كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

شاخەوان عەبدوڵا: لە 16ی ئۆکتۆبەردا کەرکووک نەفرۆشرا بەڵکوو چەند کەسێک خۆیان فرۆشت

”خیانەتەکە هەرگیز لە بیری خەڵکی کوردستان ناچێتەوە“

 

ئەندامێكی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق لە پشکی پارێزگای كەركووك رای گەیاند، هەرگیز خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە بیری خەڵکی کوردستان و نەوەکانی داهاتوو ناچنەوە و نەیشاردەوە کە لە خیانەتەکەدا کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان نەفرۆشراون، بەڵکوو ٣٨ سەرکردەی لایەنێکی سیاسی ”خۆیان فرۆشتووە“.

شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی خولی سێی پەرلەمانی عێراق لە كەركووكەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧دا تێدەپەڕێت، ئەو تاوانە گەورەیە هەرگیز لەلای خەڵكی كوردستان و نەوەكانی داهاتوو لە بیر ناكرێت، لەبەر ئەوەی ئێمە لە دوا قۆناغەكانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بووین“.

شاخەوان عەبدوڵا هۆكاری ڕووداوەكانی بۆ ”خیانەتی چەند كاڵفامێك و خۆ فرۆشتنیان“ گەڕاندەوە و گوتی: ”دەمەوێت ئەو چەمکە ڕاست بكەمەوە، كە دەڵێ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم فرۆشران، ئەوانە نافرۆشرێن، چونكە خاكەكەی موڵكی ئێمەیە و مامەڵەی پێوە ناكرێت، بە پێچەوانەوە ٣٨ سەركردایەتیی یەكێتی خۆیان فرۆشت، كاتێك ڕایانگەیاند واژۆیان بۆ چۆڵكردنی ناوچەكان كردووە، مێژوو ڕەحمیان پێ ناكات“.

سەبارەت بەو پاساوانەی كە لەلایەن گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە دەهێندرێنەوە، شاخەوان عەبدوڵا پێیوایە، خەڵكانێك خیانەت بكەن، ”بەدڵنیاییەوە پاساویش دێننەوە، خۆ ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانیش كرا، ئەی بۆ نەكەوتە ژێردەستی ئەوان؟ ڕوونە کە ئەو خۆفرۆشانە خۆیان زوو دانیان بە تاوانەكانیاندا نا و گوتیان ٣٨ سەركردایەتیمان واژۆی كردووە“.

ئەوەشی ئاشکرای کرد: ”لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر، دیدارم لەگەڵ ئەڵمانەكان، فەڕەنسییەکان و بەریتانییەكان ئەنجام دا، ئەوان زۆر نیگەران بوون كە شاری كەركووك بەبێ هیچ تەقەیەك ڕادەست كرا، بە ڕاشكاوی گوتیان کە ئەگەر تەقە بكرایە، ئەوا كەركووك نەدەكەوت، ئێمەش وەك كۆمەڵگەی نێودەڵەتی لەگەڵ ئەوە نەبووین بەو جۆرە كەركووك ڕادەست بكرێ، دوایین كەسیش دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بوو كە دانی بەوەدا نا، كەركووك چۆڵكرا و شەڕی تێدا نەكراوە“.

ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ش، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراقەوە داگیر کرا، هەر لە سەروبەندی ئەو ڕووداوانەدا کۆسرەت ڕەسووڵ، مەلا بەختیار، شێخ جەعفەر، نەجمەدین کەریم و چەندان سەرکردەی دیکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایان گەیاند کە گرووپێکی نێو حزبەکەیان ڕێککەوتنی ژێربەژێریان کردووە و بوونەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە نیوەی خاکی باشووری کوردستان لەدەست بدرێت.