كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
وژار فهری 09/05/2019

کۆتایی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران بەکوێ دەگات؟

تیۆریێکی سیاسی دەڵێت، کاتێک کە دوو ووڵات ناکۆکی و گرژی قۆڵ کەوتە نێوانیان، یان بە جەنگ یان بە رووخانی یەکێک لەو دوو ووڵاتانە کۆتای بە گرژیەکە دێت.

ناکۆکی و دژایەتی نێوان ئەمریکا و ئێران رۆژ بە رۆژ روو لە خراپی دەچێت بەتایبەتی لە دوای ئەوەی وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سوپای ئێرانی خستە ناو لیستی تیرۆر، وەک کاردانەوەیێک بەرامبەر ئەو هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ، ئێرانیش سوپای ئەمریکای خستە لیستی تیرۆری خۆیەوە. ئاشکرایە کە ئەمە جگە لە کاردانەوەیێک بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی هیچ گرنگیێکی تری نییە، چونکە سوپای ئەمریکا بەهێزترینە لە جیهاندا بەم کاردانەوەی ئێران هیچ لە پێگەکەی کەم ناکات. ئەو ریکخراوە سەربازیە (سنتکام)ە کە ئێران خستویەتە نێو لیستی تیرۆری خۆی سەر بە فەرماندەیی سەربازی ئەمریکایە و هێزێکە تایبەتە بە چالاکیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ووڵاتەکەی. (سنتکام) لەساڵی ١٩٨٢ درستبووە ناوەکەشی کورتکراوەی ئەو شوێنە جوگرافیەیە کە لێیە.

سنتکام یکێکە لە شەش ناوەندەکانی فەرماندەیەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، ناوەندی ئەوروپا ناسراوە بە (یۆرۆکام) کە سەرپەرشتی ناوچەی ئەوروپا دەکات، ناوەندی (باکوور کام) تایبەتە بە سەرپەرشتی کردنی ناوچەکانی ئەمریکا و پۆرتۆریکۆ و کەنەدا و مکسیک و باهاما. ناوەدنی (ئیندۆپا کام) کە سەرپەرشتی ئۆقیانوسی ئارام دەکات، ئەمە کۆنترین ناوەندی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکایە. ناوەندی فارماندەیی باشوری کیشوەری ئەمریکا کە پەیوەستە بە ئەمریکای ناوەند و باشور و دەریای کارائیب، ناوی فەرماندەی (ساوث کام) لێنراوە. فەرماندەیی ئەفریقاش ناسراوە بە (ئەفری کام) کە بەرپرسی ناوچەی خوگرافیای ٥٢ وڵاتی ئەفریقایە، وە (سنتکام) کە بەرپرسی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراستە هەروەها میسر و ئاسیای ناوەراستیش لە ژێر کۆنترۆڵیدایە.

هەفتەی رابردوو وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەشتی فرۆکە هەڵگری (ئابراهم لینکۆڵن)ی ناردە ئاوەکانی کەنداوی فارس، هەرکاتێک کە ئەم کەشتیە فرۆکە هەڵگرە هاتبێتە ئەو ناوچەیە یان جەنگێک روویداوە یانیش پشێویێکی گەورە دروست بووە لە ناوچەکە. بێگومان ئەمریکا مەترسیەکانی ئێرانی بە جدی وەرگرتووە کە ئەم کەشتیە فرۆکە هەڵگرەی رەوانەی ناوچەکە کردووە، ئەم جموجۆڵەی ئەمریکا بەو مانایە دێت کە ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ بەرپەچدانەوەی هەرهێرشیک لە لایەن ئێران و گروپە چەکدراەکانی سەر بە ئێران.

لە ماوەکانی رابردوودا ئێران چەندین جار رایگەیاندووە کە گەرووی هورموز دادەخات، وەک کاردانەوەیێک دژی نەفرۆشتنی نەوتەکەی، لەوانەیە بتوانێت بۆ چەند کاتژمێرێک یان چەند رۆژێکی کەم دابخات، بەڵام لە راستیدا ئەمە خۆکوشتنی ئێرانە ئەگەر ئەم کارە ئانجام بدات بۆ ماوەیێکی درێژ، لە ساڵی ١٩٥٦ کاتێک میسر ویستی کەناڵی سویس دابخات رووبەروی گەررەوترین هێرش بوویەوە لەلایەن ئیسرائیل و فەرەنسا و بەریتانیا، مەبەستم ئەوەیە کە کارێکی زۆر مەترسیداره ئەگەر ئێران هەمان کاربکات و گەرووی هورموز دابخات چونکە ئەوکات بێگومان رووبەروی پەلاماری نێودەوڵەتی دەبێتەوە. هەروەها لەرێی یاسایشەوە ئێران ناتوانێت گەرووی هورموز دابخات، چونکە: پەیمانێک لە ساڵی ١٩٥٨ مۆرکراوە سەبارەت بە گەرووی هورموز بەوەی کە هاتوچۆی هەموو کەشتیێکی بێمەترسی لە گەرووی هورموز بە فەرمی دەناسێنێت، هەروەها پەیمانێکی تر لە ساڵی ١٩٨٢ دیسان هاتووچۆ و گواستنەوەی کەشتیەکان گەرەنتی دەکات، ئێران پەیماننامەی دووەمی ئیمزا کردووە بەم شێوەیە بەرپرسیاریەتێکی یاسایی هەیە لەهەمبەر گەرووی هورموز.

ئێران زۆر جار بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەبوونی کەشتیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە مایەی مەترسیە (تهدید) بۆ سەر ئێمە، بەڵام مەترسی (تهدید) بە پێی یاسای نیودەوڵەتی بریتیە لە: ئەگەر ووڵاتێک (بۆ نموونە ئەمریکا) مەبەستی بێت مەترسی بخاتە سە ئێران ئەوا ئێران دەتوانێت بەرپەچی بداتەوە و کاردانەوەی هەبێت، بەڵام ئەگەر هەبوونی کەشتیەکانی ئەمریکا (ئەگەر جەنگیش بێت) نەبیتە هۆی دروستبوونی مەترسی بۆسەر ئێران، ئەوا ئێران ناتوانێت هیچ کاردانەوەیێکی توندی هەبێت. گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەراست لە قەتەرە، ئەمریکا دەتوانێت کەشتیە جەنگیەکانی لە نزیک ئێران جێگیر بکات و ئێرانیش ناتوانێت هیچ کاردانەوەی هەبێت.

هاتنی ئەمریکا و بەرزکردنەوەی ئاستی گرژیەکانی لەگەڵ ئێران چەندین سیاریۆ دەخاتە بەردەم جیهان لەوانە:

سیناریۆی یەەکەم مەبەستی ئەمریکا ئەوەیە کە ئێران ناچار بکات بەوەی پەیماننامەیێکی تری نوێ لەگەڵ ئەمریکا ئیمزا بکات نەک وەک پەیماننامەی ئەتۆمی رابردوو، بەڵکو جیاواز لە ئەو، مەبەستی ئەمریکا ناچارکردنی ئێرانە کە ١٢ داواکراوەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکات، لە راستیدا ئیمزاکردنی ئەم رێککەوتنە بەمانای بندەستبوونی ئێران دێت و دەبێ واز لە یارمەتیدانی هەموو گروپە چەکدارەکانی ژێر هەژموونی خۆی بێنێت و هێزەکانی بباتەوە ناو خاکی ئێران.

سیانریۆی دووەم، گۆرینی رژێمە. لە راستیدا سەپاندنی گەمارۆکانی ئابووری بۆ سەر ووڵاتان زۆر کاریگەر نیە بۆ گۆرینی رژێمی ووڵاتەکە هەروک لە کوبا و کۆریای باکوور و لیبیا رژێمەکانی ئەو ووڵاتانە بەهۆی گەمارۆ ئابوریەکان نەگۆردران، بەڵام دەتوانێت بە تەواوی بناغەی ووڵاتەکەی لەرزۆک و شل بکات و ووڵات توشی پشێوی زۆری ناوخۆیی بکات.

سیناریۆی سێیەم، ئیدارەی ترەمپ بەهیزترین و گەورەترین فشار دەخاتە سەر ئێران بۆ ئەوەی کە ئێران ناچار بکات دەست بکاتەوە بە پرۆگرامی ئەتۆمی خۆی. ئەگەر ئێران بکەوێتە ناو ئەم تەڵەوە، ئەوە بیانوو دەخاتە بەردەستی ئەمریکا و دەرفەت بە ئەمریکا دەدات کە پاڵپشتی ووڵاتە زلهێزەکانی تریش بەدەست بێنێتن وەک چین و رووسیا، هەروەها پشتیوانی سەربازیش بەدەست دێنێت لە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ دەست تێوەردانی سەربازی و هێرش کردنە سەر بنکەکانی ئەتۆمی ئێران.

لە ئێساتادا ئەمریکا پێی باش نیە کە ئەو دەستپێشخەری بکات بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ بەو پێیەی کە تەنهایە و ووڵاتانی ئەوروپی و چین دژی پێکدادانی سەربازین. بەڵام پێکدادانی جەنگیش لە نێوان ئەمریکا و ئێران ئەگەرێکە و هەرگیز رەتناکرێتەوە، هەروەها هەندێک لە ووڵاتانی ناوچەکە پێیان خۆشە روودانی ئەو جەنگە وەک ئیسرائیل، سعودیە و ئیمارات، بەڵام لە راستیدا روودانی جەنگ بارودۆخێکی سەخت و گران رووبەرووی ناوچەکە دەکاتەوە.