كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
بەرهەم عەلی 24/09/2019

لە یادی ریفراندۆمدا ئێستا کامیان خەونن؟

رێکەوتێکی جوان و گرنگە، کە ئەمڕۆ دەرچوونی ژمارەی نوێی هەفتەنامەی (باس) هاوکاتە لەگەڵ یادی دووەمین ساڵوەگەڕی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور کە لە 25\9\2017 بەڕێوە چوو، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بە کەرکووک و خانەقین و خورماتوو و دەشتی نەینەواو و شنگال و مەخموورییشەوە، بەشدارییان تێدا کرد و لە پرۆسەیەکی کەرنەڤاڵئاسای لەیادنەچوودا، نزیکەی %93ی خەڵکی کوردستانی باشوور، بە جیاوازیی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاییەوە، دەنگیان بە (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان) دا. رۆژانی هەڵمەتی بانگەشە بۆ ریفراندۆم و ئاهەنگ و کەرناڤاڵە سەدان هەزارییەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستانی باشوور کە بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی خودی سەرۆک مەسعود بارزانی بەڕێوە چوون، بە رۆژی دەنگدانیشەوە، چەندە خۆش و جوان و پڕ جۆش و خرۆش و شادی و کامەرانی و گەشبینی و ئومێدبەخشی بوون، رۆژانی دوای خیانەتی گەورەی 16ی ئۆکتۆبەریش کە نزیکەی مانگ و نیوێک دوای ریفراندۆم هاتە ئارا، هێندە پڕ خەم و تراژیدیا و کارەسات و بێئومێدی بوون. نامەوێ لەم یادە پڕ شکۆیەدا، باسی خیانەتێکی چەپەڵ بکەم کە یەکەمین خیانەتی گەورەی گرووپێکی حزبێکی کوردییە، لە سەردەمی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی گەیاندن و پەرەسەندنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێتدا، ئەوەیان با بۆ کاتی خۆی بێت. بەڵام زۆر گرنگە بزانین، سەرۆک بارزانی، چۆن وەک پێشمەرگە و سەرکردەیەکی مەیدانی سەرکردایەتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد لە شکست هێنان بە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش) و ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکان، وەک چۆن ریفراندۆمی سەر خست و کاکە حەمە گوتنی کردیە (تاپۆنامە) و خستیە باخەڵی نەوەکانی داهاتووەوە، ئاوهاش بە عەقڵی حەکیمانەی خۆی، تەمی قۆناغی رەشی و پڕ نائومێدیی دوای 16ی رەواندەوە و تا رادەیەکی باش، دەرگا داخراوەکانی کوردستانی بە رووی جیهاندا کردەوە، لێرەدا نابێ رۆڵی زۆر کارایانەی هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانییش نادیدە بگرین، کە بە هەوڵی بێ وچانیان، بە هاوکاریی دڵسۆزانی وڵات و هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان، هێدی هێدی کوردستان بەرەو کەناری ئارامی دەبەن.


بە هەرحاڵ، من ئێستا هێندە گەشبین نیم تا بڵێم کوردستان هەرێمێکی بێ کێشەی سیاسی و ئەمنی و سەربازی و ئابوورییە و خەڵکی کوردستان لەوپەڕی خۆشگوزەرانی و ئارامیدا دەژین، چونکە لانی کەم ئێمە بە هۆی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، تا ئێستاش نزیکەی سەدا پەنجای خاکی کوردستانمان ئازاد نییە و داگیرکراوە، دانیشتووانی ئەو ناوچانە، یان ئاوارەن، یاخود لە دۆخێکی ئەوپەڕی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و تەنانەت کۆمەڵایەتیشدا دەژین، هێشتا خەڵکی کوردستان چاوەڕێی ژیانێکی خۆشتر و ئارامتر و جوانتر گوزەرانێکی باشتر دەکەن، بە ئومێدەوە لە هەنگاو و بڕیارەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڕوانن و چاویان لەوەیە کۆتایی بە کێشە و کەموکوڕی و نیگەرانییەکانیان بێت، ئەمەش لە لایەن تیمی وزاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کە خۆی لە (پارتی، یەکێتی، گۆڕان و نوێنەرانی پێکهاتەکان)دا دەبینێتەوە، رەنجی فەرهادانەی دەوێ.


لێ هەرچۆنێکی لە قەڵەم بدەین، پاش تیپەڕینی دوو ساڵ بەسەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا، وێڕای سەختیی دۆخی ناوچەکەمان، ئێمە لە قۆناغێکی نوێدا دەژین، بۆیە لەم رۆژەدا گرنگە یادی ئەو رووداوە گرنگەی کوردستان و ناوچەکە بکەینەوە، کە کارەکتەری سەرەکیی خۆمان بووین، گرنگە بپرسین: ریفراندۆم بۆچی کارێکی دروست بوو؟


کورد لە سەدەی 20دا دوو کاری گرنگی کرد، یەکەمیان: بەردەوامیدان بە شۆڕش، دووەمیان: راپەڕینی ساڵی 1991.


لە سەدەی 21یشدا کوردستانیان گرنگترین هەنگاویان نا ئەویش ریفراندۆم بوو، دڵنیام تاکە رووداوێک ئەگەر لە سەدەی 21دا روو بدات و لە ریفراندۆم گرنگتر بێت، راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە لەسەر بنەمای ریفراندۆمی ساڵی 2017. ئیدی هیچ هەنگاوێک لەمە گرنگتر نابێت. بۆیە بەش بەحاڵی خۆم، بەزەییم بەو کەسانەدا دێتەوە کە مافی دەنگدانیان هەبوو بەڵام دەنگیان نەدا و خۆیان لە بەشداریکردن لەو رووداوە گرنگە بێبەش کرد، چونکە ئیدی دووبارە نابێتەوە، هەروەها ئەوانەشی کە دەنگیان بە (نەخێر) دا، باوەڕ ناکەم لە دنیادا جگە لە هەندێک لە مرۆڤەکان، هیچ مەخلووقێک هەبێت دەنگ بە (ژێردەستەیی و مانەوە لە قەفەزدا) بدات!


ساڵی 2018 لە یەکەمین ساڵوەگەڕی ریفراندۆمدا، کتێبێکی 625 لاپەڕەییم لەسەر ریفراندۆم ئامادە کرد و بە هاوکاریی دەزگای میدیایی (باس) بە چاپم گەیاند بە ناویشانی (ریفراندۆم... تاپۆنامەی دەوڵەتی کوردستان)، ئەودەم رێوڕەسمێکم بۆ نماییش و واژۆکردنی کتێبەکە رێک خست، لەوێ گوتم: بۆ ئەوەی لە دروستی و گرنگیی ریفراندۆم تێ بگەین، دەبێ تەماشایەکی دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان بکەین، دەبێ بپرسین: گەلۆ، ئەرێ ئێستا دروستبوونەوەی دەوڵەتی عێراقی بەهێز و خاوەن سیادە خەونە، یان دروستبوونی دەوڵەتی کوردی؟


هەمان ئەم پرسیارەم لە دیدارێکی دۆستانەدا لە کونسوڵی وڵاتێکی زلهێز کرد، ئەو، ناڵێم گەشبینانە بەڵام دیپلۆماتکارانە وەڵامی دامەوە و بەکورتی گوتی: ”ئەگەر عێراقییەکان دەست لەناو دەست بکەن و هەموو خیلافاتەکانیان وەلاوە بنێن و پێکەوە بۆ بنیاتنانەوەی عێراق هەوڵ بدەن، دروستبوونەوەی عێراقێکی بەهێز بە هاوکاریی کورد ئاسان دەبێت!“


منیش بە پێکەنینەوە ئەم پرسیارانەم لێ کرد؟


- ئەدی 100 هەزار چەکداری حەشدی شەعبی کە لە زیاتر لە 67 گرووپی ناکۆکدان و لەبن فەرمانی وڵاتێکی دراوسێدان، چۆن دادەسەکنێننەوە؟


- ئەدی بنیاتنانەوەی 5 شاری گەورەی وێرانکراو؟


- ئەی دۆزینەوەی خانوو بۆ 3.5 ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی کە لە کەلاوەدا دەژین؟


- ئەدی چارەسەرکردنی رەوشی 2 ملیۆن بێوەژن؟


- ئەدی چارەنووسی 6 ملیۆن منداڵی بێ سەرپەرشت؟


- ئەدی دەیان هەزار ئالوودەبووی مادە هۆشبەرەکان؟


- ئەدی نەهێشتنی گەندەڵی لە وڵاتێکدا کە لە یەکەمینەکانی ریزبەندی گەندەڵترین وڵاتی جیهاندایە؟


- ئەدی ئەو مافیا گەورانەی نەوت دەدزن و مادەی هۆشبەرمان بۆ دێنن؟


- ئەدی ئەو هەموو دانا و زانا و رۆشنبیر و پزیشک و ئەکادیمی و فڕۆکەوان و ئەفسەر و سیاسەتمەدار و پیاو و ژنە دەوڵەتدارەی کە تیرۆر کران؟


- ئەدی ئەو سەدان هەزار کریستیان و ئێزدی و سابیئانەی عێراقیان جێ هێشت؟


- ئەدی ئەو جینۆسایدە گەورەیەی دەرهەق بە کوردانی ئێزدی کرا؟


- ئەدی ئەو دوو ملیۆن ئاوارە ناوخۆییە؟


- ئەدی ململانێی خوێناویی نێوان سوننە و شیعە؟


- ئەدی لەو بەینەدا مافی نەتەوەیەکی وەکوو کورد؟

کونسوڵی بەڕێز کە ئەم ژمارانەم وەبیر هێنایەوە، گوتی: ”راست بێژیت، بەڵام سەرەڕای ئەوانەش پێویستە کورد بچێتەوە بەغدا و پێکەوە لەگەڵ برا عێراقییەکاندا لە حکوومەتی تازە، وڵات بنیات بنێنەوە!“
بە کاکی وەرگێڕم گوت: تووخوا ئەم گۆرانییە کوردییەی بۆ وەرگێڕە:


بەینۆ بەینۆ
هاوین کەپرێ دەکەینۆ
زستان تێکی دەدەینۆ
بەهار رێکی دەخەینۆ....