كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پاسپۆرتی ھەڵەبجە وەک لقێکی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی کراوەتەوە

بەرپرسێکی حزبی ئاشکرای کرد کە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی ھەڵەبجە وەک بەڕێوەبەرایەتییەکی سەربەخۆ نەکراوەتەوە و لقێکە لە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی.

بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی ھەڵەبجە کرایەوە و بەشێک لە میدیاکانی سلێمانی وەک دەستکەوتی ھەوڵەکانی چەند بەرپرسێکی لایەنێکی سیاسی بانگەشەیان بۆ کرد. لە بەرامبەردا سەلام کەریم، ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کە خۆی لە ھەڵەبجە دەژی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەوەی کراوە، لقێکی پاسپۆرتی ھەڵەبجەیە و سەر بە سلێمانییە و لە پاسەپۆرتیش وانووسراوە".

ڕوونیشی کردەوە کە لە ھەر پارێزگایەکدا بەڕێوەبەرایەتییەکی پاسپۆرت ھەیە و ”ئێمە ھەڵەبجەییەکان بەوە دڵخۆش بووین کە پارێزگاکەمان بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سەربەخۆی دەبێت، بەڵام ئێستا ھەڵەبجەییەکان بێ ئومێدن لەوەی ئەمەی کراوە لقێکی پاسەپۆرتی سلێمانییە لە ھەڵەبجە، ھەروەک چۆن لە کەلار و شوێنەکانی دیکە ھەیە".

ھەر لەمبارەیەوە رێبین رەحیم، چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ھەڵەبجە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ”ئەگەر پاسەپۆرت بۆ ھەڵەبجەییەکانە، دەبێ ئەو پاسەپۆرتەی دەردەچێت ناوی پارێزگای ھەڵەبجەی لەسەر بێت، ئەوەی کراوە خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و لقێکی پاسپۆرتی سلێمانییە ھێنراوەتە ھەڵەبجە، سەرجەم کارمەندەکانیشی لە سلێمانییەوە ھێنراون تەنانەت یەک کارمەندیشی ھەڵەبجەیی نییە“.

ڕوونیشی کردەوە کە ئەگەر ھەڵەبجە بووە بە پارێزگایەکی سەربەخۆ، ئەوا دەبێت دامەزراوەکانیشی سەر بە خودی پارێزگاکە بن نەک پاشکۆی دامەزراوەکانی پارێزگای سلێمانی بن.

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، (باسنیوز) پەیوەندی بە بەرپرسانی ئیدارەی پارێزگای ھەڵەبجەوە کرد، بەڵام لەمبارەیەوە ھیچ زانیارییەکیان نەخستە ڕوو.