ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای مێژووەوە

1- لە 28-3-1906 هەر دوو كەسایەتیی بەناوبانگی بنەماڵەی بەدرخانییەكان (عەبدولڕەزاق بەدرخان و عەلی شامل پاشا) و یازدە سەركردەی دیكەی كورد لەلایەن حكوومەتی عوسمانییەوە دەستگیر كران و دواتریش عەبدولڕەزاق بەدرخان دوور خرانەوە بۆ مەكە و عەلی شاملیش رەوانەی شاری بەنغازی لە لیبیا و ئەوانی دیكەش رەوانەی جەزائیر و ئەرخەبیل کران.

 

- لە 28-3-1981 شەڕی نێوان حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان هەلگیرسا.

 

- لە 28-3-1988، 30 ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا داوایان لە حكوومەتی وڵاتەكەیان كرد كە رژێمی بەعسی رووخاوی عێراق بەهۆی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە ئیدانە بكات، بەڵام لەلایەن حكوومەتی لەندەنەوە هیچ وەلامێكیان نەدرایەوە، چونكە رەوشی سیاسەتی نێودەوڵەتیی ئەوكات و پەیوەندی باشی رژیمی لەناوچووی بەعس لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاواو خۆرهەلات، بەهۆی بوونی بەرژەوەندیی بازرگانی و ئابورییەوە لە سەرئاستی جیهانی، ئەو کردەوەیەی حکوومەتی بەعسی عێراق مەحكووم نەكرا.

 

- لە 28-3-1991 سوپای رژێمی بەعسی رووخاوی عێراق دووبارە هێرشی كردەوە سەر شارۆچكەی پردێ و نزیكەی 100 هاووڵاتیی بە تۆمەتی ڕاپەڕین دەستگیر كرد و دواتریش گوللەباران كران.

 

- لە 28-3-1995 جەوهەر نامیق سالم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و فرسەت ئەحمەد عەبدوڵلا سكرتێری پەرلەمان بە ناوی هەموو ئەندامە پەناگیرەكانەوە بەمەبەستی سەركۆنە كردن و راگرتنی شەڕی ناوخۆی باشووری كوردستان، نامەیەكیان ئاڕاستەی پەڕلەمانی ئەورووپا و خاتوو دانیال میتران و سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان و سەرجەم رێكخراوەكانی (میدڵ ئیست وچ ) و (ئەمنستی ئەنتەرناشناڵ) و  (نووسینگەی ئێم سی سی لە زاخۆ) و رێكخراوە كوردییەكان لە دەرەوە و رێكخەری (یووئێن) لە كوردستان كرد، كەلە مانگی ئایاری 1994ەوە بەرپا ببوو و ئەوکاتە كۆمەڵێك پەرلەمانتاری كوردستان ماوەیەك وەك ناڕەزایی دەربڕین لە تەلاری پەرلەماندا مانگرتنیان بەڕێوە برد.

 

- لە 28-3-2000 دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی خانی لە شاری دهۆك دامەزرا.

 

- لە 28-3-2015  هێزەكانی پێشمەرگە بە هاوكاریی فرۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان ژمارەیەك بنكەی تیرۆریستانی داعشیان لە  شنگال بۆردومان كرد و بەپێی سەرچاوە هەواڵگرییەكان زیاتر لە 30 تیرۆریستی داعش كوژران.

 

- لە 28-3-2017 ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لە دانیشتنێكدا پرۆژەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی لە شارەكە پەسەند كرد. لە دانیشتنەكەدا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن، هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك پەسەند كرا و بەپێی بڕیارەكە دەبێت لە سەرجەم فەرمانگەكانی پارێزگای كەركووك ئاڵای كوردستان لەگەڵ ئاڵای عێراق هەڵبكرێت. دوای پەسەندكردنی ئەو پڕۆژە بڕیارە، ئاڵای كوردستان لەسەر باڵەخانە حكوومییەكان و شوێنە گشتییەكان هەڵكرا و هاووڵاتییان و چین و توێژەكان و زۆربەی پێكهاتەكان بە گەرمی پێشوازییان لەو بڕیارە كرد، بەڵام دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕووداوی 16ی ئۆکتۆبەر حەشدی شەعبی و پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک دژی ئەو بڕیارە وەستانەوە و ئاڵای کوردستانیان لە کەرکووک قەدەغە کرد.