ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە

- لە 30-3-1951 دووەمین كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری بەغدا بەسترا.

 

- لە 30-3-1947 شای ئێران فەرمانی بە هێزەكانی دا كە بە فڕۆكە بنكە و رێڕۆیشتنی كۆچ و كۆچباری بارزانییەكان بە ژن و منداڵەوە بۆردومان بكەن و لەوەشدا تۆپخانەش بەكار بهێنرێت، فەرمانەكەی شا ئەوەشی لەخۆ گرتبوو كە دەبێت شەڕ كۆتایی بێت و كارێكی وا بكەن كە بارزانییەكان نەتوانن دەرباز ببن و لەوە زیاتر ئابڕووی لەشكر نەچێت. پاش کۆتاییهاتنی تەمەنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، پێشمەرگە بارزانییەكان بە سەركردایەتیی مستەفا بارزانیی نەمر و شێخ ئەحمەدی بارزانی لە هەلومەرجێكی سەخت و دژواردا بەرەو سنووەركانی عێراق گەڕانەوە، هەرچەندە بارزانیی نەمر و پێنج سەد پێشمەرگە لە کۆچێکی مەزندا لە رووباری (ئاراس) پەڕینەوە و بەرەو سۆڤێتی جاران چوون، بەڵام شێخ ئەحمەدی بارزان و تەواوی بنەماڵەکانی‌تر بەرەو عێراق گەڕانەوە، رێژیمی پاشایەتیی ئەوكاتی عێراق تەواوی ئەو خێزانانانەی بۆ شارەكانی باشووری عێراق دوور خستەوە و شێخ ئەحمەدی بارزان و ژمارەیەك تێكۆشەری‌تری زیندانی كرد و لە 19ی حوزەیرانی هەمانساڵیشدا چوار ئەفسەری ئازادیخوازی شۆڕش کەکە کۆماری کوردستاندا بەشدارییان کردبوو، لە سێدارە دران.

 

- لە بەرەبەیانی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی ھەتاوی(٣٠ی مارسی ١٩٤٧) پێشەوا قازی، سەرکۆماری کوردستان، حەمەحوسێن خانی سەیف قازی (ئامۆزای پێشەوا) و فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان و ئەبولقاسم سەدر قازی (برای پێشەوا) دوای حوکم دران لە دوو دادگای سەربازی، نایاسایی و فەرمایشیدا بەدەستی دوژمنانی گەلی کورد لە چوارچرای شاری مەھاباد، واتە ھەر لەو شوێنەی کە ٢ی رێبەندانی ١٣٢٤ھەتاوی (٢٢ مانگی ژانویە ١٩٤٦) کۆماری کوردستان لێی راگەیەندرابوو، لەسێدارە دران و شەھید کران.

ھەڵسوکەوتی قازی کاتی لە سێدارەدران کە رۆژنامەنووسێکی دەرباری شا دەیانگێڕێتەوە وەک چیرۆک و ئەفسانەی لێھاتووە. قازی لە پێشدا داوا دەکات کە تیربارانی بکەن چونکە لەسێدارەدان ئایینی نییە، بەڵام ڕێگەی پێ‌نادەن. پاشان وەسیەتنامەیەک دەنووسێت کە جێگەی سەرنجە لەباری کۆمەڵایەتییەوە و لەباری سیاسییەوە. قازی ئەو مردنەی بە سەرکەوتن دەزانی، ھەر بۆیە بە ٧ ھەنگاو ڕێگەی بۆ لای سێدارەکە پێوا. لە پای سێدارە ڕێگەی نەدا چاوی ببەستن و دەڵێت:

حەز دەکەم لە ئاخرین چرکەی ژیانیشمدا بە سەربەرزی و چاوی کراوەوە لە نیشتمانی خۆشەویستم بڕوانم. 

ڕوو لە خوێنمژانی گەل دەڵێ: ئێوە قازی محەمەدێک دەکوژن، بەڵام بزانن لە ھەر تنۆکە خوێنێکی من، قازی محەمەدێکی دیکە شین دەبێتەوە. داوا لە گەلی کورد دەکەم خەباتی خۆی لەپێناو ڕزگاریی کوردستاندا پەک نەخات، باوەڕ بە دەوڵەتی خۆفرۆشی تاران مەکەن. بژی کورد و کوردستان.

تەرمی ئەو شەھیدانە ھەر ئەو رۆژە لەسەر شان و پیلی خەڵکی بەشەرەفی مەھاباد لە گۆڕستانی مەلا جامی بە خاکی نیشتمانەکەیان سپێردران و گڵکۆی پێشەوا و یارانی ئێستا بووەتە ڕووگەی ئەویندارانی ئازادی.

تێبینی: بەهۆی جیاوازیی ساڵ و مانگ و ڕۆژی دوو مێژووی هەتاوی و زایینی، لەبارەی ڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا لە نێوان کوردی باشوور و ڕۆژهەڵاتدا جیاوازیی بۆچوون هەیە، کە دروستەکەی 10ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی ھەتاوی (٣٠ی مارسی ١٩٤٧) یە و ئەو یەک ڕۆژە تەنیا بۆ جیاوازیی مێژووی زایینی دەگەڕێتەوە.

 

- لە 30-3-1948 یەكەمین ژمارەی گۆڤاری (نزار) لە بەغدا لەلایەن عەلائەدین سەجادی چاپ و بڵاو کرایەوە كە بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی بوو.

 

- لە 30-3-2017 بۆ یەكەمین جار ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە پێشوازیی لێكرا. سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان ستایشی سەرۆك بارزانی و  حكوومەت و گەلی كوردستانی كرد بۆ حەواندنەوە و بەهاناوەچوونی ئاوارە و پەنابەران كە سەرباری ئەو تەحەدا و قەیرانەی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام بە گەرمی و بەبێ‌ جیاوازی پێشوازییان لە ئاوارە و پەنابەران كردووە و پێداویستییەكانیان بۆ دابین كردوون، هەروەها ستایشی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی بەسەر تیرۆریستانی داعشدا كرد.