كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتاری سوننە: مەسرور بارزانی فاکتەرێكی ئیجابییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا

"دەبێ هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكان دروست بكرێت"

یەحیا ئەلموحەمەدی، پەرلەمانتاری سوننە و ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا، چەندین پرسی گرنگ دەخاتە ڕوو. دەری دەخا، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بەرەو باشییە و پێی وایە كابینەی ئێستای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رۆڵی هەبووە لە پێشخستنی گفتوگۆكان. جەختیش دەكاتەوە، عێراق بووەتە گۆڕەپانی ململانێی وڵاتان و دووپاتیشی دەكاتەوە، دروستكردنی هەرێمی سوننی، بەهۆی نەدانی مافەكانیانە لە لایەن عێراقەوە.


سەرەتا هاتە سەر پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و ئاماژەی بەوە دا، ئێستا پەیوەندییەكان باشن و هەندێك كێشەش ماون پێویستیان بە چارەسەر هەیە، گوتی: "بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، چەند لیژنەیەك دروست كراون، كێشەكانیش قابیلی چارەسەركردنن و لە ئاستێكدا نین بگوترێت چارەسەریان زەحمەتە، ئەو كێشانە لەنێوان وڵاتان و لەنێو یەك وڵاتیشدا هەن، بە تایبەت وڵاتانی فیدڕاڵی".


روونیشی كردەوە، پەیوەندی و لەیەكگەیشتن بنەمای چارەسەركردنی كێشەكانە، گوتیشی: "دۆخی ئێستای نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەم جۆرەیە، كەوا پەیوەندیی باش هەیە و لەیەكگەیشتنیش هەیە، ئەوەش وا دەكات چارەسەركردنی كێشەكان ئاسانتر بێت".


جەختیشی كردەوە، كێشەی نەوت و بودجەش چارەسەریان بۆ دەدۆزرێتەوە، گوتیشی: "دەكرێت لە بودجەی 2020 كێشەكانی هەرێم و ناوەند چارەسەر بكرێن، بە تایبەت كێشەی نەوت و گومرگەكان و كێشەكانی تر بە گشتی، هەروەها خوازیارین هەموو كێشەكان بە ڕیشەیی چارەسەر بكرێن".


پێیشی وایە، دەكرێت لە ساڵی داهاتوودا، وێڕای ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان، بودجەی پڕۆژەكان و پارەی تریش بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت، گوتیشی: "ئەمساڵ ئەوەی جێگیر كراوە و دەنێردرێت، مووچەی فەرمانبەرانە، ئەگەر لەسەر میکانزمی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا رێک بکەون، ئەو كاتە بودجەی تەواوەتی بۆ هەرێم دەنێدرێت، كە بە لای كەمەوە 12 ترلیۆن دینار دەبێت، ئەوەش دەوەستێتە سەر رێکكەوتنی ئەو لیژنانەی، كە لەنێوان هەردوولادا دروست كراون".


ئەو پەرلەمانتارەی سوننە هاتە سەر رۆڵی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكان و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا، دەشڵێت: "مەسرور بارزانی كەسایەتییەكی زۆر باشی هەیە و مێژوویەكی جوانی هەیە، كەسایەتیی ئەو پیاوە بە جۆرێكە، دەتوانێت تەفاهوم بكات، كاك مەسرور فاکتەرێكی ئیجابییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا، باوەڕمان وایە ئەو كابینەیە رۆڵی دەبێت لە پێشخستنی رەوڕەوەی گفتوگۆكان".


ئەلموحەمەدی باوەڕی وایە، لە سایەی هەبوونی عادل عەبدولمەهدی، دەرفەتی ئەوە هاتووەتە پێش، كێشەكان چارەسەر بكرێن و تەنگژەی تازە دروست نەكرێت.


پەیوەست بە جموجۆڵەكانی داعش، بە باشی دەزانێت پەیوەندییەكانی هێزە عێراقییەكان و پێشمەرگە بەهێز بكرێت، بۆ ئەوەی داعش سەرهەڵنەداتەوە، گوتیشی: "پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق سەركەوتنی گەورەیان دژی داعش بەدەست هێناوە و قوربانیی زۆریان داوە، دەبێ هەماهەنگیی سوپای عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان بگەڕێتەوە دۆخی جارانی، بۆ ئەوەی پێكەوە بەرەنگاری داعش ببنەوە".


ئەو بە باشی دەزانێت، هێزی هاوبەش لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكان دروست بكرێت و پێكەوە دۆسێی ئەمنیی ئەو ناوچانە بگرنە ئەستۆ.


ئەو كە ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانیشە، ئاشكرای دەكات، زیاتر لە 150 پڕۆژەیاسای خولی پێشووی پەرلەمان دراوە بە خولی ئێستا، ئەو پڕۆژانەش بەهۆی كێشەی سیاسییەوە وەستاون و پێویستیان بە تەوافوق هەیە، گوتی: "كوتلە سیاسییەكان لەبەردەم دوایین دەرفەتدان بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان و وەلاوەنانی كێشە سیاسییەكانیان، خولی ئێستای پەرلەمان باشە، بەڵام لە ئاستی داخوازییەكاندا نییە و ئەزموونی پەرلەمانی ئێستاش لە عێراق لاوازە.


جەختیشی كردەوە، باسكردن بژارەی دروستكردنی هەرێمی سوننی بژاردەیەكی دەستوورییە، گوتی: "ئێمە بۆیە باس لەو بژارەیە دەكەین، بۆ ئەوەی وەكوو پێكهاتەیەك مافمان بدرێت، ئێستا لە پێكهاتەی حكووومەتدا سوننە 5% پێكناهێنێت و لە زۆر ماف بێ بەشین، یان ئەو مافانەمان پێ بدرێت، یان هەرێمی سوننە دروست دەكەین، بۆیە حكوومەتی ئێستا بەرامبەر بە ئێمە لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گەورەدایە ".


موحەمەدی نیگەرانیی خۆی لەوە پیشان دا، كەوا عێراق بووەتە گۆڕەپانی ململانێی وڵاتانی ناوچەكە، گوتیشی: "دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی، كاریگەریی خراپی لەسەر عێراق دروست كردووە و زۆر جار وای كردووە عێراق سەربەخۆیی خۆی لەدەست بدات، عێراق بووەتە گۆڕەپانی پاكتاوكردنی حساباتی وڵاتان، زۆر جاریش هاووڵاتییانی عێراق باجی ئەو بابەتەیان داوە، هۆكاری ئەوەش هەیكەلیەتی عێراق و ململانی سیاسییەكانە".