كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەرپرسێکی یەکێتی: گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک سەقامگیری و دەسەڵات و یاسا دەگەڕێنێتەوە

 

ئەندامێكی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لە پشكی یەكێتیی نیشتمانی ڕای دەگەیەنێت گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك جۆرێك لە سەقامگیری بۆ شارەكە و دەسەڵات و یاسا دەگەڕێنێتەوە.

 

ئەحمەد عەسكەری، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "هەندێك لایەنی عەرەبی و توركمانی كە حزبەكانیان لەسەر دەمارگیریی نەتەوەیی دروست بوون، لە كاتی لەسێدارەدانی پێشمەرگەكان لە حەویجە، چەپڵەیان بۆ داعش لێ دەدا، ٨٠٪ی خەڵكی ئەو ناوچانە داعش و كۆنەبەعسین كە ماون، ئەوان خۆپیشاندان لە دژی گەڕانەوەی بارەگای لایەنە کوردییەکان دەکەن، جا بەمەبەست بۆ حزبەكانیانە كە دەیانەوێت یان بۆ خۆیانە".

 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ناوەندیی یەكێتی ڕوونیشی کردەوە: "لە كاتێكدا ئەم هەموو حزبە توركمانی و عەرەبییەی لەسەر بنەمای دەمارگیری دروست بوون و ڕێگەیان پێ دەدرێت بارەگایان هەبێت، بۆ حزبی كوردی نابێت ئازاد بێت لە دانانی بارەگا و بارەگای بۆ نەگەڕێندرێتەوە؟، من پێم وایە ئەگەر حكوومەتی عێراق بەجددی بابەتی گەڕاندنەوەی بارەگاكانی وەرگرتبێت، ئەوا هیچ ڕێگرییەك ناكات".

 

لەبارەی گەڕاندنەوەی پارتی بۆ كەركووك و گۆڕانكاری بەسەر بارودۆخی كەركووك، ئەحمەد عەسكەری ئاماژەی بەوەش كرد: "نەك گەڕانەوەی پارتی گرنگە، بەڵكوو حزبێكی بچووكیش كە قەبارەی لە پارتی بچووكتر بێت، هەر گرنگە بگەڕێتەوە كەركووك، ئینجا چ جای جزبێكی وەك پارتی كە لە گۆڕەپانی كوردستان و عێراقدا ڕۆڵ دەگێڕێت، بەو ڕێژە و دەسەڵاتەی هەیەتی بێگومان گەڕانەوەی دەبێتە هۆی ئەوەی جۆرە سەقامگیرییەك بۆ شارەكە بگەڕێتەوە و دەسەڵات و یاساش بگەڕێتەوە، ئەو حاڵەتە نائاساییەی هەیە، نامێنێت و دۆخەكە بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات، جا ئەگەر خەڵكانێكیش بیانەوێت تێكی بدەن، ئەوە شتێكی دیكەیە".

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و پاش راگەیاندنی ڕێککەوتنێک لەبارەی ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک، ژمارەیەک لە عەرەب و تورکمانە شۆڤێنییەکان لە دژی ئەو ڕێککەوتنە خۆپیشاندانیان کرد و گەڕانەوەی پارتییان بە گەڕانەوەی کورد بۆ کەرکووک ناساند، لە کاتێکدا بارەگای لایەنەکانی دیکەی کوردستانی لە کەرکووکدا هەیە.