


روونیشی كردەوە، لەو 5 هەزار و 160 زیندانییەی هەیە، زیاتر لە 3 هەزار زیندانی زەوییان وەرگرتووە، گوتیشی: "هەر 5 هەزار و 160 زیندانییەكە فەرمانی زەوی وەرگرتنیان هەیە، بەڵام 3 هەزار كەسیان زەوییەكانیان پێ دراوە، ئەو 2 هەزارەی ماون، دڵنیایان دەكەینەوە زەوی بەوانیش دەدرێت".


لە سەرێكی ترەوە جەختی كردەوە، کە ئیمتیازی خوێندنی كوڕ و كچی زیندانییانی سیاسی لەسەر ئەستۆی حكوومەت بەردەوامە، دەشڵێت: "ئەوانەی مووچەی زیندانیی سیاسییان هەیە، ئەوا كوڕ و كچیان، كە قوتابی بن لە خوێندنگە و زانكۆ ئەهلییەكان، خەرجییەكانیان لەسەر حكوومەت دەبێت و ئەو ئیمتیازەش بەردەوامە”.


ئاماژەی بەوەش دا، بۆ چارەسەریی ئەو كەسانەی كەوا نەخۆشییان دەبێت، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی كۆبوونەوەمان كردووە، بڕیارە چارەسەرییان بكرێتە خۆڕایی.


نایشارێتەوە، لەنێو لیستی زیندانییانی سیاسی خەڵكی ناشایستە هەیە، بۆیە چاكسازی لە لیستی ناوی زیندانییانی سیاسی دەكرێت، گوتیشی: "ئەو كەسانە لە لایەن دادوەرەكان بە زیندانی تۆمار كراون، بە یاسا كراون، بۆیە دەبێت بە یاسا رێك بخرێت، ئێمە بە بەڵگە لە لامانە خەڵكانێك بە نایاسایی كراون بە زیندانی و مووچەشیان هەیە، ئێمە چاوەڕوانی دەستپێكردنی چاكسازین لەو بوارەدا".


هەرزیندانییەكی سیاسی دوای ئەوەی چوار شاهێد دەهێنێت لەپێش دادوەر سوێند دەخۆن ئەو كەسە زیندانی بووە، حاكمیش ئیمزای دەكات، دەشڵێت: "خەڵك هەیە لابەلا خۆی خزاندووەتە نێو لیستی زیندانییانی سیاسی، هەیە شارەزایی هەبووە بە رێگەی خەڵكێكی نامەسئول كارەكەی بۆ كراوە، ئێمە بە بەڵگەوە ناوی ئەو خەڵكانەمان ئامادە كردووە و چاوەڕوانی چاكسازیین".


بەرپرسەكەی كۆمكار ئەوەشی خستە ڕوو، زیندانییانی شەڕی ناوخۆ تاوەكوو ئێستا بە زیندانیی سیاسی تۆمار نەكراون.


لە سەرێكی ترەوە روونی كردەوە، مووچە و ئیمتیازی زیندانیی سیاسی لە عێراق زۆر لە هی زیندانییانی كوردستان زیاترە، گوتیشی: "هەر زیندانییەكی سیاسی لە عێراق مانگانە یەک ملیۆن و 200 هەزار دینار وەردەگرێت، حەجكردنی بە خۆڕاییە، 5 ملیۆن دیناریان هەیە بۆ گەشتكردن، چارەسەریان بەخۆڕاییە، كە خانوو دەكەن 50 ملیۆنیان پێ دەدرێت".


ئەو بەراوردی زیندانییەكی سیاسیی كوردستان بە عێراق دەكات لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، ئەوان تەنیا لە مووچە یەك زیندانیی 180 ملیۆن دیناری وەرگرتووە، لە لای ئێمە 31 ملیۆن دینار وەرگیراوە: "خەڵک هەیە پێكەوە زیندانی بوونە، بەڵام یەكیان لە هەولێر مووچە وەردەگرێت و ئەوی تر لە بەغدا، ئەو جیاوازییە تەنیا لە مووچەكانیانە جگە لە ئیمتیازەكانی تر".


ئەو پێی وایە، بەپێی دەستووری عێراق دەبوو مووچە و ئیمتیازی زیندانییانی سیاسیی كوردستان لەسەر عێراق بوایە، گوتیشی: "بەپێی ماددەی 132ی دەستووری عێراق، دەبوو مووچە و ئیمتیازی زیندانییانی سیاسیی هەرێمی كوردستان لەسەر عێراق بێت، چونكە ئێمە زیانمەندی دەستی رژێمی بەعسین، دەبێت دەوڵەتی عێراق قەرەبوومان بكاتەوە، بەڵام بەغدا نەیكردووە".